یەکەم پردی پەیوەندی نێوان هەموو نەتەوەکان لە ڕێگەی وەرگێڕانەوە دەبێت. وەرگێڕان شاڕێگای ئاشنابوونە بە ئەوانی تر. ناسین و تێگەیشتن لە ئەوانی دیکە. هەموو دەرکەوتنێکی ڕووخساری ئەوانی دیکە لە ڕێگەی وەرگێڕانەوە دەبێت. بۆیە هەموو گەلە پێشکەوتووەکان ئەو گەلانەن، کە لە وەرگێڕاندا کاران و گرنگییەکی زۆر بە وەرگێڕان دەدەن.
پرۆسەی وەرگێڕان لای ئێمەی کورد زۆر درەنگ دەستی پێکردووە. بەتایبەت وەرگێڕانی سەرچاوەی فیکریی و زانستی و زانستنە مرۆییەکان. ئەگەر چاوێک بە کتێبخانەی کوردیدا بخشێنین لە پێش ڕاپەڕیندا دەبینین ژمارەی کتێبی وەرگێڕدراو گەلێک کەمە. بەشی زۆری ئەوەشی هەیە تێکستی ئەدەبییە و کەمتر بەر کتێبی فیکریی و زانستی دەکەوین. بێجگە لە هەوڵە سەرەتایی و گرنگەکانی شاکر فەتاح کە کاری لەسەر چەند تێکستێکی گرنگ کردووە. بەگشتی بزووتنەوەی وەرگێڕان لە سەرەتای هەشتاکان دەستی پێکردووە و لە دوای ڕاپەڕیین گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. لەم 30 ساڵەی ڕابردوودا گەلێک سەرچاوەی گرنگ بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕدران، کە بەشێکیان تێکستی دایکانەن، لە چەشنی “کۆمیدیا”ی دانتێ، “ئیلیادە و ئۆدێسە”ی هۆمیرۆس، “میتامۆرفۆس”ی ئۆڤید. لەپاڵ ئەو سەرچاوانەدا کتێبخانەی کوردی پێویستی بە دەقگەلی گرنگ و چاوپێکەوتنی نووسەران و بیرمەندان هەیە بەو پێیەی مەعریفە لە هەموو ئاستەکانەوە دێتە نێو کولتوورەکانەوە.
لە ماوەی ڕابردوودا چاپێکی نوێی کتێبی “لاپەڕە پەرشەکان- چەند تێکستێکی وەرگێڕدراو و نووسراو” لە وەرگێڕان و نووسینی ئازاد بەرزنجی چاپ و بڵاوکرایەوە. ئەم کتێبە لەچاپکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە و لە دوتوێی 403 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوکراوەتەوە. ئەم کتێبە لەو سەرچاوانەیە کە خوێنەر دەبێت ناوە ناوە بیخوێنێتەوە و تا ئێستا جگە لەوەی دووجارم خوێندووەتەوە چەند وتارێکی تێدایە چەند جارێکی دیکەم خوێندووەتەوە. بەو پێیەی بەشێک لە وتار و لێکۆڵنەوەکان سەرچاوەی بنەڕەتین. هەرچەندە تێکستی کورتن، بەڵام تێکستی گرنگ و بایەخدارن، کە نووسەر و بیرمەندە گرنگ و دیارەکان نووسیویانە لە چەشنی “ئەریک فرۆم، بابەک ئەحمەد، ئاگنش هیلەر،ڤلادیمێر نابۆکۆف، سۆزان سۆنتاگ” و چەندینی دیکە.
بەشی یەکەمی کتێبەکە تەرخانکراوە بۆ وتاریی فیکریی ئەم وتارانەی لە خۆگرتووە: “مارکسی پاش مارکسیزم/بابەک ئەحمەدی، جیاوازی و توندوتیژی/ڕامین جەهانبەگلو، مۆدێرنیزم چییە؟/هاشم ساڵح، فۆکۆ و مۆدێرنیتە/ئاگنش هیللەر، میشیل فۆکۆ و بەندیخانە/فرانسوا پولان، گرێی ئۆدیپ/ ئەریک فرۆم” و هەرچی بەشی دووەمە تەرخانە بۆ کۆمەڵێک وتاری ئەدەبی کە ئەم وتارانەی لە خۆگرتووە: “
خوێنەری باش و نووسەری باش/ڤلادیمیر نابۆکۆڤ، داهێنانی ڕاستەقینە و داهێنانی ساختە/پییر گامارا، مەرگی نووسەر/ڕۆلان بارت، یا حیکایەت بێژە یا بمرە/ئی. ئێس. بایت، لۆ ئەندریێ سالومێ/هاشم ساڵح، گوزەرێک بەناو تووناوتوونەکانی زەینی سەراسیمەی بۆرخس دا، پەیامێک بۆ بۆرخس/سوزان سۆنتاگ، دەربارەی وەرگێڕان/ئازاد بەرزنجی، گەشتەکانی ماکسێنس فێرمین؛ لەنێوان بەفری ژاپۆنی و چای چینیدا/نزار ئاگری، دەقی (قەرەج)/پووشکین، مەرگە سەیروسەمەرەکەی پووشکین”.
هەرچی بەشی سێیەمە تەرخان کراوە بۆ کۆمەڵێک چاوپێکەوتن لەگەڵ هەریەک لە “میشیل فۆکۆ، سامۆییل بێکیت، پاولو کۆیلیۆ، کریشنا مۆرتی، ئازاد بەرزنجی” هەرچی بەشی کۆتاییشە تەرخان کراوە بۆ چەند باسێکی شانۆیی کە دوانە لە باسەکان ئازاد بەرزنجی نووسیویەتی و ئەوانی دیکە هەر یەک لە “مالین ماککۆکین” و “هارۆڵد پینتەر”ن.
کاتێک لە کۆدا سەیری کتێبەکە دەکەین هەست بەوە دەکەین کە دەیەوێت بەشدارییەکی مەعریفی و فیکریی و ئەدەبی بێت لەم دونیایەی ئێستا، کە بەرەو سەردەمی ڕووکەشگەرایی هەنگاو دەنێت. دەیەوێت بەشدارییەک بێت بۆ گەڕانەوە بۆ لای قووڵبوونەوە و داهێنان و دوورکەوتنەوە لە ئەو تێکستانەی بەناوی داهێنانەوە بە خوێنەران دەدرێت و لەم کتێبەدا بەداهێنانی ساختە ناویان براوە. هەموو کتێبێک ئەگەر بمانخاتە کەڵکەڵەی بیرکردنەوە و پرسیار و گومانمان لا بوروژێنێت دەشێ وەکو سەرچاوەیەکی مەعریفی سەیری بکەین، کە من دڵنیام “لاپەڕە پەرشەکان” ئەو ئەرکە بەبێ دوو دڵی لە ئەستۆ دەگرێت.