بەئەمەکی ئەرکەویستی بەهەستی درکەگوڵچنپیاوێک لە جوانی هەستی و ڕێی دروستی وشەکانیبۆ ئازادی خاک هەنگاو دەنێت

ئازاد پێنجوێنی

بارانی زیوین لە دەروازەی ڕۆحیدا تک تک دەڕژێتە نێو پانتایی شارەوە، پیاوێکە سلێمانیی لە چاویدا هەڵگرتووە و خۆشی سپاردووە بە سلێمانی لەنێو وشە و خەمەکانیدا، نەوای ساز و خۆزگەی، ئاوێتە کردووە و سپاردوویەتی بە ڕووماڵێک لە جوانی، تا بۆ هەمیشە ببنە یادەوەری و هەڵوێست، لە دڵی سلێمانیدا، هەموو جارێکیش هەنگاو بەسەر کووچە و کۆڵانەکانیدا دەنێ. هەناسە و ئازارەکانیشی بەدوای خۆیدا ڕادەکێشێت تا لە ڕەوسەی هەناویدا پەندی ژیان بنووسێتەوە و بیکاتە باران و تەواوی کانی و کارێزی شاخانی پێ تەڕوپاراو بکات؛ هەر ئەم زاتەیە بۆ ئازادی ئەم خاکە هەنگاو دەنێ ڕۆحیشی واز ناهێنێ تاکو پەروانەئاسا کڵپەی ئاگری ناخی ئازار چەشتووی ئەم شارە نەستێنێ، چەندە ناوازەیە دیدی ئەم پیاوە کە هەموو چرکەیەک دەڵێ:
سلێمانیم تیشکی خۆری ئاسمانم
من بارانم
کارێز و کانیی شاخانم
دڵ و گیانم
شەپۆلم دەڕۆم و دێم
ناسرەوم
لە خاکێکی خاچدراودا
مل ئەنێم
جوانی هەستم ڕێی دروستم
لێ ناگەڕێن
بۆ ئازادی ئەم خاکە هەنگاو ئەنێین
دەنگم… هاوارم… ئازارم، وەک پەروانە
واز ناهێنم تا کڵپە لە ئاگر بە ڕۆح نەسێنم

