شەش بارهه‌ڵگر پاشماوەی گەشتیاران لە گۆمی فێڵاو کۆکرایەوە

دوای ئەوەی رۆژانی رابردوو ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیاران روویان کردە گۆمی فێڵاو و زبڵ و خاشاکی زۆریان لەوێ جێبهێشت، ئەمڕۆ شەش بارهه‌ڵگر پاشماوەی گەشتیاران لەو شوێنە کۆکرایەوە.

وەزارەتی شارەوانی رایگەیاند: “ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی پێشووتر ژمارەیەكی زۆر گەشتیاری ناوخۆ و عێراقی و بیانی سەردانی گۆمی فێڵاویان لە سنووری چۆمان كرد، لە چەند رۆژی رابردووشدا بەهۆی پیسكردنی گۆمەكە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان نیگەرانی زۆر دروستبوو، بە مەبەستی پارستنی گۆمەكە لە پیسكردن و شێواندنی، بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری چۆمان ژمارەیەك چاودێری بۆ گۆمەكە دیاریكرد، بۆ ئەوەی بە بەردەوامی چاودێری بكەن”.
هەڵگورد محەمەد بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری چۆمان رایگەیاند: “چەند رۆژێكە تیمەكانی گەشتوگوزاری چۆمان رۆژانە پرۆسەی خاوێنكردنەوە لە گۆمی فێڵاو بەڕێوەدەبەین، ئەمڕۆ شەممەش تیمەكانی گەشتوگوزاری چۆمان بە هاوكاری كۆمپانیایەكی تایبەت بە خۆڵ و خاشاكی سنوورەكەمان، شەش بارهه‌ڵگر پاشماوەی گەشتیارانمان لە گۆمی فێڵاو هەڵگرتەوە و ئێستاش گۆمەكە ژمارەیەكی زۆری گەشتیار لێیە، هیچ خۆڵ و خاشاكێكی لێ نەماوە و بە تەواوی خاوێنكراوەتەوە”.
گوتیشی: “وەك گەشتوگوزاری چۆمان ژمارەیەك چاودێرمان بۆ گۆمەكە دیاریكردووە بۆ ئەوەی بەردەوام چاودێری خاوێنی شوێنەكە و رێگری لە شێواندنی بكەن، داواش لە گەشتیاران دەكەین رەچاوی پاكوخاوێنی گۆمی فێڵاو و دەوربەری بكەن”.

ھەواڵی زیاتر