ئارام كۆشكی – سلێمانی
شیکردنەوەی دەروونی چییە؟ چۆن کار دەکات و ئەو کێشانە چین کە کاریان لەسەر دەکات؟ ئەمە ئەو سێ پرسیارە بنەڕەتییەیە کە زۆربەی خوێنەرانی دەروونشیکاریی لە هزریاندا گەڵاڵە بووە و لە کاتی خوێندنەوەدا بەدوای وەڵامەکانییدا دەگەڕێن. بێگومان وەڵامی ئەم پرسیارانە هەر وا ئاسان نییە، بەتایبەت لەو کتیبە تیۆرییە دەروونشیکارییەکان چنگ ناکەوێت، یان چنگکەوتنی ئاسان نییە، بەڵام لەو کتێب و گوتارە پراکتیکیانەی دەروونشکاراندا ئاسانتر دەست دەکەوێت.
کتێبی “چەند کێشەیەک، کە شیکردنەوەی دەروونی کاریان لەسەر دەکات” یەکێکە لە کتیبە گرنگ و سەرچاوە دەگمەنەکان کە وەڵامی ئەو پرسیارانەی سەرەوە دەداتەوە، یان هەوڵی وەڵامدانەوەی دەدات. ئەم کتێبە کۆمەڵێک دەروونشیکاری گەورە نووسیویانە و شیکردنەوەکانی ئەوانی تێدا خراوەتەڕوو کە ئەوانیش “سیگمۆند فرۆید، ئاڵفرێد ئادلەر، کارڵ ئەبراهام، ساندۆر فینیچی، میلانی کلین، ڕۆبەرت لیندنەر” و چەند دەروونشیکارێکی دیکە. کتێبەکە لە ئامادەکردنی “ئێمیل بەیدەس” و وەرگێڕانی: کامیل محەمەد قەرەداغی-ـە و لە بڵاوکراوەکانی ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەندە.
ئەم کتێبە بریتییە لە کۆمەڵێک گوتاری هەڵبژاردە، لە کەیسەکانی بواری شیکردنەوەی دەروونی، کە لەلایەن کەسانی سەلیقەداری لایەنگری ئەم تیۆرەوە نوسراون. دیارە تیۆرەکەش بۆ خۆی ئەوەی سەلماندووە، کە تیۆرێکی بەکەڵکە، سوود و کاریگەریی خۆی هەیە. نووسەرانی ئەم کتێبە گەورە دەروونشیکارەکانن کە تا هەنووکەش کاریگەرییان لەسەر ڕەوتی دەروونشیکاریی هەیە.
لە پێشەکی کتێبەکەدا سەبارەت بە شیکردنەوەی دەروونی ئامادەکار ئەوەی خستووەتەڕوو کە “شیکردنەوەی دەروونی، ئەو دەرمانە سیحرئامێزە نییە، کە هەرچی نەخۆشی هەیە چاکی بکاتەوە، بڵێت بێخەم بە، ئەوە ئێستە ئاسودەییت بۆ دەهێنم و تۆش لەسەرخۆ بە. نەخێر، ئەم چارەسەرە توانای چاککردنەوەی هەموو شێوەکانی شێوانی عەسەبیی نییە، بەڵکو بە پێچەوانەوە، کارکردن بە ئەم جۆرە چارەسەرە لەوێوە دەست پێدەکات، کە ئاستەنگەکان ڕوون بکاتەوە و بشزانێت چ جۆرە لەمپەرێکیان بۆ دێتەپێشەوە، دەبێت هەردوولا، کە کار دەکەن، دڵنیابن لە سنوورداری شێوازەکە، لەوەش کە پرۆسەیەکی گشتی نییە و ناکرێت بۆ چارەسەری هەموو کێشەیەک پشتی پێ ببەسترێت.”
فرۆید لەو دەروونشیکارانەیە کە شێوازێکی نوێی داهێنا و ناوی لێنا شیکردنەوەی دەروونی، لە کاتی کارکردن بەم شێوازەدا نەخۆشەکە ڕادەکشا و پزیشکەکەش لە پشتیەوە دادەنیشت، بۆئەوەی نەخۆشەکە نەیبینێت. ئەمجا پزیشکەکە هەندێک پرسیاری لێ دەکرد، کە پەیوەندییان بە نیشانەکانی نەخۆشیەکەیەوە هەبوو، ئەمجا فەرمانی پێ دەکرد، کە بە وردی چیرۆکی ژیانی خۆی بۆ بگێڕێتەوە. ئەم شێوازە تا ئەمڕۆش لەناو شیکردنەوەی دەروونیدا کاری پێ دەکرێت.
کتێبەکە گەشتێکە بەنێو چەندین کەسی دەروونشیکارییدا کە شیکردنەوەی ورد لەبارەیانەوە و لە دیدگای دەروونشکارەکانەوە خراونەتەڕوو کە تاڕادەیەکیش قوتابخانەی جیا جیایە و خوێنەر بەر دیدی جیاواز لەبارەی دەروونشیکارییەوە دەکەوێت و وەڵامی ئەو پرسیارانەشی دەست دەکەوێت کە لەسەرەتاوە خستمانەڕوو. ئەوەی خاڵی سەرنجڕاکێشە لەم کتێبەدا ئەوەیە کە زمانی نووسین و شیکردنەوەکان گەلێک سادەیە و دەتوانم بڵێم کتیبی هەموو خوێنەرێکە، یان دەکرێت بڵێین ئەم کتێبە دەشێت دەروازەی ئاشنابوونی هەر خوێنەرێک بێت بە شیکردنەوەی دەروونی.