هونەرمەند ڕۆژ كەریم كە ئێستا لە وڵاتی سوید دەژیێت درێژە بە كارە هونەریەكانی دەدات، بەڵام زورترین كاتیش چاوی لەسەر ڕاگەیاندنە كوردیەكانە؛ لەم گفتوگۆیەدا بۆ “هەولێر” دەڵێت:” چەند میدیاكارێك كە بەپەنجەی دەست دەژمێردرێن لە چەند دەزگایەك كاری میدیای دەكەن ئەوەش دەڵێت:” بەرنامەو بڵاوكراوەكانی تەلەفزیۆنو شۆسیال میدیا پێویستە بە فیلتەرێدا بڕۆن دەبێت نەك حكومەت خەڵكیش ئەوە قەبوڵ نەكات”.
هەولێر: ئێستا چی بەرهەمێكی نوێی هونەریت هەیە؟
ڕۆژ كەریم: نوێترین كاری هونەریم گۆرانی (ساڵانێك) كە كاری كلیپی بۆ كراوە هۆنراوەی مازیار فایەق ئالان مامیل كاری سۆلۆی بۆ كردوە و موزیك و ئاواز دانانی خۆمم، لەستۆدیوی خۆم لە سوید تۆمار كراوە بەم زوانە بڵاو دەبێتەوە”.
هەولێر: ماوەیەك بەر لە ئێستا لە سوید گەڕیتەوە بۆ كوردستان و بەتایبەت زۆر لە شاری هەولێر مایتەوە بۆ لایف موزیكەكانت جیاواز لە شاری سلێمانی كە شاری خۆتە بۆچی؟
ڕۆژ كەریم: پێم وایە حاڵەتێكی نۆرماڵە هەر هونەرمەندێك لە تاراوگە بێتەوە كوردستان و لە هەولێر بێت یان لە سلێمانی كاری موزیكی خۆی بكات؛ بۆ زیاتر لە شاری هەولێربوم بەڵێ وایە، لەگەڵ ئوتێل ماریانا گرێبەستم هەبوو هەموو دووشەممە و پێنجشەممانێك لایف موزیكم هەبوو لەسەر بانگێشتی ئەوان گەڕامەوە كوردستان؛ بیریشمان نەچێت لە سلێمانییشدا لایف مەوزیكم هەبووە”.
هەولێر: ماوەیەك پێش ئێستا ناساخ بوویت هۆكارەكەی چی بوو؛ ئێستا تەندروستیت چۆنە؟
ڕۆژ كەریم: لە كاتی كاركردندا كەلوپەل بەر شان و ملم كەوت، بەو هۆیەوە زۆر ئەزیەتم بوو، نەشتەرگەریەكی گەورەم بۆ کرا، چەند فەقەرەیەکی ملیان بۆ گۆڕیم، ئێستا زۆر باشم”.
هەولێر: منداڵیت چۆن گوزەرا.. سەركێش و یاخی بوویت یان هێور و لەسەرخۆ؟
ڕۆژ كەریم: ئەوەندەی خۆم بزانم و لەدایكم و كەسوكارەكەمم بیستبێت منداڵێكی هار و بێزاركەر نەبووم، بەڵام پێم وایە لەنێوان هەردووكیاندا بووم واتە نە زۆر هار و نە زۆریش لەسەرخۆ، چونكە شێوازی ژیانی منداڵی هەروایە.
هەولێر: سەرەتا چۆن زانیت دەنگت خۆشە و یەكەم كەس كێ گوێی لە دەنگت گرت و هانی دایت؟
ڕۆژ كەریم: سەرەتا محەمەدی برام گوێی لە دەنگم گرت، پاشان ئەو كات لە رێگەی قوتابخانەوە، كە تاقیكرنەوە و هەڵسەنگاندیان بۆ خوێندكاران دەكرد، بەشداریی گۆرانیگوتنێکم كرد، كە پێیان دەوت كەشافە،، منیش بەشداریم تێدا كرد، چەند كەسێك مۆسیقایان لێ دەدا و منیش گۆرانیم دەوت، ئیتر دواتر بۆم دەركەوت دەنگم خۆشە بەردەوام بووم دەستم كرد بە گۆرانیوتن.
