گەرمداهاتنی زەوی و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و گەشەی خێرای دانیشتوان و فراوانبوونی شارەکان و کەمدا گەڕابی رێژەی باران، کوردستان و عێراق و ئەم ناوچەیەی گیرۆدەی قەیرانی کەمئاویی و وشکەساڵی کردووەتەوە، بە ئەندازەیەكی وا کە لە ٥٠ ساڵی رابردوودا وشکەساڵی بەمجۆرەی بەخۆیەوە نەبینیوە.
ئاوی شیرین، کە تا رابردوییەکی نزیک وەک کاڵایەکی زۆر و زەبەند و خۆڕایی سەیر دەکرا، ئێستا رۆژ بەڕۆژ بەنرختر و دەگمەنتر دەبێ و وەک کاڵایەکی ستراتیجی بواری ئابووری و سیاسەت هەژمار دەکرێت.
بەسرە ئەو پارێزگایەی کە لە هەموو شارەکانی دیکەی عێراق ئاوی زیاترە، بەڵام خەڵکی ئەوێ بە ناچاری ئاو دەکڕن، شەتولعەرەب بە درێژایی نزیکەی 200 کیلۆمەتر بە پارێزگاکەدا تێپەڕ دەبێت، بەڵام دابەزینی ئاستی ئاوەکەی، وای کردووە کە ئاوی کەنداو بڕژێتە رووبارەکەوە، ئەمەش ئاوەکەی سوێر کردووە و بە کەڵکی خواردنەوە نایەت.
بارودۆخی ئاو لە جیهاندا خراپە و، لە عێراقدا خراپتر. عێراق چەندین ساڵە بە دەست کێشەی کەمئاوییەوە دەناڵێت، بەڵام لەم چەند ساڵەی دواییدا هەستی پێ کردووە. (بەسرە) نموونەیەکی بەرچاوە، بۆ ئەوەی ببینین عێراق لە بارودۆخێکی چەند ترسناک دایە. ژێرخانی ئاوی عێراق وێرانە، ئەمەش هۆکاری خۆی هەیە. یەکێک لە هۆکارەکانی وێرانبوونی ژێرخانی ئاوی عێراق، جەنگی هەشت ساڵەی نێوان (عێراق و ئێران)ـە، کە هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن، نزیکەی (٢ملیۆن) کەس کوژران و بریندار کەوتن، لەم شەڕەدا چەکی کیمیایی بەکار هێنرا، بە ملیۆنان مین تەقێنرانەوە، ملیۆنان دار بڕا و چەندین جەنگەڵ وێران کرا. دوای ئەم وێرانکارییە، جەنگی یەکەمی کەنداو دەستی پێکرد، لە جەنگی (عێراق ـ کوەیت) بەپێی هەندێک لە سەرچاوە نافەرمییەکان، نزیکەی (205000) کەس کوژران و بریندار کەوتن، نەوت وەک رووبار بەسەر زەویدا رژا. (300) تەن یۆرانیۆم و ماددە ژەهراوییەکانی تر لەلایەن عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانانەوە بەکار هێنران. بۆیە بەهۆی ئەم شەڕانەوە سیستەمی ئاو بەتەواوی وێران کرا؛ کە جەنگ نەما، بۆ ماوەی (13) ساڵ لەنێوان (1990 تاکو 2003) گەمارۆی ئابووری خرایە سەر عێراق، ئەم گەمارۆیە لەسەر خواردنیش دانرا، تا دواتر بەرنامەی نەوت بەرامبەر خۆراک چەسپا و خواردن و دەرمانی پزیشکی بۆ خەڵکی عێراق رەوانە کرا. گەمارۆ خرایە سەر ئەو ئامێرانەی عێراق پێویستی پێ بوون بۆ چاککردنەوەی سیستەمی ئاوی خۆی. رێژەی شێرپەنجە سێ بەرامبەر بەرز بووەوە، رێژەی لەدایکبوون حەوت بەرامبەر کەم بووەوە. دواتر لە ساڵی (2003) هێرشی هاوپەیمانان بۆ ئازادکردنی عێراق ئەنجامدرا. هەندێک سەرچاوە گریمانەی ئەوەیان دەکرد، کە (1033000) کەس کوژران و بریندار کران. (100) تەن لە یۆرانیۆم لەم جەنگەدا بەکار هێنرا، رێژەی لەدایکبوون لە شاری (بەسرە) (17) بەرامبەر کەم بووەوە. هەموو ئەمانە هۆکار بوون بۆ ئەوەی عێراق بەم رۆژە بگات.
ساڵی (1992) کێشەی ئاوی عێراق دەستی پێکردووە، بەڵام ئاسەوارەکەی ئێستا بەدیار کەوتووە. لە ساڵی (1992) تورکیا(22) بەنداوی ئاوی دروست کرد، کە ئەمەش کاریگەریی زۆری خستە سەر ئاوی هەردوو رووباری دیجلە و فورات. تورکیا 60 لە سەدی ئاوی دیجلە و نزیکەی 97 لە سەدی ئاوی فوراتی لەژێر دەستدایە. کۆمەڵەی ئەوروپی پێی وایە، کە دوو لەسەر سێی ئاوی عێراق بەهۆی ئەو بەنداوانەی دراوسێکانی دروستیان کردووە کەمی کردووە. نەبوونی ئاوی خاوێن لە عێراقدا، لە بەسرە زیاتر لە هەر شوێنێکی تر بەئاشکرا دیارە. بەسرە لەکۆتایی هەردوو رووباری (دیجلە و فورات)دایە، بەهۆی کەمیی ئاوەوە لەو شارە، رێڕەوەکانی ئاو بە زۆری بوونەتە شوێنی زبڵ و خاشاک، کاتێک ئاو نەبێت، ئەوا خوێی ئاوی کەنداو دێتەوە ناو شاری بەسرە، لەڕاستیدا ئەوەی کە خەڵکی بەسرە دەیخۆنەوە، ئاو نییە، بەڵکو زبڵ و خاشاکە.
جگە لە رووبارەکانی دیجلە و فورات، پێشتر رووباری کارۆن و کەرخە کە لە ئێرانەوە دەگەنە خاکی عێراق، دەڕژانە شەتولعەرەبەوە و بەوهۆیەوە رێگەیان نەدەدا ئاوەکەی سوێر بێت، بەڵام بەهۆی گرتنەوەی ئاوەکە لە لایەن ئێرانەوە، ئاوی رووبارەکە سوێر بووە و بۆ خواردنەوە ناشێت.
چارەسەر
لەڕاستیدا، چارەسەری کێشەی ئاو لە هەموو جیهاندا بریتییە لە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشاریی خەڵک و باش بەکارهێنانی ئاو، بە جۆرێک کە زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانیدا نەکرێت، بەڵام چارەسەری کێشەی ئاو لە عێراقدا لە دەست عێراق نەماوە، خەڵک دەتوانێت بە هۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئاودا بکات، بەڵام ئەمە رێژەیەکی کەمی چارەسەرە بۆ کێشەی ئاو. چارەسەری بنەڕەتی بریتییە لە گفتوگۆکردن لەگەڵ تورکیا، دواتر لەگەڵ ئێران و سووریا. هەروەها عێراق دەتوانێت سوود لە یاسا نێودەوڵەتییەکان وەربگرێت، کە جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، نابێت هیچ وڵاتێک ئاو بکاتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر وڵاتێکی تر.