لیوا عەبدولخالق تەڵعەت: ئەرکی حکوومەتی عێراقە، شنگال لە گرووپە چەکدارەکان پاک بکاتەوە

بەھۆی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان پەکەکە و سوپای عێراق لە شنگال زیاتر لە ٩٠٠ خێزان، کە زیاتر لە ١٠ ھەزار کەس دەبن ئاوارەی سنووری دھۆک بوونە، ئەو ژمارەیە ھەر بەرەو زیادبوون دەچێت. ئاوارەکانیش دەڵێن، تا بارودۆخی ئەو ناوچانە ئاسایی نەبێتەوە ناگەڕێنەوە، ئەوەش مەترسیی گۆڕانکاری دیموگرافی لەو ناوچانە زیاتر دەکات.

پێش ڕووداوەکانی مانگی نیسانی ٢٠٢٢ و شەڕی نێوان سوپای عێراق و ھێزەکانی یەبەشە، ٦٥ ھەزار و ٢٨٢ خێزانی خەڵکی شنگال کە لە ٣٣٠ ھەزار و ٨٥٩ کەس پێک دەھاتن ئاوارەی ھەرێمی کوردستان ببوون، نزیکەی ١٣٣ ھەزار کەس لەوان لە ١٦ کەمپی ھەرێمی کوردستان نیشتەجێ ببوون. گرژییەکانی ئەم دواییەی سنووری سنوونێ ژمارەیەکی دیکە ھاووڵاتی سنوورەکەی ئاوارە کرد.
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری ھەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق، لەبارەی شەڕی پەکەکە و سوپای عێراق لە شنگال ڕاگەیاند: “بەھۆی ئەو دۆخەی لە شنگال ھەیە تا ئێستا نەتوانراوە ھیچ خاڵێکی ڕێککەوتن بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال لەنێوان حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی عێراق جێبەجێ بکرێت، ھۆکاری سەرەکیش ئەو گرووپە چەکدارانەن کە لە شنگالن بەتایبەتی پەکەکە، تەنانەت ڕێگرن لەوەی خەڵک بگەڕێتەوە ناوچەکەیان، بۆیە پێویستە پەکەکە ناوچەکە جێ بھێڵێ و خەڵک بگەڕێتەوە، بۆ ئەوەی ڕێککەوتنەکە بچێتە بواری جێبەجێکردن و خزمەتگوزاری پێشکەش بە خەڵکەکەی بکرێت”.
نایف سەیدۆ، قایمقامی قەزای شنگال بە وەکالەت، بۆ “ھەولێر” دەڵێت: “زیاتر لە ٩٠٠ خێزان لە شنگال ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوونەتەوە، کە زیاتر لە ١٠ ھەزار کەس دەبن، ھەمووش ھۆکارەکەی پەکەکەیە، بۆتە کێشە بۆ خەڵک، چونکە ئەگەر پەکەکە لە ناوچەکە نەبوایە عێراقیش ھێزی ڕەوانە نەدەکرد و شەڕیش ڕووی نەدەدا، کە ھێزەکانی یەبەشە لەناو خەڵکدان و بەردەوام کێشە بۆ خەڵک دروست دەکەن، دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ئیدارەی پارێزگای دھۆک بەردەوام پشتیوانی ئاوارەکانن و ھەموو پێداویستییەکانیان بۆ دابین دەکەن.
قایمقامی قەزای شنگال بە وەکالەت، ڕوونیشی کردەوە: “ئەوە چەندین ڕۆژە خەڵکی شنگال و دەوروبەری داوا دەکەن ھێزە نایاساییەکان لە شارەکە بچنە دەرەوە بۆ ئەوەی خەڵک بگەڕێتەوە، بۆ ئەوەش بەردەوام خۆپیشاندان دەکەن، چونکە ئەگەر ئەو ھێزانە لە شارەکە و دەوروبەری بن، بێگومان ئەو خەڵکەی ماوە ئەوانیش لەو چەند ڕۆژەدا ئاوارە دەبن و شارەکە بە تەواوەتی چۆڵ دەبێت، بۆیە ھیوادارین ڕێککەوتنی ھەولێر و بەغدا لەسەر شنگال جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەوەی ئەمن و ئەمان بگەرێتەوە بۆ شارەکە، ئەوەش وا دەکات خەڵک بگەڕێتەوە، نەک خەڵک دووبارە ئاوارە ببێتەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە ھێزەکانی عێراق جددی نین، لە وەدەرنانی ھێزەکانی پەکەکە، چونکە بەیانی شەڕیان لەگەڵ دەکەن، ئێوارەش دەچن لەگەڵ کۆ دەبنەوە، لەگەڵ ئەوەی باس لەوە دەکرێت پەکەکە ھێزی زیاتر لە ڕۆژئاوا ڕەوانەی شنگال و دەوروبەری دەکات ئەوەش ھۆکارە بۆ ئەوەی ڕۆژبەرۆژ بارودۆخی شارەکە زیاتر تێک بچێت. بۆیە داوای خەڵکی شنگال ئەوەیە ڕێککەوتنی ھەولێر و بەغدا لەسەر شارەکە جێبەجێ بکرێت، ھەروەھا ھێزە نایاساییەکان لە شارەکە دەربچن، ئەوەی دیکە ئاوارەکان بگەڕێنەوە شارەکە و قەرەبوو بکرێنەوە، ئەگەر ئەوە نەکرێت دۆخی شنگال ئەگەری تەقینەوەی ھەیە، چونکە ئەگەر ھێزی دەرەکی بێتە شارەکە، شنگال بە دەردی سەرێ کانی و عەفرین دەچێت”.

ھەواڵی زیاتر