هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی هه‌رێمی کوردستان یه‌كه‌م رۆژی جه‌ژنی ڕە‌مه‌زانی دیاریكرد 

وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێم رایگه‌یاند، سبه‌ی یه‌كشه‌ممه‌ ته‌واوكه‌ری مانگی ره‌مه‌زانی پیرۆزه‌ و رۆژی دوشه‌ممه‌ش كه‌ ده‌كاته‌ 2ی (ئایار/5)ی 2022، ده‌بێته‌ یه‌كه‌م رۆژی جەژنی ره‌مه‌زانی پیرۆز.

پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێم لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمڕۆ 30ی (نیسان/4)ی 2022 لەلایەن لیژنەی باڵای بینینی مانگەوە نەبینراوە، بۆیە رەمەزانی ئەمساڵ 30 رۆژ دەبێت و رۆژی دوشەممە 2ی (ئایار/5) دەبێتە یەكەم رۆژی جەژنی رەمەزانی پیرۆز.

پێشتریش دیوانی وەقفی سوننی عێراق لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بەهۆی ئەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە لەڕێگەی لیژنەكانی بینینی مانگەوە، مانگ نەبینراوە، بۆیە سبەی یەكشەممە تەواوكەری مانگی رەمەزانە و رۆژی دوشەممە 2ی (ئایار/5)ی 2022 دەبێتە یەكەم رۆژی جەژنی رەمەزانی پیرۆز.

نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینیی هەرێمی کوردستان راگەیاندبوو، کاتژمێر 6:30ـی خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ لیژنەی باڵای بینینی مانگ لە هەولێر و لیژنە لاوەکییەکانی دیکە لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان چاودێری بینینی مانگ دەکەن.