دوای دەست لەکارکێشانەوەی ستافی دەستەی کارگێڕی پێشووی یانەکە، لە ئێستەدا ستافێک بەشێوەیەکی کاتی ئەرکی کارگێڕی یانەی رانیەیان وەرگرتووە، ماوەی چەند هەفتەیەکە یانەکە سەرقاڵی نوێکردنەوەی گرێبەستی کۆمەڵێک یاریزانە، دوێنێیش بەشێوەیەکی فەرمی یانەکە ستافی راهێنەرانی دیاریکرد و لەچەند ڕۆژی داهاتوو مەشق و ڕاهێنانەکانی یانەکە بۆ وەرزی نوێ دەسپێدەکات.
بەشێوەیەکی جیاواز بەشداری خولی پلە یەک دەکەن
دەستەیەکی کاتی کە پێکهاتوون لە بەرپرسانی دام و دەزگا وەرزشیەکانی رانیە، بەشێوەیەکی کاتی ئیش و کارەکانی کارگێڕی یانەکە بەڕێوەدەبەن، یانەی رانیە وەرزێ ڕابردوو بەشێوەیەکی زۆر باش لە خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان دەرکەوت و تا دواین ساتەکان ڕکەبەری سەرکەوتن بۆ گەیشتن بە خولی نایابی کوردستانی دەکرد، بەڵام دواجار بە جیاوازی چەند خاڵێک نەیتوانی بگاتە خولی نایابی کوردستان، تاکە یانە بوو لەسەرجەم خولەکانی کوردستان کە کەمترین گۆڵی لێ تۆماربکرێت.
بۆ ئەو وەرزەی خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان، ئاکۆ عەبدوڵڵا ڕاهێنەری پێشووی یانەی چوارقوڕنە وەک ڕاهێنەری تیپەکە دەستنیشانکراوە، کە پێشتریش ناوبراوە چەند جارێک ڕاهێنەری یانەی ڕانیە بووە، هەروەها سەفەر ڕەمەزانیش سەرپەرشتیاری یانەی ڕانیە دەبێت و لەچەند ڕۆژی داهاتوویش یاریدەدەر و ڕاهێنەری گۆڵپارێزانی تیپەکە دەستنیشاندەکرد.
بە مەبەستی دروستکردنی پێکهاتەیەکی بەهێز یانەکە پلانی ئەوەی هەیە کە بەشێوەیەکی جیاواز و بەبەرگێکی نوێوە خۆی بۆ خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان ئامادە بکات، جگە لە یاریزانانی ناوخۆی شارەکە و دەڤەرەکە، گرێبەست لەگەڵ چەندان یاریزانی دەرەوەیش واژوو دەکەن.
گرێبەستی چەند یاریزانێک نوێکراوەتەوە
بەرلەوەی یانەکە ستافی ڕاهێنەران دەستنیشان بکات، چەندان یاریزان کە وەرزی ڕابردوو لە یانەکە یارییان کردووە، گرێبەستەکانیان لەگەڵ یانەکە نوێکردەوە، ئەوانیش ئەمانەن، دەشتی عەبدوڵڵا گۆڵپارێزی یانەکە، وەرزی ڕابردوویش بەرگری لە تۆڕی یانەی ڕانیە دەکرد، لە هێڵی بەرگریش هەریەک لە یاریزانان کاردۆست و ئارام بابانی گرێبەستەکانیان نوێکردۆتەوە، کاپتن و ناوەڕاستکاری یانەکە سامان بورهان یەکێکی ترە لەو یاریزانانەی کە بۆ ئەم وەرزەیش گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە نوێکردۆتەوە، لە هێڵی هێرشبەریش ئەحمەد میکائیل واژووی لەسەر گرێبەستی یانەکە کردوو، یەکێک دەبێت لە یاریزانانی ئەم وەرزەی یانەی ڕانیە.
بڕیاریش وایە یانەکە لەماوەیەکی نزیکدا گرێبەستی یاریزانانی تریش واژوو بکات و وەک ئامادەکاری کەمپێکی مەشق و ڕاهێنان دەکاتەوە و چەند یارییەکی دۆستانەیش ئەنجام دەدات.