رۆژنامەی ھەولێر

چیرۆکی سەرکەوتنی ئافرەتێک کە هونەری کردە پرۆژەیەکی تایبەت

فریشتە عوسمان

 

هونەر یەکێکە لە ڕێگا گرنگەکان بۆ دەربڕینی ناسنامە و دروستکردنی چیرۆکی سەرکەوتن و داهێنان و دستەبەرکردنی سەربەخۆیی ئابووری، بەتایبەت بۆ ئافرەتان کە لە بوارە هونەرییەکاندا ڕووبەڕوی ئاستەنگ و بەربەستی زیاتر دەبنەوە. لەم چوارچێوەیەدا گرنگی متمانە بە خۆ بوون،پلاندانان، بەردەوامی، وەک ڕێگایەک بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئاستەنگانە دەردەکەوێت.

هەروەها پاراستنی کلتور و ناسنامەی کوردی لە تێکەڵکردن لەگەڵ دیزاینی مۆدێرن و ڕەخساندنی دەرفەتی کار بۆ کەسانی دیکە، ڕەهەندێکی تری گرنگی ئەم بابەتەن.
خاتوو “بۆتان عومەر” دەرچووی پەیمانگا و کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سلێمانییە و وەک هونەرمەندێک باس لە ئەزموونی کارکردنی خۆی دەکات. باس لەوە دەکات کە چۆن توانیویەتی لە ڕێگەی هونەرەکەیەوە کارێکی جیاواز و پرۆژەیەکی تایبەتی دروست بکات و بەم شێوەیە بۆ هێلین میدیا دەدوێت:-
بۆتان عومەر دەڵێت: من وەک ئافرەتێک هەر لە منداڵییەوە هەستم بە توانا هونەرییە جیاوازەکانی خۆم کردووە. ئەوشتانەی هەمیشە جیای دەکردمەوە لەگەڵ هاوڕێکانمدا شێوازی یاریکردنم و ئەو هونەرە بوو کە لە ئیشە دەستییەکانم دا بە منداڵی دروستم دەکرد کاتێ لەگەڵ هاوڕێکانم لە کۆڵان بە قور یاریمان دەکرد شتی جیاوازم دروست دەکرد، لە منداڵیدا درکم بەو جیاوازییە نەکردبوو، پێم وابوو هونەر و دەستڕەنگینی بەهرەیەکە کە لە هەموو کەسێکدا هەیە، بەڵام کاتێک گەشتمە قۆناغەکانی تر، تێگەشتم نەخێر، هونەر بابەتێکە لە توانای هەموو کەسێکدا نییە. کەمینەن ئەوانەی بەهرەدارن، کەمینەن ئەوانەی کە دەتوانن کارێکی هونەری جوان و جیاواز بەرهەم بهێنن.
ئەو دەڵێت: بۆیە دەتوانم بڵێم ژیانی هونەری من لە قوتابخانەوە لە قۆناغی دواناوەندی بە شێوەی کرداری دەستی پێکرد و بەردەوام بوو تا بە توانایەکی باش و بە سەرکەوتوویی قۆناغی پەیمانگا و کۆلێژی هونەرە جوانەکانم بڕی.
هونەر تەنها دەربڕین و گوزارشتکردن لە هەست و بیرکردنەوەکانی خۆت نیە، بەڵکو من دەمویست ڕێگایەک بدۆزمەوە کە بتوانم لە ڕێگای هونەرەکەمەوە ببمە خاوەنی ئابووری سەربەخۆی خۆم.
ئەو دەڵێت: پێم وایە هەموو کارێک کە دەیکەیت لە ڕووی مادییەوە پێویستی بە سەرچاوەی داهاتە، بۆیە من ویستم لە ڕێی هونەرەکەمەوە لە لایەکەوە خزمەت بە خانمان بکەم و کاری جیاواز پێشکەش بکەم و لە لایەکی تریشەوە تواناکانی خۆم بەرەوپێشەوە بەرم و بیکەمە سەرچاوەی داهات بۆ خۆم.
بۆتان عومەر ئاماژە بەوە دەکات کە ئافرەتان ڕووبەڕووی بەربەست و گرفتی زیاتر دەبنەوە،
ئەو دەڵێت: ئێمە وەک ئافرەت بەربەست و گرفتەکان زیاترە لە بەردەممان، بە تایبەت ئەگەر بتەوێت لە بوارێکی جیاوازی وەک هونەر کار بکەیت، کەمتر هاوکاری ئەو کەسانە دەکرێت کە خاوەن بەهرەیەکی جیاوازن، بگرە زۆر جارش نەک هاوکاری ناکرێن بەڵکو دەبنە بەربەست، بە تایبەت لە ڕووی ئابوورییەوە هیچ پاڵپشتییەک نییە، یاخود ئەگەر هەشبێت ڕێژەیەکی کەمە.
