هونەرمەند “قادر جەلال” یەک لە ئەکتەرە دیار و سەرکەوتووەکانی درامای کوردی، ڕۆژنامەی “هەولێر” چەند پرسیارێکی ئاراستە کردووە دەربارەی کارەکانی پێشتری و نوێترین کاری.
٭ ماوەیەکی زۆرە لە کاری هونەریدا دیارت نییە، هۆکاری ئەمە چییە و بۆ چ شتێک دەیگەڕێنیتەوە؟
ـ من ساڵانە بەشداری کاری هونەری دەکەم لە دراما و فیلمی درێژ و کورتەفیلم، نەوەستاوم.
٭ دەتوانین بڵێین دراما خۆشەویستترینە لەلای تۆ، یان تۆ زیاتر ئەکتی درامیت بە لاوە ئاسانترە؟
ـ دراما کارێکی هونەریی گەورەیە، بینەرێکی زۆر دەیبینێ لە زیاتر لە ١٨ دراما بەشداریم کردووە، دراما لای من زۆر خۆشترە.
٭ لە نێوان هونەرمەندان “ماهیر حەسەن و ئەحمەد جۆڵا”دا زۆر کارت کردووە، تۆ لەگەڵ کامیاندا ئاسوودەتریت ؟
ـ کاک “ماهیر حەسەن و کاک ئەحمەد جۆڵا” دوو ئەکتەری گەورەن من لەگەڵ هەردوکیاندا ئاسوودەم، ئەوان جوانی و تایبەتمەندیەتیی خۆیان هەیە.
٭ ئەوەندەی ئاگەدار بم ئێستا سەرقاڵی کارێکی هونەرین، دەتوانین بزانین ئەو کارە چییە و تۆ بە چ ڕۆڵێک بەشداری تێیدا؟
ـ من تازە لە کاری درامایەک بوومەتەوە بە ناوی باران لە نووسینی کاک کامەران نووری گوڵاڵەیە، دەرهێنانی کاک ئاکۆ عەزیزە؛ بە لای منەوە کارێکی نوێ و ناوازەیە ماوەیەکی تر پەخش دەکرێت.