پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

قەبارەی وەبەرهێنانى ئەمساڵ ٦٨٦ ملیۆن دۆلار بووە

دکتۆر محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، سەبارەت بە بەرنامە و پڕۆژەکانی وەبەرهێنان قسەى بۆ ماڵپەڕی فەرمی حکومەتى هەرێمى کوردستان کرد و گوتی، دەستەی وەبەرهێنان بەردەوامە لە پێدانی مۆڵەت بە پرۆژەکانی وەبەرهێنان و تاوەکو ئێستا لە رێگەی پرۆژەکانیشەوە بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەلى کار بۆ زیاتر لە ١٢٠ هەزار کەس ڕەخسێنراوە.

سەبارەت بە قە بارەى وەبەرهێنان لە تەمەنى کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان د.محەمەد شوکری رایگەیاند، ٢١٣ مۆڵەت و لە ساڵی ٢٠٢٢ىش پەنچا مۆڵەتی وەبەرهێنان لە هەموو بوارەکان دراوە، و قەبارەی پارەی وەبەرهێنراویش لە ساڵى ٢٠٢٢ زیاتر بووە لە ٦٨٦ ملیۆن دۆلار، و لە سێ ساڵی کابینەی نۆیەمیش دەگاتە ٢٠٪ی تێکڕای پڕۆسەی وەبەرهێنانی ١٧ ساڵی ڕابردوو و هۆکارى زۆرى ڕێژە و قەبارەى وەبەرهێنانی بۆ ئاسانکارییەکیان گێڕایەوە کە لە سنووری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان زیاتر بۆ وەبەرهێنەران دەکرێت.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان گوتیشی:”بێشک لەم ماوەیەدا کۆمەڵێک وەبەرهێنەر و پڕۆژە کەموکوڕییان هەبووە، بۆیە بە فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠٢١ـەوە ڕێنمایی نوێ بۆ وەبەرهێنان دەرچووە، کە ڕێکخستنەوەیەکی تری وەبەرهێنان بووە لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەک بتوانرێت بە دروستی مامەڵە لەگەڵ وەبەرهێنەری ڕاستەقینە بکرێت، تا کوالێتی و توانای پڕۆژەکانی وەبەرهێنان بەرزتر بکرێتەوە.”

ئاماژەشی بەوەدا کە لە کابینەی نۆیەم دا مۆڵەتی ٥٠ پڕۆژەی وەبەرهێنان هەڵوەشاوەتەوە و پڕۆژەکانیش دراونەتە وەبەرهێنەرەکانی دیکە، چونکە گرفتییان هەبووە و نەیانتوانیوە پڕۆژەکانیان تەواو بکەن و یا خزمەتگوزارییان تێدا نەکراوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک پڕۆژە هەبووە کە لە پلانەکانیان خزمەتگوزاریی گشتیی نەبووە، بۆیە دەستەى وەبەرهێنان لە شوێنی تر خزمەتگوزارییان پێ ئەنجام داون و چەندین قوتابخانە و شوێنی گشتی و سەوزایی بە وەبەرهێنەران دروست کراون.

وەبەرهێنەرى بیانى دەهێنرێتە نێو هەرێم

د. محەمەد شوکری، باسى لەوە شکرد کە نووسینگەیەکی تایبەت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ وەبەرهێنەرانی بیانی کراوەتەوە و دەڵێت “بە فەرمانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لەناو دەستەی وەبەرهێنان نووسینگەیەکی تایبەت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ وەبەرهێنەرانی بیانی کراوەتەوە و ستافێکی بۆ دابین کراوە و خەریکی ئامادەکردنی پڕۆفایل و بزنس پلانن بۆ ژمارەیەک پڕۆژە لە ڕێگەی فەرمانگەکانی دەستە لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان، بۆ ئەوەی هەندێک پڕۆژە ئامادە بکرێن و دواتر وەبەرهێنەرانی بیانی بانگهێشت بکرێن تا بێن لەسەر پڕۆژەی وەبەرهێنانی ئامادە وەبەرهێنان بکەن، چونکە یەکێک لە گرفتەکانمان ئەوەیە ڕۆتینێکی درێژ لەگەڵ فەرمانگەکانی حکومەت هەیە، زۆر هەوڵمان داوە ئەو ڕۆتینە لە ڕێگەی شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان کەم بکەینەوە، بەڵام هێشتا ماویەتی.”