ئەم زاتە هەمیشە دەڵێ ئەو بنەماڵەیەی جێپەنجەی لە دروستبوون و خزمەتی ئەم شارەدا نەبووبێ نابێ بڵێ خەڵکی هەڵقوڵاوی ئەم شارەم ناوی محەمەد جەزا عەبدوڵایە نازناوی شیعر و ئەدەبی، گوڵچنە؛ خدر ئاغای باپیری لە کاتی دامەزرانی سلێمانیدا مزگەوتێکی لە گەڕەکی شێخاندا دروست کردووە بە ناوی مزگەوتی بن تەبەق؛ ڕۆستم ئاغای ئامۆزای لە گەڕەکی سەرشەقام مزگەوتێکی دروست کردووە ناوی لێ ناوە حاجی مەلا عەلی؛ هەردوو مزگەوتەکە شوێنگرەوەی قوتابخانەی ئەو کاتە بوون؛ لە ساڵانی 1874 ـ بۆ 1876 کاتێک شاری سلێمانی بابانیەکان ئاوەدانیان کردەوە و دروستیان کرد کە لە دەڤەری پشدەرەوە هاتبوونە قەڵاچوالان و دوایی سلێمانی ئەوا بنەماڵەی بەڕێزی ئەم ئەدیب و شاعیرەش کە ناسراوە بە گوڵچن بەم شێوەیە هاتوونەتە شارە حەیاتەکە ئاخر باپیری، عەبدوڵا ئاغا لەو سەردەمەی حکوومەتی بابانیەکان لە قەڵاچوالان قائیمقام بووە؛ گوڵچنی خاوەن ئەندێشەیەکی فراوان پیشەکەی و بوارە ئەدەبیەکەی زۆر بە جوانی ئاوێتە کردووە؛ پۆلیسی و نووسین دوو دنیای جیاواز بەڵام گرێدانێکی جوان و خزمەتێکی بەرچاوی هەردوو بوارەکە بووەتە خەونی گەورەی هەموو جارێکیش کە لێی دەپرسین لە وەڵامدا دەڵێ:
“ئەی مەگەر سلێمانی شاری ڕۆشنبیری و هەموو پێکهاتەکان نیە؟ کەوابێ پۆلیسیش دەبێ جێپەنجەی دیار بێ و خۆنواندنی کارامەیی خۆسەلماندنە لە هەموو بوار و پیشەیەکدا”
ئەم نووسەرە لە خۆشەویستی بۆ سلێمانی و، زێوەری شاعیری گەورە کە خاڵی باوکیەتی و نووسەری دیاری کورد، جەلالی میرزا کەریم، شاعیری توانای ڕوانگە کە ئامۆزایەتی بوونەتە سەرچاوەی ئیلهامی نووسین و شیعرەکانی؛ کاکە محەمەد جەزا هەمیشە دەڵێ ئەم هەنگاوانەی بنەماڵە کە لەم شارە جوانەدا بوونەتە سایە و حەسار هیوادارم ببێتە هەنگاوی بەردەوامی بۆنەوەکانی داهاتووی بنەماڵەکەم و هەرگیز ڕێگای ئێمە ون نەکەن، لە خزمەتکردنی ڕۆشنبیری و ڕۆشنکەرەوەی شاری سلێمانی و با هەموومان بڵێین سلێمانی لە شەوقی تۆیە، لە میهری تۆیە دەسازێین بە دیدەنیت، بە ڕووناکیت، بە جوانیەکەت دەڕازێین؛ پیاوی خەمخۆری شار کاکە محەمەد جەزا خاوەنی چەندین بەرهەمی بەپێزە، کە لەنێو گەنجینەی کتێبخانەی ئەدەبی کوردی سەراپا پڕە لە وشەی جوان و چراخان و واتابەخشە هەموو نووسین و بەرهەمەکانی، تا بمێنێ بۆ مێژووی شاری سلێمانی؛ کە بەنێو لاپەڕەکانیدا گوزەر دەکەیت، دەبینی ئەم نووسەرە وەک پەروانە سووتاوە بۆ نیشتمان و تاجی وەفا و محیبەتی ناوە لەسەر سەری سلێمانی. کتێبەکانی ئاوێزانن لە ناخ و هزری هەمووماندا، ڕوماڵێک لە جوانی و نەوای ساز، دوو کتێبی شیعرین کە نائومێدی، دەڕەوێننەوە و درزی تەنهاییی هزر ساڕێژ دەکەن؛ ئەم دوو بەرهەمە شیعریەی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە چاپ کراوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی توندوتێژیکردن لە ژنان. ئەوەی جێی سەرنج و بایەخە، (پ. د. شوکریە ڕەسووڵ) و بەڕێز (پ. د. یوسف حەمەساڵح) پێشەکیەکی جوانیان بۆ نووسیوە؛ ڕەوسە، کە کتێبێکی 460 لاپەڕەییە خۆی لە چەندەها پەندی جوان و حیکمەتی ژیاندا دەبینێت (پ. د. محەمەد مەحوی) بۆ پێشەکی گوزەرێکی ئارامی بەنێو ئاسۆی پەندەکاندا کردەوە و بە چەند هەناسەیەک ئەم کتێبەی بەرز نرخاندووە.
ئەم کتێبەی نووسەر نزیکەی 200 دانەی لەنێو زانکۆکانی کوردستاندایە کە لە ئایندەدا ترووسکاییەک لە هەتاوی گۆیژە و ئەزمەڕ و پەندەکانی ئەم پیاوە خەمخۆرە دەبێتە خۆری ئاسۆی بیرکردنەوەکانی داهاتوومان.
لە کۆتا هەڵوێستماندا بۆ نووسەر و شاعیر، کتێبی بیرەوەری و هەڵوێستە کە بەڕێز مامۆستا حەسەن هەمزە، لە دەسپێکی یەکەم پەڕاودا، ئەم پیاوە بە جوانی دەناسێنێ و هەڵوێستە لەسەر بەرزنرخاندنی نووسەر دەکات محەمەد جەزا کە ناسراوە بە گوڵچن، تەمەنی ڕێگر نیە و ڕێگر نابێ لە خزمەت و نووسینەکانی وەک خۆی دەڵێ تاکو دوازهنم دەنووسم و خزمەتی خاک و نیشتمان دەکەم بە بیرم.
ئەوەتا دوو بەرهەمی جوان و پڕپێزی ئامادەیە بۆ چاپ لەژێر ناوی ئەڤۆریزم و بیرەوری و هەڵوێست بەرگی دووەم.
لە کۆتاییدا دەبێ بڵێین ئەم پیاوە بەئەمەکە بەرامبەر ئەم شارە. دەبێ خۆی و بەرهەمەکانی وەک چاومان بپارێزین چونکە بە ڕاستی کاک محەمەد جەزا و بنەماڵەکەشی خزمەتێکی بەرچاویان هەیە و هەمیشە دڵسۆز و خەمخۆری شاری سلێمانی بوون. بە هیوای تەمەندرێژی بۆ ئەم شاعیرە خەمخۆرە و پیاوی هەڵکەوتەی شار.

ھەواڵی زیاتر