رۆژنامەی ھەولێر

کتێبگەلێک بۆ هەڵکردن لەگەڵ خێرایی ژیان

وەرگێڕانی: شۆڕش غەفووری – هه‌‌ولێر

 

لە سەردەمی دیجیتاڵیدا، کات زۆر بەنرخە. زۆرێک لە داهێنانە تەکنەلۆجییەکانی وەک فراوانبوونی ئینتەرنێت تا بەرنامەگەلی نامەناردن، وەها دیزاین کراون کە ژیانمان سادەتر و کاراتر بکەن و یارمەتیمان بدەن کاتەکانمان بۆ ئەنجامدانی کارە گرنگەکان هەڵگرین. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا کەچی زۆربەمان زیاد لە پێویست دڵتەنگ و ماندووین و لەنێوان لۆمەکردنی تەکنەلۆجیا بەهۆی پاڵەپەستۆ کاتییەکانیەوە یان بەکاربردنی تەکنەلۆجیا بۆ چارەسەرکردنی ئەم پالەپەستۆیە، حەیران و تێماوین!

هۆگری و پەرۆشیمان بۆ سوودوەرگرتن لە کات، (شازادە چکۆڵە – The Little Prince / Le Petit Prince)مان بیردەخاتەوە. پاڵەوانە ناسراوەکەی ئەم کتێبەی (ئانتوان دو سانت ئێگزوپێری – Antoine de Saint-Exupéry) فرۆشیارێک لەسەر زەوی دەدۆزێتەوە کە حەبی دەستکرد بۆ شکاندنی تینوویەتیی مرۆڤەکان دەفرۆشێت: «یەکێک لەم حەبانە بخۆ، وەک ئەوە وایە هیچ پێویستیت بە ئاوی خواردنەوە نەبێت.»
کاتێک شازادە چکۆڵە لە فرۆشیارەکە دەپرسێت بۆچی شتێکی وا دەفرۆشیت، ئەو لە وەڵامدا دەڵێت: «دەبێتە هۆی پاشەکەوتکردنی کاتێکی زۆر. شارەزاکان بە وردی حیسابیان کردووە کە بە خواردنی ئەم حەبانە لە هەفتەیەکدا، ٥٣ خولەک کات پاشەکەوت دەکرێت.»
شازادە چکۆڵە لە وەڵامیدا دەڵێت: «من ئەگەر ٥٣ خولەک کاتی زیادەم هەبێت، ئارام و دڵخۆش دەچم بۆ سەر کانی و لەوێ ئاو دەخۆمەوە.»