ئەو دەڵێت: «بەڵام سەرەڕای هەموو ئاستەنگ و بەربەستەکان، من وەک ئافرەتێک هەوڵمدا ڕووبەڕووی ببمەوە و هیچ شتێک نەبێتە ڕێگر بۆ گەشتن بە ئامانجەکانم و بەدەستهێنانی سەرکەوتنەکانم. نەمهێشت ڕێگرییەکان ساردم بکەنەوە لەو هەوڵەی کە دەمویست هونەر ببێتە وەسیلەی پیشاندانی جوانییەکان.»
بۆتان عومەر بەدوای ڕێگایەکدا گەڕا کە بتوانێت لە ڕێی هونەرەکەیەوە کاری جیاواز پێشکەش بکات. بۆیە زیاتر هەوڵی دا و بیری لە ئەنجامدانی پرۆژەیەکی کلتوری کردەوە بە ناوی «گۆبەرۆک» کە هونەر و کلتور پێکهاتەی سەرەکی پرۆژەکەن.
ئەو دەڵێت: ئەم پرۆژەیە تایبەتە بە دروستکردن و دیزاینکردنی ئێکسسوارات و خشڵی کوردی و کلاسیک و هەروەها تێکەڵکردنی لەگەڵ مۆدێرندا. ئەمەوێت لە ڕێگای ئەم پرۆژەیەوە کار لە بابەتی جیاواز و تازەدا بکەم.
بۆتان عومەر باس لەوە دەکات کە ماوەی ٥ ساڵە لەم بوارەدا کار دەکات و دەستی کردووە بە دروستکردنی خشڵ لە پلێتی محاویلە (گۆڕەری کارەبا) و مۆرکێکی ئافرەتانەی پێ بەخشیوە. هەروەها لە دروستکردن و دیزاینکردنی خشڵەکاندا سوود لە کانزاکانی وەک مس چەندین کانزای تر وەردەگرێت، بەڵام ئەوەش بەپێی خواستی کڕیارەکان گۆڕانکاری لە پێکهاتەکەیدا دەکرێت.
ئەو دەڵێت: هەرچەندە زۆرێک لە ئامێرەکان بۆ کاتی کارکردن لێرە دەست ناکەوێت، بەڵام لە بەردەم حەز و تواناکانم نەبوونەتە بەربەست.
بۆتان عومەر لە ڕێی پرۆژەکەیەوە هەوڵی داوە کلتوری کوردی بپارێزێت و بە شێوەیەکی مۆدێرن بیگوازێتەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو.
ئەو دەڵێت: کلتور تەنها ئەوە نییە لە ڕابردوومانەوە وەرمان گرتووە، ئەوەشە کە بەرهەمی دەهێنین و بۆ نەوەکانی داهاتووی بەجێدەهێڵین.
هەروەها ڕەخنە لەوە دەگرێت زۆرێک لەو بڕاندانەی کە دەردەکەون هەندێک جار پشت بە ناوێکی بیانی دەبەستن یان ناوی خۆیان نیە کە گوزارشت لە کلتوری خۆیان بکات کە ئەمە کاریگەری لەسەر من دروست کرد، بۆیە لە هەڵبژاردنی ناوی پرۆژەکەدا هەوڵمدا کام ناوەی کە زۆر کۆنە و بۆن و تامێکی کوردی لێ یەت و خانمانە بێت دەست بخەمە سەر ئەو ناوە بۆیە گۆبەرۆکم هەڵبژارد.
بۆتان عومەر سەرەڕای ئەوەی لە ڕێگای هونەرەکەیەوە توانیوێتی ببێتە خاوەنی ئابووری سەربەخۆی خۆی، لەگەڵ ئەوەشدا توانیویەتی دەرفەتی کارکردن بۆ کەسانی دیکەش بڕەخسێنێت.
ئەو دەڵێت: بە داهێنانی جیاواز توانیومە دەرفەتی کارکردن بۆ کەسانی دیکەش بڕەخسێنم، ئەویش لە ڕێگای کردنەوەی خولی پیشەیی کە تێیدا فێرخوازان بە شێوەیەکی پراکتیکی و تێوری فێری ئەم هونەرە دەکرێن، لە ڕێگایەوە دەتوانن دەرفەتی کار بۆ خۆیان بڕەخسێنن، کە ئەمەش جۆرێکە لە خزمەت و پاڵپشتیکردنی ئافرەتانی تر.
لە کۆتاییدا دەمەوێت بلێم ئافرەتان و گەنجان دەبێت پلان و ئامانجیان هەبێت و بڕوایان بە توانا و لێهاتووییەکانی خۆیان هەبێت و ڕێگە نەدەن هیچ شتێک ببێتە بەربەست لە بەردەم بەدەستهێنانی ئامانج و خەونەکانیان.