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەشی بەوەدا کە یەکێک لە ڕێگاکان بۆ کەمکردنەوەی ئەم ڕۆتینە پڕۆژەی ئامادەکراوە لە ڕووی زەوی و بزنس پلانەوە، دواتر پێشکەشی وەبەرهێنەر دەکەین و دەمانەوێت ئەم پڕۆژەیە بەم مەرجانە لەم شوێنە دروست بکەین، ئینجا ئەگەر وەبەرهێنەر قبووڵی کرد ئەو کات لە هەمان ڕۆژ مۆڵەتەکەی پێ دەدرێت و دەست بەکار دەبێت، ئەو ڕێکارانە دەبنە هۆی ڕاکێشانی وەبەرهێنەری بیانی بۆ هەرێمی کوردستان.

د. محەمەد شوکری دەڵێت:”ئومێدمان وایە بۆ ساڵی ٢٠٢٣ بە چەندین پڕۆفایلی ئامادەکراو بچینە ناو پڕۆسەی وەبەرهێنانەوە و لە ئێستاشدا لینک و کۆنتاکتمان لەگەڵ چەندین کۆمپانیا هەیە کە ئارەزوو دەکەن لە هەرێمی کوردستان کار بکەن، ئێمەش ئەوەمان دەوێت تا قەبارەی وەبەرهێنانی بیانی لە هەرێمی کوردستان زیاتر ببێت. هەروەها جگە لە هەندێک پرۆفایلی ئامادەکراو بۆ هەندێک پڕۆژەی کشتوکاڵ و پیشەسازی، بەرنامەیەکی تایبەتیشمان لەگەڵ دەستەی گەشتوگوزار هەیە و لیژنەیەکی تایبەت بۆ دروستکردنی نەخشەی وەبەرهێنانی گەشتیاری پێکهێنراوە کە چەندین پڕۆپۆزەڵی ئامادەکراو بۆ ساڵی ٢٠٢٣ هەیە و پڕۆژەی نایاب ئەنجام دەدرێت.”

وەبەرهێنەران سەرمایە دەبەنە دەرەوەى هەرێم

سەبارەت بە وەبەرهێنانی سەرمایەداران لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان د.محەمەد شوکری ڕایگەیاند:”ڕاستە خەڵک هەیە لە ناوچەکانی دیکە وەبەرهێنان دەکەن، بەڵام دەبێت لە هەرێمی کوردستان ئاسانکارییان بۆ بکرێت و دەستییان بگرین بۆ ئەوەی لێرە وەبەرهێنان بکەن، بێگومان وەبەرهێن لە دەرفەتی باش دەگەڕێت بۆ وەبەرهێنان و لە کوێ قازانجی زیاتری دەست بکەوێت لەوێ وەبەرهێنان دەکات، بۆیە ئێمە وەکو حکومەت نەمانتوانیوە ڕێگریی لە وەبەرهێنەران بکەین تا نەچن لە دەرەوە وەبەرهێنان بکەن، بۆیە ئێمە ئاسانکاریی زیاتریان بۆ دەکەین وەک لە ناوچەکانی دیکە تا لە کوردستان وەبەرهێنان بکەن بەتایبەتی لە سێکتەری گەشتیاری و پیشەسازی و کشتوکاڵی، چونکە دەمانەوێت گەشە بەم سێ کەرتەی ئابووریی هەرێمی کوردستان بدەین.”

دروستکردنی ٢٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەی بەوەدا کە بە فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە قۆناغی یەکەمدا ٢٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون دروست دەکرێت کە بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دابەش کراون. لە زۆربەی شوێنەکان زەوی تەرخان کراوە و لیژنەی باڵا بۆ جیاکردنەوەی ناوەکان دروست بووە کە پێشتر لە ڕێگەی ئۆنڵاینەوە ڕاگەیەنرابوو، یوزێرنەیم و پاسوۆردی ئەم ئەکاونتە دراوەتە پارێزگا و لیژنە، تاکوو دادپەروەری لە هەڵبژاردنی ناوەکان هەبێت، چونکە لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت ١٠٠٪ خەڵکی شایستە هەڵبژێردرێت و دواتر وردبینی و ڕێکارەکان ئەنجام دەدرێت و بڕیار وایە لە ماوەی ٢ ساڵ قۆناغی یەکەم تەواو بێت و ئەو یەکانە بدرێتە دەست کەمدەرامەت و کرێنشین و هەژاران.