ڕاستە خەمی پاشەکەوتکردنی کات شتێکی نوێ نییە و هەر لە کۆنەوە یەکێک بووە لە بابەتەکانی تیۆری کۆمەڵایەتیی خۆدانە قەرەی ئەم هەستە کە گوایە ژیانی هەرڕۆژەیی زۆر خێرا تێدەپەڕێت. لە سەرەتای سەدەی بیستەم، (جیۆرج سیمێل – Georg Simmel) لە کتێبی (فەلسەفەی پارە – The Philosophy of Money) وەسفی ئەو بابەتە دەکات کە چۆن شارە گەورە مۆدێڕنەکان دەبنە هۆی خێرابوونی کات و ژیان. لە ڕوانگەی سیمێلەوە، خێرایی ژیانی شار، بە دانەبڕاوی پەیوەندی بە خێرایی سووڕانەوەی پارەوە هەیە. شڕۆڤەی سیمێل لە زەین و تێفکرینی مرۆڤی مۆدێڕن کە بەتێکەڵەیەکی دەزانێت لە (خێرایی – immediacy) و (هاوکاتی – simultaneity) و (نهاگەرایی – presentism)، گوایا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ قسە لەسەر ئەو هەستە دەکات کە ئێمە لە ژیانکردن بە خێراییەکی زۆر هەمانە.
(هارتموت ڕۆزا – Hartmut Rosa) لە کتێبی (خێرایی و بێگانەبوون – Social Acceleration) نیشانی داوە کە چۆن پەیوەندییە بەردەوامەکانی کولتوورێک کە بەرهەمهێنان و خێرایی و کارایییان لە پێش هەموو شتێک داناوە، هیچ یارمەتیی پاشەکەوتکردنی کات نادات. هەر وەک چۆن دروستکردنی ڕێگا و جادەی زیاتر تەنها قەرەباڵغیی هاتوچۆ زیاتر دەکەن، وەڵامدانەوەی ئیمەیڵەکانیش جگە لە بەدواداهاتنی لێشاوی ئیمەیلی زیاتر هیچی تریان بەدواوە نییە. داهێنەرە پێشەنگەکانی ناوچەی (سیلیکۆن ڤالی – Silicon Valley)، کە ئەم تەکنەلۆجیانەیان دیزاین کردووە، بێ هیچ گلەییەک لە کارەکەیان، بە چاودێرییکردنی هاوکاریی کۆمەڵە ئەپڵیکەیشنی نوێی کە لە بازاڕەکان ساخ بکرێتەوە، بەدوای چارەسەری کاتیی ئەم کێشەوەن. یان ئەوەی کە لە کۆتایی هەفتەکان دەست بە ژیانی (go off the grid) دەکەن، واتە پەیوەندییان لەگەڵ ئەنتەرنێت دەپچڕێنن؛ بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خەونە کالیفۆڕنیاییەکانیان تەنها بەکەڵکی هەڵسووڕانی چەرخەکانی سەرمایەدارییە خێراکەی ئەمڕۆ بەکار دێن.
(تیم وو – Tim Wu) لە کتێبی (بازرگانان ئاگادار بن – The Attention Merchants) ئەو ڕاستییە ئاشکرا دەکات کە چۆن ئەو کەمپینانەی بۆ ڕاکێشانی سەرنجی ئێمە و پارەپەیداکردن دروست دەکرێن، فۆڕم دەدەنە ڕیکلامەکان. ئەو کاتەی ئێمە، چ لە کار و چ لە پشوو، بە دیار شاشەکانەوە بەفیڕۆی دەدەین، هەرگیز لە ڕابردوودا وێنای نەبووە. (تیم وو) بە دروستی سەرەنجی خۆی خستووەتە سەر دیزاین: پسپۆڕیی باشترین دەروونناسانی دونیا بەکارهێنراوە تا ئێمە ئۆنلاین بهێڵدرێینەوە. جێی سەرسوڕمان نییە ئەم پلاتفۆڕمانە بە ئاڵوودەکەر بزانین، ئاخر هەر لە ئەساسدا وەها دروست کراون کە ئاڵوودەکەر بن.

لە دە ساڵی ڕابردوو، تەنانەت ئابووریناسانیش گەیشتوونەتە ئەو دەرەنجامەی کە ئەو کاتەی بۆ پشوو تەرخان دەکرێت، پێوەرێکی گرنگە بۆ هەڵسەنگاندنی ڕەزامەندیی ژیان و خۆشگوزەرانیمان، هەر وەک چۆن فەیلەسووفی سیاسی (جولی ڕۆز – Julie L. Rose) لە کتێبی (کاتی ئازاد – Free Time) بانگەشەی بۆ دەکات، کاتی ئازاد و دەستبەتاڵیی کەسێک سەرچاوەیەکی سەرەکی و ئامرازێکی گشتگیرە بۆ بەدواداچوونی ئەو شتەی تاک بۆ خۆی پێناس دەکات، ئیتر ئەو پێناسە هەرچی بێت. ئەگەر توانای هەڵبژاردنی ئەوەی کە تۆ چۆن دەتوانیت کاتەکانت بەسەر کارە جیاوازەکان دابەش بکەیت، بخەینە چەقی چەمکێکی ئەرێنی لە ئازادی، ئەودەم دەبوو کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر گەرەنتی ئەوە بکات کە هەموو هاووڵاتییەکانی، دەستیان بە بڕێک لە کاتی ئازاد و بەتاڵ ڕادەگات.

باشترە لە بری خوێندنەوەی ڕێبەرەکانی بەڕێوەبردنی کات، لەوە تێبگەین ئەو پاڵەپەستۆیەی بۆ زۆرترین بەکارهێنانی کات هەیە چۆن سەری هەڵداوە. پاشەکەوتکردنی کات نابێت وەک ئامانج سەیر بکرێت و ناشبێت وەک پاساوێکی پیرۆز بۆ پێشکەوتنە تەکنەلۆجییەکان دابنرێت. بە پێچەوانەوە دەبێت لە (شازادە چکۆڵە)وە فێر بین کە نابێت هەمیشە پرسیارەکە ئەوە بێت «چۆن کاتەکانمان پاشەکەوت بکەین؟»، بەڵکو هەندێک جار دەبێت بیگۆڕین بۆ ئەوەی «دەمانەوێت کاتەکانمان بۆ ئەنجامدانی چ کارێک پاشەکەوت بکەین؟»

