وەک یەکێتی ئافرەتانی کوردستان بە دروشمی (یەکگرتوویی بۆ پاراستنی ئافرەتان، دادپەروەری بۆ قوربانییان، سزادان بۆ تاوانباران)، پوختەی کار و تێکۆشان و دیدگای ئێمەیە بۆ قۆناغی داهاتوو؛ چونکە بڕوامان وایە کەمکردنەوەی دیاردەی توندوتیژی پێویستی بە هەماهەنگییەکی گشتگیر و یەکگرتوویی هەموو دامەزراوە فەرمییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، مامۆستایانی ئایینی، میدیاکاران و تاک بە تاکی کۆمەڵگە هەیە.
هاوكات بە پێزانینەوە دەڕوانینە هەنگاو و هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پێناو کەمکردنەوەی توندوتیژی و هەوڵدان بۆ فەراهەمکردنی ژینگەیەکی ئارام بۆ ئافرەتان.
هەموارکردنەوەی یاساکان، بەهێزکردنی ڕۆڵی بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان، دابینکردنی شەڵتەر و پەناگەکان، و کارکردنی جدیی دەسەڵاتی دادوەری بۆ دەستگیرکردن و بە سزاگەیاندنی تاوانباران و بکوژانی ئافرەتان، هەنگاوی گرنگ و ئەرێنین کە جێگەی دەستخۆشین. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەم هەوڵانەشدا، هێشتا ڕێگەیەکی درێژمان لەپێشە. لەو سۆنگەوە ئێمە لە یەکێتی ئافرەتانی کوردستان داوا دەكەین:
_بە توندترکردنی سزای یاسایی و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگا بەبێ هیچ لێبووردن و چاوپۆشییەک، تا ببێتە هۆکارێک بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی تاوانەکان و بەدیهێنانی دادپەروەریی تەواو بۆ قوربانییان.
_ بە چەسپاندنی کولتووری یەکسانی و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی خێزان و کۆمەڵگە لە ڕێگەی پەروەردە و ڕاگەیاندنەوە، و ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو جۆرە توندوتیژییەکی جەستەیی، دەروونی و ئەلیکترۆنی.
_ بەهێزکردنی ئابووریی ئافرەتان و پشتگیریکردنی زیاتری ئافرەتان لە بازاڕی کار و کەرتی تایبەت و گشتی، چونکە سەربەخۆیی ئابووری بەربەستێکی بەهێزە لە بەردەم چەوساندنەوەدا.
ئێمە لە یەکێتی ئافرەتانی کوردستان بەڵێن دووپات دەکەینەوە وەک هەمیشە لە سەنگەری پێشەوەی بەرگریکردن دەبین لە مافەکانی ئافرەتان و بەردەوام دەبین لە کارکردن تا کوردستانێکی ئارام، دادپەروەر و دوور لە هەموو جۆرە توندوتیژییەک بنیاد بنێین.
یەکێتی ئافرەتانی کوردستان
۲٥ی نۆڤەمبەری ۲٠۲٦
