حکوومەتی هەرێم ڕەزامەندی دا بە خەرجکردنی زیاتر لە 306 ملیار دینار بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی دا بە خەرجکردنی زیاتر لە 306 ملیار دینار بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی سنووری پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان.

سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران نووسراوێکی ئاراستەی وەزارەتی پلاندانان کردووە کە واژۆی ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی لەسەرە، تێیدا هاتووە “لەبەر بەرژەوەندی گشتی و لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ سنووری پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان، ڕەزامەندی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیران وەرگیراوە بە:

1- تەرخان و خەرجکردنی گوژمەی 306 ملیار و 639 ملیۆن دینار بەشێوەی نەختینە و قۆناخ بەپێی کارە ئەنجامدراوەکان لەسەر بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان بەمەبەستی ئەنجامدانی پڕۆژەی بەردەوام و پێشنیارکراوەکان بەپێی لیستی هاوپێچ و ڕێنمایی جێبەجێکردنی گرێبەستەکانی حکوومی ژمارە (2)ی ساڵی (2016)ی وەزارەتی پلاندانان.

2- 59 پڕۆژە لە لیستی پڕۆژەکان ڕەزامەندی لەسەر نەدراوە بە هۆکاری ئەوەی خزمەتگوزاری نین، بۆ ئەو مەبەستە وەزارەتتان هەڵبستێت بە هەماهەنگیکردن لەگەڵ پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان بە گۆڕینی بۆ پڕۆژەی خزمەتگوزاری دیکە، بە مەرجێک لە گوژمەی تەرخانکراوی هەر پارێزگایەک و ئیدارەیەکی سەربەخۆ دەرنەچێت، دواتر ڕەوانەیکردنی بۆ سەرۆکایەتیمان بەمەبەستی پەسەندکردنی.”

ھەواڵی زیاتر