رۆژنامەی ھەولێر

کۆچ بۆ

ئازا حەسیب قەرەداخی

 

گەر پێشتر من چووم
تۆ لە دووم وەرە
ئەم کۆچە تاکوو ئەو شوێنە دەچێ
لە ئاسۆدا شاخ لەگەڵ ئاسماندا
تێکەڵ دەبێت و
لە چاو ون دەبێ
گەر پێشتر تۆ چوویت
وە دووت دەکەوم
ناپرسم کۆچت بەرەو کوێ دەچێ
تەنانەت ئەگەر ڕێگە بگاتە ئەو شوێنە ئیتر
ئاسمان و چیا تێکەڵ یەک دەبن
ئاسۆ نامێنێ و
لە چاو ون دەبێ
نە کۆچ گرنگە و
نە ڕێ و ئاراستە
ئەوەی گرنگە
تۆ لە دووی من بی
من لە دووی تۆ بم
نە شاخ و ئاسمان
نە ئاسۆی ون بوو
هیچیان گرنگ نین
ئەوەی گرنگە
من لەگەڵ تۆدا هەمیشە کۆ بم.