حەمەسەعید حەسەن

مەڕۆ سەری کۆچ هەڵمەگرە!
دڵنیام تۆیە کە کوێستان دڵی بردووی
تازە ئیدی وەک درەختێ
کە با ڕەگی هەڵکەندبێ
لە هیچ بستێکی دیکەدا
ناڕوێیتەوە،
دڵنیام تۆیە کە (پاییز)
کەوای (زەردی) لەبەر کردووی
چیدی گۆرانیی ئاوێزان
بۆ وەرزی دی
ناڵێیتەوە.

(پەرۆش)

ئەوەی سەعدوڵڵا پەرۆش دەینووسێت، هاوزەمان شیعری ڕۆمانتیک و بیۆگرافیایشە، ئاخر ئەو بە شیعر ڕاستگۆیانە، ژیاننامەی خۆی دەنووسێتەوە. بە ڕووکەش وەها دیارە پەرۆش ڕووی دەمی لە کەسێکی دیکەیە، وەلێ ئەو خۆی دەدوێنێت، نەک ئەوی دی. شیعر چرپەی ناخی تاکە کەسێکە، هەر کە بوو بە هاواری خێڵ، حیزب یان گەل، ئیدی دەبێت بە شیعار. ئەوە زادەی بوێری و ڕاستگۆیی بوو، کە پەرۆش لە پێشەکیی کۆشیعری: (شەوانی تەنیایی ١٩٨٠)دا گوتی: من شیعر بۆ خۆم دەنووسم. ئەوسا ئەوانەی بە دونیای شیعر نامۆ بوون، دەیانویست خودی شاعیر کە دەبێت لە سەنتەردا بێت، بخەنە پەراوێزەوە، بۆیە لە (پەرۆش)یان دەپرسی: (کە شیعر بۆ خۆت دەڵێیت، ئیدی بۆچی بڵاوی دەکەیەوە؟) ئەوانە نەیاندەزانی، خوێنەر خۆی لە شیعری ئەو شاعیرانەدا دەبینێتەوە، کە شیعر بۆ خۆیان دەنووسن.

ھەواڵی زیاتر