هاودەنگ فارووق
بڕیارەکانی زەیدی بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان، نەک هەر چاوەڕوانکراو بوون، بەڵکوو هەموو کابینەکانی حکوومەتی عێراق ئەو نیازەیان هەبووە، بەڵام بۆیە نەیانکردووە بە بڕیار، چونکە دەرفەت و توانایان نەبووە.
گەلی کورد لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا ئەو ئەزموونەی هەیە کە هەمیشە چاوەڕوانی ئەو جۆرە مامەڵەیە لە عێراق بکات.
هەر جارێک عێراق بەهێز بێت، یەکەم کارێک کە دەیکات، پاشگەزبوونەوەیە لەو ڕێککەوتن و بەڵێن و لێکتێگەیشتنانەی لەگەڵ کورد هەیەتی و دواجار پەنابردنیەتی بۆ چەک و هێزی سەربازی و توندوتیژی لە دژی کورد. ئیتر لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا ئەوە ڕەفتاری عێراق بووە، هەر بۆیە عێراق وەک دەوڵەتێک شکستی هێناوە و نە دەتوانێت بمرێت و نە دەتوانێت ببێتە نیشتمانی هەمووان.
لە دەوڵەتانی دنیادا، دەستوور دایکی یاساکانە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسامییە، لە عێراق جاری وا هەیە بڕیاری سەرۆکوەزیرانێک یان وەزیرێک، حوکمێکی دەستووری ڕادەگرێت؛ ئیدی میزاجی ئەو چی ویست، هەر ئەوە جێبەجێ دەکرێت و هیچ بڕگەیەکی دەستووری و یاسایی ناتوانێت میزاج و غرووری سیاسییەکی مەغروور ڕابگرێت.
لێرەدا پێویستە ئەو ئاماژە مێژووییانە بە زەیدی و ئەوانەی دەست لە پشتی دەدەن بدرێت کە هەرێمی کوردستان خەڵاتی هیچ کام لە باوباپیرانی ئەوان نییە بۆ گەلی کوردستان؛ هەرێمی کوردستان تاکە قەوارەی نەتەوەیەکی پەنجا ملیۆن کەسییە و بووەتە جێگای ئومێدی هەموو نەتەوەی کورد. هەرێمی کوردستان بە خوێن و خەبات و قوربانیدان دروست بووە. نەتەوەیەک بۆ دروستکردنی ئەم قەوارەیە سەدان ساڵە خوێنی وەکوو ڕووبار لەبەر ڕۆیشتووە، بۆیە بە دڵنیاییەوە، هەمان ئەو نەتەوەیە ئامادەیە بۆ پاراستنی ئەو قەوارەیە خوێن بدات.
هێشتا داستانەکانی پردێ و سحێلا لەبەر چاومان ون نەبوون و کورد وێڕای ئەوەی جەخت لە پابەندبوون بە دەستوور دەکاتەوە، لە هەمان کاتدا ئەوەی پێویست بێت بۆ بەرگری لە قەوارەکەی و خاک و سنوورەکانی خۆی درێخی ناکات. کەچی هێشتا ئەوەش نابێتە هۆی ئەوەی هەست بە دڵنیایی بکەین. پرسیارێک هەیە: ئایا تاکەی کورد بە گومان و دڕدۆنگییەوە لە عێراقدا بژی؟ تاکوو کەی هەست بە دڵنیایی نەکات؟
ئەگەر عێراق و حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی لە ماوەی زیاتر لە سەد ساڵی ڕابردوودا، هەمیشە لە بازنەی نەشەڕ و نەئاشتیدا لەگەڵ کورد خولابنەوە، ئیتر هەر مرۆڤێکی ژیر دەبێت بپرسێت: تاکوو کەی تەمەنی نەوەکان لە گەڕان بەدوای دڵنیاییدا بەفیڕۆ بڕوات؟ سەد ساڵ بەس نییە بۆ ئەوەی تێبگەین عێراق ناتوانێت ببێتە وڵاتی هەمووان؟ گەر وا نییە، هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز بۆ هەر بابەتێکی ناوخۆیی هەم پێچەوانەی دەستوور و هەم پێچەوانەی ئاشتیی کۆمەڵایەتییە، کەواتە بۆچی بەغدا لەوپەڕی غروورەوە دەستی بۆ دەبات؟
