پەکەکە و میلیشیا هاوپەیمانەکانی، شنگالییەکانیان ئاوارە کردەوە

دلۆڤان ڕەحیم – هه‌ولێر

دوای نزیکەی هەفتەیەک لە گرژی و ئاڵۆزییەکانی شنگال، خەڵکی ئەو شارە داوا دەکەن گرووپە چەکدارەکانی سەر بە پەکەکە شارەکە چۆڵ بکەن، دەڵێن بوونەتە هۆی نائارامی بۆ ئەوان و هۆکاریشن بۆ نەگەڕانەوەی خەڵک بۆ شارەکە .

دەیان کەس لە دانیشتووانی شنگال گردبوونەوە و خۆپێشاندانیان کرد دژی گرووپە چەکدارەکان ” شنگال مەکەنە گۆڕەپانی شەڕ و یەکلایی کردنەوەی ناکۆکییەکان” دروشمی دیاری ئەو خۆپێشاندانانە بوو لە شنگال بەڕێوەچوون، ئەوانەی لەو خۆپێشاندانە بەشداریان کرد دەڵێن، پێویستە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە پەکەکە لەو شارە بچنە دەرەوە و نابێت شنگال ببێتە گۆڕەپانی شەڕ، دەیانەوێت سوپای عێراق و پۆلیس شارەکە بەڕێوەببەن.
سوپای عێراق هەوڵدەدات کۆنترۆڵی شنگال لەدەستی خۆی بێت، بەڵام لە ١٨ـی نیسانی رابردووەوە یەبەشە بەرهەڵستی دەکات و رێگە نادات ئەو شارە لە دەستی هێزە فەرمییەکان بێت ،٢ـی ئەو مانگەش دۆخەکە ئاڵۆزتر بوو پاش ئەوەی گرژی و شەڕ لە نێوان یەبەشە و سوپای عیراق روویدا، لە بەرامبەر ئەو گرژییانەدا خەڵكی شنگال داوا دەکەن کۆتایی بەو ناکۆکیانە بهێنرێت کە لەسەر خاکی شنگال هەیە .
سالم شنگالی، یەکێک لەوانەی خۆپێشاندانی کردووە بۆ ئارامی ناوچەکەیان دەڵێ :” یەبەشە ئەگەر باشە و چاکەی خەڵکی شنگالی دەوێت دەبێت دوور بێت لە خەڵک و ماڵ و حاڵیان و لە شارەکە بچنە دەرەوە ، ناشبێت سوپای عێراق دۆخەکە ئاڵۆزتر بکات.”
هاوکات خۆپێشاندەرێکی دیکە گوتی:” خەلكی ئێمە بەردەوام قوربانی دەستی ململانێن، هەموو رۆژ رێککەوتنی کاتی دەکرێت، دەبێت رێککەوتنی هەمیشەیی هەبێت بۆ کۆتایی هێنان بەو ناکۆکییە .”
خەڵک دروشمی” نا بۆ کوشتن و بەڵێ بۆ چارەسەری ئاشتی”یان دەگوتەوە داوا دەکەن چیدیکە ناوچەکەیان نەبێتە قوربانی دەستی گرووپە چەکدارەکان.
هەر بەهۆی ئەو گرژییانەش سەدان خێزان دووبارە ئاوارەبوونەوە و لە ترسی شەڕ ناوچەکانیان جێهێشت و بەرەو دهۆک هەڵاتن، بەگوێرەی ئاماری فەرمی زیاتر لە 700 خێزان بەهۆی شەڕی ئەم هەفتەیەوە ئاوارەبوون کە زیاترن لە 10 هەزار کەس و تەنیا لەماوەی ٦ رۆژدا ئاوارەی دهۆک بوون .
رێککەوتنی شنگال لە ئۆکتۆبەری 2020 لە نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق واژۆ کرا، رێککەوتنەکە بۆ نەهێشتنی دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکان و ئاسایش و خزمەتگوزاری بوو لە ناوچەکەدا ، بۆ ئەوەی کارگێڕییەکی یەکگرتووی دانپێدانراو هەبێت و رێگە نەدات گرووپەکان دۆخی شنگال ئاڵۆز بکەن، دوای رێککەوتنەکە شاندێکی گرووپە چەکدارەکان لەگەڵ حەشدی شەعبی کۆبوونەوە و رێککەوتنەکەیان رەتکردەوە، حەشدی شەعبیش دەستی هەبوو لەوەی گرووپە چەکدارەکانی شنگال رۆڵیان بمێنێت ، بەشێکی ئەو گرووپانەشی سەر بە پەکەکەن چەک و مووچە لە حەشدی شەعبی وەردەگرن . لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ سوپای عێراق هیزی زیاتری رەوانەی شنگال کرد، بە ئامانجی داخستنی بارەگای گرووپە چەکدارەکان، بەڵام لەوێ شەڕ و ئاڵۆزی روویدا، لیوا نەجم جبووری، پارێزگاری نەینەوا رایگەیاند:”هەموو دام و دەزگاکان دەکەینەوە و دەسەڵاتی فیدراڵی جێبەجێ دەکرێت، ئێستا بەشێکی ئەو گروپە چەکدارانەی لە شنگالن سەر بە حەشدی شەعبین و رێنماییش لە پەکەکە وەردەگرن، ئەو گرووپانە سەرچاوەی نائارامین بۆ ناوچەکە، پشتیوانی داراییان لە حەشدی شەعبی بۆ دێت، رێنمایش لە پەکەکە. هەر بەهۆی ئەو گرووپانەشەوە تورکیا ناوە ناوە شنگال و دەوروبەری بۆردوومان دەکات، پەکەکە تەنانەت زیان بە سەرچاوەی داهاتی هەرێمی کوردستانیش دەگەیەنێت و لە ڕابردوودا گرووپێکی سەر بەو رێکخراوە بەرپرسیارێتی هێرشی سەر بۆری نەوتی هەرێمی کوردستانیان لە ئەستۆگرت. بەپێی راپۆرتی رۆژنامەی ئەلمۆنیتەری ئەمریکی جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال هەنگاوێکی گرنگی ئاسایی کردنەوە و ئارامی شنگالە، وا دەکات ئێزدییەکان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان، بەڵام هەندێک گرووپی چەکدار رێگرن لە جێبەجێکردنی. ئەو گرووپانەی سەر بەپەکەکە و حەشدی شەعبی رێ نادەن دەستی ئارامی و ئاوەدانی و نۆژەنکردنەوەی شنگال بگاتە ئەو ناوچەیە .

ھەواڵی زیاتر