رۆژنامەی ھەولێر

کارەساتەکەی کەرکووک قوربانیی حەوتەمی لێکەوتەوە

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، یەکێکی دیکە لە بریندارانی ڕووداوە هاتوچۆ خوێناوییەکەی گەڕەکی دەروازەی شاری کەرکووک، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانە گیانی سپارد، بەوەش ژمارەی ئەو کەسانەی لەو ڕووداوەدا گیانیان لەدەستداوە گەیشتە ٧ کەس.

بەپێی زانیارییەکان، “بەیان ڕەحموڵا فەتحوڵا” کە لە ڕووداوەکەی ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوودا بە سەختی بریندار ببوو، دوای چەند ڕۆژێک مانەوە لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدا لە نەخۆشخانەی گشتیی کەرکووک، بەهۆی ناجێگیریی ڕەوشی تەندروستییەوە کۆچی دوایی کرد.

ڕووداوە کارەساتبارەکەی گەڕەکی دەروازەی کەرکووک، ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو کاتێک ڕوویدا کە بارهەڵگرێک بەهۆی پەککەوتنی سیستمی وەستان (برێک) و لەدەستدانی کۆنتڕۆڵ، خۆی کێشا بە ٣٥ ئۆتۆمبێلدا کە لەسەر شەقامی سەرەکی وەستابوون، ئەمەش جگە لە زیانی ماددی زۆر، کارەساتێکی مرۆیی گەورەی لێکەوتەوە.

بە گیانلەدەستدانی ئەم بریندارە نوێیە، کۆی گشتی گیانلەدەستدان لەو ڕووداوەدا گەیشتە ٧ کەس، ئەمە لەکاتێکدایە کە هێشتا ژمارەیەک برینداری تری هەمان ڕووداو لەژێر چاودێریی پزیشکیدان و چارەسەر وەردەگرن.