غاز بە بۆرى دەگەیێندرێتە ماڵان

سەبارەت بە پڕۆژەی گەیاندنی غاز بۆ ماڵان سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان گوتی:”مۆڵەتی پڕۆژەی گەیاندنی غاز بۆ ماڵان دراوە، بە دوو قۆناغ دەبێت، یەکێیان دروستکردنی عەمبارەکانی غازە بۆ ئەوەی سەرپەرشتیی ئەم پڕۆژەیە بکەن و قۆناغێکی تر دەستنیشانکردنی کۆمپانیاکانە. لە داهاتوودا هەرێمی کوردستان واز لە بەکارهێنانی بوتڵی غاز دەهێنێت و بە بۆڕی و بە ستانداردی جیهانی غاز دەگەیەنرێتە ماڵان، کە ئەمەش لە قازانجی هاووڵاتیانە و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی وەبەرهێنانەوە بۆ خۆی سەرپەرشتی ئەم پڕۆسەیە دەکات.”

١٦ ناوچەی پیشەسازی دروست دەکرێت

سەبارەت بە دروستکردنی ناوچەی پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان، د.محەمەد شوکری رایگەیاند، بە فەرمانی سەرۆک وەزیران، پەرە بە ناوچەی پیشەسازی دەدرێت و لە بەرنامەى دەستەى وەبەرهێنانە کە ١٦ ناوچەی پیشەسازی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان و بەشێك لە قەزاكانیش درووست بكرێن و ئاسانكاریش بۆ درووستكردنی ئەو ناوچانە بكرێت تا پەرە بە بواری پیشەسازی بدرێت.

بەگوتەی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، ئێستا زۆربەی ناوچەكانی كوردستان زەوی بۆ پڕۆژەکە تەرخان کراوە و لە قۆناغی جێبەجێكردندان. لە بەشێكیشی گەیشتووینەتە قۆناغی بنیادنانی بیناسازی و ئەمساڵ و ساڵی ئایندە کوردستان دەبێتە خاوەنی چەند ناوچەی پیشەسازی كە خزمەتگوزارى تەواوی كارەبا و ئاو و رێگاوبان و ئاوەڕۆی بۆ جێبەجێ کراوە.

ڕەخساندنى ١٢٠ هەزار هەلى کار

د.محەمەد شوکری دەڵێت:”بە مەبەستی جێبەجێكردنی پڕۆژەكان لەرێگەی كەرتی تایبەتەوە جگە لەوەی قازانجە بۆ خەڵك و حكومەت و فرسەتی كار بۆ خەڵك رەخساوە، چونكە لە هەر پرۆژەیەكی نیشتەجێكردن یان پیشەسازی یان هەر بابەتێكی تر راستەوخۆ دەرفەتی زۆری كار کردن لە هەرێمی كوردستان دەڕەخسێنێت، بۆ نموونە لە دروستكردنی تاوەرێكی ٢٠ نهۆمی ٢٠٠٠ هەلی كار بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەڕەخسێنێت، ئەمە سودی ئەوەیە كە پڕۆژەیەك لە رێگەی كەرتی تایبەتەوە درووست دەكرێت، دەبێتە سەرچاوەی كار بۆ چەندین كارگەی وەك دەرگا و پەنجەرە و كارگەی شیش و چیمەنتۆ و جام و كەلوپەلی ناوماڵ و پەردە، كە هەموو ئەمانە دەبنە هۆی رەخساندنی دەرفەتی نوێی كار، بۆیە بە گشتى تا ئێستا ئێمە هەلى کارمان بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بۆ زیاتر لە ١٢٠ هەزار کەس ڕەخساندووە.”