تیمەکانی شارەوانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەگەری لافاو لە ئامادەباشیی تەواودان 

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت کە تیمەکانی شارەوانی ئێستا لە شەقامەکانن و بۆ رووبەرووبوونەوەی ئەگەری لافاو تیمەکانمان لە ئامادەباشیی تەواودان.

لە راگەیەندراوێکی وەزارەتەکەدا کە بەدەستمان گەیشتووە “بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەگەری لافاو لەنێو شارەكەدا بەهۆی ئەوەی ئەمشەو بارانێكی بەخوڕ شاری هەولێری گرتەوە، ئیستا تیمەكانی شارەوانیی هەولێر لە تەواوی شارەكەدا لە ئامادەباشیدان و مەنهۆڵ و ئاوەڕۆكان پاك دەكەنەوە و هاوكاری هاووڵاتییان دەكەن بۆ هەر ئەگەرێكی نەخوازراو”.

لە چوارچێوەی راگەیەندراوەکەدا سەرۆكی شارەوانیی هەولێر ئاماژەی بە ئەوە داوە، ئێستا تیمەكانی شارەوانیی هەولێر لە هەموو ئەو شوێنانەی مەترسیی ڕوودانی كۆبوونەوەی ئاویان لێ دەكرێت ئامادەن و هاوكاری هاووڵاتییان دەكەن.

سەرۆكی شارەوانیی هەولێر داواش لە هاووڵاتییان دەكات لە هەر ڕووداوێكی كۆبوونەوەی ئاودا تیمەكانی شارەوانی ئاگادار بكەنەوە و بەزووترین كات هاوكاریان پێشكەش دەكرێت، هەروەها دەشڵێ ئێستا تیمەكان بە هەموو شێوەیەك چاودێریی دۆخەكە دەكەن و لە ئامادەباشی تەواودان بۆ كۆنترۆڵكردنی هەر ئەگەرێكی كۆبوونەوەی ئاوی باراناو لە گەڕەك و شەقامەكاندا.

ھەواڵی زیاتر