پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

کوشتن و خۆکوژی لە تاک تاکەوە بەرەو دیاردە 


کوشتن و توندوتیژی لە ڕوی سایکۆلۆژییەوە ڕەوشتێکی نامرۆڤانی و ناپەسەندی کۆمەڵایەتیە کە لە ئەنجامی ناجێگیری و شپرزداگەڕانی باری دەروونیی تاکەکانەوە ڕوودەدات؛ ئەم کارە قێزەونە لە سەرەتای سەرهەڵدانی مرۆڤایەتییەوە هەبووە بەڵام، لەگەڵ زیادهەڵگەڕانی کێشەکانی مرۆڤدا ئەم دیاردەیەش ڕووی لە زیادی کردووە کە ئەگەربێتو زیاتر پەرەبسێنێت، دەبێتە ھۆی ھەڵوەشاندنەوەی دامەزراوە کۆمەڵایەتیەکان و باردۆخێکی ناھەموار دروست دەکات، کە دەبیتە ھۆی شڵەژان و دڵەڕاوکێ و ھەموو کەس لەخۆی و سەروەت و سامانی دەترسێت.

کوشتن و خۆکوشتن لە هەرێمی کوردستان ئەگەر جاران تاکەتاک و چەند حاڵەتێک بووبێت، ئێستاکە لە تاکەتاک تێپەڕیوە و بووە بە دیاردە، بە جۆرێک هیچ حەفتەیەک نیە لە ڕێگەی میدیاکانەوە گوێبیستی ئەوە نەبین کە چەند کەسێک بە هۆکاری جیاجیا کوژراون یان خۆیان کوشتووە.
بە وتەی بەڕێوەبەری گشتی ڕاهێنان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق “عێراق لەنێو وڵاتە عەرەبیەکاندا، لە پلەی یەکەمدایە بۆ حاڵەتەکانی کوشتن و ڕیژەی ساڵانەشی دەگاتە زیاتر لە ١١.٥٪‏ بۆ ھەر ١٠٠،٠٠٠ کەسێك.”
کۆمەڵگەی کوردیش کە بەشێکە لە کۆمەڵگەی عێراقی لە زۆربەی دیاردە کۆمەڵایەتیەکاندا هاوشێوەی یەکن. لە هەرێمی کوردستاندا ڕۆژانە گوێبیستی کوشتنی جۆراوجۆر دەبین، کە ھەندێکی بەھۆی توندوتیژیی خیزانیەوەیە یان لەسەر زەویوزارە، یان لەسەر دۆسیەی شەرەف یان ھەر دیاردەیەکی سادەیکۆمەڵایەتی؛ زۆر جاریش لە ھەندێك ناوچە سەر دەکێشیت بۆ شەڕی خێڵەکان و شارۆچکەیەك یان گەڕەکێك لە شارە گەورەکان، دەبێتە گۆڕەپانی جەنگ و کوژراوو برینداری لێ دەکەویتەوە، ئەم دیاردەیەش لە گۆمەڵگەی کوردیدا بووەتە جێگەی مەترسی و ڕۆژ بە ڕۆژیش لە زیادهەڵگەڕاندایە.
بە پێی یاسای ١١١ی ساڵی١٩٦٩ی عێراقی بە پێی ماددەی٤٠٥ کە لەسەر تاوانی کوشتنە، سزاکەی زیندانی هەتاهەتاییە یاخود زیندانیە بۆ ماوەیەکی کاتی، کە ٢٠ ساڵە؛ بە پێی ماددەی ٤٠٦ کە بۆ کوشتنی بەمەبەست (ئەنقەستە) ئەوا سزاکەی لەسێدارەدانە.
هەروەها سەبارەت بە خۆکوشتنەکان لە یاسادا، سزا بۆ ئەو کەسانە دانراوە کە هانی کەسێک دەدەن کە خۆی بکوژێت، بە پێی مادەی ٤٠٨ی یاسای سزادانی عێراقی هەموارکراو لە هەرێمی کوردستان، کاتێک کەسێک هانی کەسێکی سەروو تەمەنی ١٨ ساڵ بدات تاوەکو خۆی بکوژێت، ئەوا بە سزای کەمتر لە حەوت ساڵ زیندانی دەکرێت، ئەگەر کەسەکە لە خوار تەمەنی ١٨ ساڵیەوە بێت، ئەوا وەکو تاوانی کوشتنی بەمەبەست (بە ئەنقەست) هەژماردەکرێت و سزاکەی دەبێتە سێدارە یاخود زیندانی هەتاهەتایی.
بە گشتی سزای کوشتنی بەمەبەست لە یاساکاندا لەسێدارەدانە، بەڵام لە هەرێمی کورستان ئەو سزایە ڕاگیراوە، ئەو کەسانە بەر لێبوردنە گشتیەکان یاخود تایبەتییەکانیش دەکەون و سزایان لەسەر کەمدەکرێتەوە یاخود ئازاد دەکرێن. بۆ لەمەودوا پارێزەران داوا دەکەن کە بۆ کەمکردنەوەی ئەم حاڵەتانە یاسای لێبوردنی گشتی ئەو کەسانە نەگرێتەوە کە سزایان لەسێدارەدان و زیندانی هەتاهەتاییە.
بۆ کەمکردنەوە و چارەسەرکردنی حاڵەتەکانی کوشتن و خۆکوشتن ڕۆژگار حسێن، توێژەری کۆمەڵایەتی سەبارەت بە چارەسەرییەکان وتی “پێویستە کە تاک هۆشیار بکرێتەوە تاوەکو ئەم جۆرە تاوانانە نەکات؛ هۆشیارکردنەوەکانیش بە پلەی یەکەم لەناو بازنەی خێزانەوە دەست پێدەکات. هەروەها پێویستە کەناڵەکانیش سانسۆر بکرێن لە ڕووی پەخشکردنی دراما لەبەرئەوەی لە دراماکاندا ئەو کەسەی کە خۆی دەکوژێت ڕۆڵی قارەمان دەبینێت.
ڕۆژگار بە گرنگیشی زانی کە پێویستە خێزانەکان ئاگاداری منداڵەکانیان بن لە ڕووی بەکارهێنانی هێڵەکانی ئینتەرنێت و دەڵێت:
؛ چارەسەرێکی دیکەش ئەوەیە کە هەر هاوڵاتییەک دەروونی شڵەژاوە، دەتوانێت سەردانی پسپۆڕی دەروونی بکات.
سەبارەت بە چەکی بێمۆڵەتیش، ئەو توێژەرە وتی: پێویستە کە بەکارهێنانی چەکی بێمۆڵەت سنوردار بکرێت، کە ئێستاکە بەرپرسان بە گشتی وسەرۆکیحکوومەت بە تایبەتی لەوبارەیەوە تەواوی هەوڵ و ماندوبوونیان خستووەتەگەڕ بۆ بنەبڕکردنی دیادەی چەکی بێمۆڵەت.
پێویستە کە تاک هۆشیار بکرێتەوە
تاوەکو ئەم جۆرە تاوانانە نەکات؛ هۆشیارکردنەوەکانیش بە پلەی یەکەم لەناو بازنەی خێزانەوە دەست پێدەکات
ئینتەرنێت
بە شێوازێکی ناڕاستەوخۆ کاریگەریی نەرێنی هەیە