رۆژنامەی ھەولێر

ڕاگەیاندنی پڕۆژەیەكی گرنگ بۆ بەشی شوێنەواری

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

 

دكتۆر دلشاد زاموا، كە شوێنەوارناسێكی ناوداری كوردە، باس لە پڕۆژەیەكی گرنگ بۆ بەشی شوێنەواری زانكۆی سلێمانی دەكات.

لە لێدوانێكیدا بۆ هەولێر، ئەو دەڵێت: «خۆشبەختانە دوای ساڵێك كاركردنی بەردەوام بۆ بەدەستهێنان و ئامادەكردنی پڕۆژەیەكی گرنگ لەگەڵ پ.د. سێرێنێللا و نوێنەرانی پێنج زانكۆی ئیتاڵی-ئەڵمانی و كوردستان، دواجار سەركەوتووانە پڕۆژەكەمان (IP-CHART) لەلایەن ئێراسمۆس و یەكێتی ئەوروپاوە پشتگیریی مادی كرا. لە داهاتوویەكی نزیكدا تاقیگەیەكی نموونەیی بە هەموو ئامێرە سەردەمییەكانی پشكنین و شیكاری و ڕووپێویی شوێنەواری لە بەشی شوێنەواری زانكۆی سلێمانی دادەمەزرێنین، تێیدا مامۆستایان و توێژەران و خوێندكارانی بەشی شوێنەوار ڕاهێنانی پێویست دەبینن. بۆ ماوەی سێ ساڵ پڕۆژەكە پشتگیریی تەواوی بەشەكە دەكات و لە ساڵی سێیەمدا خوێندكاران و مامۆستایان ئەنجامە تاقیگەییەكانی خۆیان لە كۆنفڕانسێكی زانستی نێودەوڵەتیدا لە زانكۆی سلێمانی پێشكەش دەكەن».
ئەو شوێنەوارناسە كوردە دەشڵێت: «جێی ئاماژەیە ئەم تیمە ئیتاڵییە یەكێكن لە دێرینترین ئەو تیمانەی كە بیست ساڵ لەمەوبەر و پێش هەموو تیمە بیانییەكان هاتنە كوردستان و سلێمانی. جگە لە كنەوپشكنین و ڕووپێویی شوێنەواری و نۆژەنكردنەوە، گرنگیی زۆر بە مێژوو و كەلتووری كوردستان دەدەن؛ لە هەمان كاتیشدا پێشانگایەكی تایبەت بە چیرۆكەكانی ئەنفال و چەوسانەوە و مەینەتییەكانی كورد لە چەند مۆزەخانە و شارەوانییەكی ئیتاڵیا نمایش كراوە و خۆشبەختانە بەنیازن لە داهاتوویەكی نزیكدا ئەم پێشانگایە لە سلێمانی نمایش بكەن».
«هەر لە نووسینگەی ئێراسمۆس، بە ئامادەبوونی بەڕێز پ.ی.د. ئومێد محەمەد بەرپرسی سەنتەری توێژینەوەی ئاو لە زانكۆی سلێمانی، گفتوگۆی پڕۆژەیەكی هاوبەش و فرەڕەهەندمان كرد».