پەراوێز:
– شازادەچکۆڵە، شاکارێکی جیهانییە و لەلایەن (ئانتوان دو سانت ئێگزوپێری)ی نووسەر، شاعیر و فڕۆکەوانی فەڕەنسی نووسراوە و لە ساڵی ١٩٤٣ بڵاو بووەتەوە. کتێبەکە باسی گەشتی شازادەیەکی چکۆڵە دەکات بە نێو هەسارە جیاوازەکان و بە زمانێکی شاعیرانە و فەلسەفی ڕەخنە لە دونیای گەورەساڵان، مادیگەرایی و پەلەپەلی مرۆڤەکان بۆ ژیان دەگرێت. نووسینەکانی ئێگزوپێری بەدەور تێڕامانی مرۆڤدۆستانە، مۆراڵی و فەلسەفی لەبارەی هاوڕێیەتی، بەرپرسیاریەتی و ماناکانی ژیان دەسووڕێنەوە.
– کتێبی (فەلسەفەی پارە)، کتێبێکی کۆمەڵناسی و فەلسەفیی جیۆرج سیمێل)ی فەیلەسووف و دامەزرێنەرێنەری کۆمەڵناسیی مۆدێڕن لە ئەڵمانیایە کە لە ساڵی ١٩٠٠ چاپ کراوە. تیایدا شیکاری بۆ کاریگەریی ئابووریی پارە و شارنشینیی مۆدێڕن و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و دەروونی تاک و خێرابوونی ڕیتمی ژیان کراوە.
– (خێرایی و بێگانەبوون – Acceleration and Alienation) یا (خێرابوونی کۆمەڵایەتی – Social Acceleration)ی کۆمەڵناس و فەیلەسووفی سیاسیی هاوچەرخی ئەڵمانیا، کتێبێکە کە تیایدا باسی بە تیۆریی ڕەخنەیی باسی خێرابوونی تەکنەلۆجیا، گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان و ڕیتمی ژیانی مۆدێڕن دەکات و نیشانی دەدات چۆن ئەم خێراییە دەبێتە هۆی نامۆبوونی مرۆڤ لە خۆی و جیهان. هارتموت، بە تیۆریی (خێرابوونی کۆمەڵایەتی) و (زرینگانەوە) ناسراوە و کارەکانی تیشک دەخەنە سەر پاڵەپەستۆکانی کات لە سەردەمی مۆدێڕن و کاریگەرییان لەسەر ژیانی مرۆڤ.
– ناوچەی (سیلیکۆن ڤالی – Silicon Valley)، ناوچەیەکە لە باشووری کەنداوی سان فڕانسیسکۆ لە ویلایەتی کالیفۆڕنیا کە وەک ناوەندی جیهانیی

تەکنەلۆجیای بەرز، داهێنان و گەورە کۆمپانیاکانی ئەنتەرنێت و دیجیتاڵ دەناسرێت.
– ژیانی (go off the grid)، ستایلێکی ژیانە کە تیایدا تاک هەموو پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ وزە و کەرەستەکانی پەیوەندی دەپچڕێنێت. نووسەر مەبەستی ئەوەیە ئەم ستایلەی ژیان کە بە ڕووکار جۆرێکە لە ئازادیی تاکی، نها بە هۆی پێوەبەستراویی لەڕادەبەدەری مرۆڤ بە ئامرازە ئەلیکترۆنییەکان، جگە بۆ هەڵسووڕاندنی چەرخەکانی سەرمایەداری ئەمڕۆیی بە کەلکی هیچی تر نایێت!
– (بازرگانان ئاگادار بن – The Attention Merchants)ی (تیم وو)، مێژووی پیشەسازیی کۆکردنەوە و فرۆشتنی سەرنجی مرۆڤەکانە لەبارەی ڕۆژنامە و ڕادیۆ و تەلەڤزیۆن و ئەنتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. ئەم کتێبە ڕوونی دەکاتەوە چۆن کۆمپانیاکان کات و سەرنجی بەکارهێنەران دەکەنە کاڵا و سەرچاوەی قازانج.
– کتێبی (کاتی ئازاد – Free Time)، کتێبی (جولی ڕۆز)ی فەیلەسووفی سیاسی و مامۆستای زانکۆی دارتمۆسی ئەمریکایە و تێیدا بەرگری لەو بیرۆکەیە دەکات کە دەستبەتاڵی و کاتی ئازاد مافێکی بنەڕەتی و دادپەروەرانەی کۆمەڵایەتییە و مەرجێکی سەرەکیشە بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بتوانن ئازادیی ڕاستەقینەی خۆیان کردەیی بکەن.

سەرچاوە: گاردیەن
لینکی بابەت: https://www.theguardian.com/books/2018/oct/01/books-to-understand-pace-of-life-further-reading