هەولێر: هونەرمەندە گەنجەكان، تا چەند سوودیان لە ستۆدیۆكەت بینیوە و، تا چەند هاوكارییان دەكەیت؟
ڕۆژ كەریم: ستۆدیۆیەكەم زیاتر دروستكردنی گۆرانیە، خۆم ئاوازەكە دادەنێم و مۆسیقاكە دروست دەكەم، ئەو كەسانەی لە وڵاتی سوید كارم بۆ كردوون، ئەو گەنجانەن لە دەرەوەی وڵاتدا دەژین، زۆرترین ئەو كەسانەی لە دەرەوەی وڵات كاری هونەری دەكەن گەنجانن، هەرچەندە كاری هونەریم لەگەڵ نەجەمەی خوڵامی و ژمارەیەك گەنجی كوردستان كردووە، وەك ڕەوا جەمال و جێگر و میدیا حسین و هیتریش.
هەولێر : سەرنجت چییە لەسەر ئەو میدیاكار وكەناڵە میدیاییانەی گرنگی بە جۆرە هونەر و بە ناو هونەرمەندێک دەدەن كە لە ڕووی داهێنان و كوالێتی هونەرییەوە ئاستیان نزمە؟
ڕۆژ كەریم: بە دەگمەن لەچەند كەناڵێكدا چەند میدیاكارێك دەبینرێت و ماونەتەوە، ئەمانەی ئێستا هەن وەك میدیاكار خۆیان نیشان دەدەن، میدیاكار نین خۆیان هەزەلی دەكەن، ئەسڵەن نازانن قسە بكەن، پێش ئەوەی بەرنامەی تەلەفزیۆنەیەكە بڵاو بكرێتەوە دەبێت بەچەند فیلتەرێكدا بڕوات؛ نابێت هەروا بە ئاسانی هەرچی هەیە پەخش بكرێتەوە، چونكە پەخشی تەلەفزیۆین دەچێتە هەموو ماڵێكەوە، دەبێت خەڵكی ئەوە قەبووڵ نەكات هەموو وشەیەک بەرگوێی كەوێت؛ میدیاكاری ڕاستەقینە ئەوەیە لەپێناوی پیشاندانی جوانیی وڵاتەكەیدا هەوڵ دەدات.
هەولێر: لە كاتی گۆرانی گوتندا ڕوخسارت غەمگین دەردەكەوێت، خۆت وایت یان وا خۆت نیشان دەدەیت؟
ڕۆژ كەریم: هێندە غەمگین نیم لە ڕاستیدا، نازانم هێندە سەیری ئەوەم نەكردووە ئاخۆ جیاوازیەكی ئەوتۆ هەبێت لەنێوان ڕوخسارم لە كاتی گۆرانیوتن و كاتی ئاساییدا، بەس گۆرانیش وەها پێویست دەكات بەپێی كەلیماتەكان ڕوخسارت نیشان بدەیت.
هەولێر: وە ك هونەرمەندەكانی تر نیت و كەم كەم دێیتەوە بۆ كوردستان، هۆكاری ئەمە چییە؟
ڕۆژ كەریم: هیچ بزنزو بازرگانیەكم لەكوردستان نیەو لە وڵاتی سویدیش ژیانی ئاسایی خۆم بەسەر دەبەم ژن و منداڵم هەیە، بەیانیان زوو دەچمە سەر كارە ئاساییەکەم؛ دوای كاركردن دێمەوە ماڵەوە، لە ساڵێكدا چوار هەفتە پشووم هەیە، ئەو چوار هەفتەیەش هەوڵ دەدەم بێمەوە دایكم ببینم.
هەولێر: ئایا كەسیكی تایبەت هەیە لە ژیانتا كە گۆرانییەكی تایبەتت بۆ وتبێت؟
ڕۆژ كەریم: بەڵێ كەسێكی تایبەت هەیە لە ژیانمدا گۆرانیم بۆ وتبێت، گۆرانیی ئەی سەروەرم! بۆ خاڵم وتوومە، گۆرانیە ئاشقانەكانم بۆ زۆر كەسی دیكە