رۆژنامەی ھەولێر

ئاسایشی هەولێر ئەو تۆمەتبارەی دەستگیر كرد كە هەڵسابوو بە كوشتنی برایەكی خۆی

ئاسایشی هەولێر ئەو تۆمەتبارەی دەستگیر كرد كە دوو رۆژ بەر لە ئێستا لە گوندی دووشیوان هەڵسابوو بە كوشتنی برایەكەی خۆی بەهۆی كێشەیەكی كۆمەڵایەتییەوە.

ئاسایشی هەولێر رایگەیاند: لە ڕێکەوتی 28/4/2026 لە گوندی دووشیوانی سەر بە قەزای قوشتەپەی شاری هەولێر، لە ڕووداوێکی کوشتن ئاگادار کراینەوە کە هاووڵاتییەک بە ناوی (مالیک ئەنوەر ئەحمەد) پیشەی شوانی مەڕوماڵاتە و لە شوێنێکی چۆلەوانی کوژراوە.

راشیگەیاند: دەستبەجێ لەلایەن تیمی تاوانەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان دەست بە ئەنجامدانی بەدواداچوون کرا و ناسنامەی تۆمەتباری بکوژ ئاشکرا کرا کە دەکاتە برایەکی کوژراوەکە.

هەروەها رایگەیاند: دوای ڕەزامەندی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، تۆمەتباری بکوژمان دەستگیر کرد بەناوی (د، أ، أ).

ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوەش دا كە لە لێکۆڵینەوەکان تۆمەتبار دانی بە تاوانەکەیدا ناوە کە لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی هەڵساوە بە کوشتنی براکەی خۆی .