زاگرۆس فەتاح*
هەمووان دەزانن لە کۆتای ساڵی ٢٠٢٤ـدا هەڵبژاردن کرا و پارتی دیموکراتی کوردستان وەک براوەی یەکەمی هەڵبژاردن هەر زوو مەبەستی بوو کە پەرلەمان و حکومەتێکی بنکە فراوانی بەهێز بە بەشداری زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان لەسەر بنەمای ( بەرەنجامی هەڵبژاردن و لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری خەڵک و زیاتر ئاوەدانکردنەوەی کوردستان ). دابمەزرێنێت، بەڵام چەندین شێوازی جیاواز و بیانووی جۆراوجۆر گرفت و ئاستەنگ لە بەردەم هەوڵەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دروست کرا.
دواجار و دوای نزیکەی دوو ساڵ پەککەوتن لە ( ٤ / ١١ / ٢٠٢٦ )ـدا پەرلەمانی کوردستان کارا کرایەوە، ( ٥٢ ) پەرلەمانتار لە کۆی ( ١٠٠ ) پەرلەمانتار ئامادە بوون، واتە نیسابی یاسای ( پەنجا +١ ) بەزیادەوە پڕ بووە، و دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرا؛ سەرۆکی پەرلەمان لە پارتی، جێگرەکەی لە پێکهاتەی مەسیحی، و سکرتێرەکەی پێکهاتەی تورکومان، ئەم هەنگاوە وێنەیەکی روونی دیموکراسی بوو و هاوتەریب بوو لەگەڵ پەیڕەوەی ناوخۆی پەرلەمان و یاسا بەرکارەکان.
تەنانەت هەندێک پەرلەمانتار لە ناو ئەو فراکسیۆنانەی بایکۆتیان کرد، دژی بڕیاری سەرکردایەتی حیزبەکانیان هاتنە ناو هۆڵەکە و ئەرکی ئەخڵاقی و نیشتیمانی خۆیان بەجێ گەیاند، پەرلەمانتار بۆ ئەوە هەڵبژێردراوە کە لەناو پەرلەماندا ئامادەی هەبێت و لەو سەنگەرەوە بەرگری لە مافی دەنگدەران و خەڵکی کوردستان بکات.
یەکێتی، بۆچی نایەتە پێشەوە؟
هۆکاری ڕاستەقینەی دوودڵیی یەکێتی لە بەشداریکردن لە حکومەتی نوێدا ئەوەیە کە باش دەزانێت کابینەیەک بە سەرۆکایەتیی کاک مەسرور بارزانی چۆن دەبێت و چی دەکات.
با من پێتان بڵێم کابینەی دەیەم، کە کاک مەسرور بارزانی سەرۆکایەتیی دەکات، چی دەکات و چۆن دەبێت؟ (کە یەکێتیش زۆر باش ئەمە دەزانێت).
ئەجێندای سەرەکیی پارتی لە حوکمڕانیدا، هەر وەک لە بانگەشەی هەڵبژاردندا جەنابی سەرۆک ئاماژەی پێکرد، بریتییە لە: (یەک هەرێم، یەک پەرلەمان، یەک حکومەت، یەک هێزی پێشمەرگە). بێگومان، کاک مەسرور بارزانییش هەر ئەو ئەجێندایە لە حوکمڕانیدا جێبەجێ دەکات و هەرگیز کارکردن لە دەرەوەی یاسا و ئەو شێوازانەی کە لەگەڵ بنەماکانی حوکمڕانیی باشدا ناگونجێن، قبووڵ ناکات.
کاک مەسرور بارزانی دەیەوێت حکومەت لە سلێمانی و هەڵەبجەش وەک هەولێر و دهۆک بەڕاستی حکومەت بێت؛ یەک یاسا، یەک سیستەمی داراییی شەفاف، یەک ستانداردی خزمەتگوزاری و یەک پێوەر بۆ لێپرسینەوە هەبێت.
کاک مەسرور بارزانی دەیەوێت هاووڵاتیانی سنوورەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین، هەمان مافیان هەبێت کە هاووڵاتییەک لە هەولێر هەیەتی: مووچەی شەفاف لە هەژماری بانکیدا، کارەبای ٢٤ کاتژمێری و حکومەتێک کە لە بەرامبەر خەڵکدا بەرپرسیار بێت، نەک لە بەرامبەر حیزبدا.
زۆرینەی خەڵکی کوردستان باش لەوە گەیشتوون کە ئەم ئەجێندایەی کاک مەسرور بۆ هاووڵاتیان دەستکەوتە، بەڵام بۆ ئەوانەی سوودیان لە ناڕوونی وەرگرتووە، مەترسییە. هەژماری من، یەکخستنی داهاتەکان و بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان، هەموویان یەک ئامانجیان هەیە: ڕوونکردنەوەی ئەوەی پارە و داهاتی گشتی لە کوێوە دێت و بۆ کوێ دەچێت و چۆن خەرج دەکرێت.
ئەمە ئەو چاکسازییەیە کە یەکێتی نایەوێت بگاتە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەوان. هەر بۆیە کێشەکە تەنها لەسەر پۆست و پشک نییە، بەڵکو زیاتر لەسەر ئەوەیە کە ئایا حکومەتی داهاتوو حکومەتی هەموو هەرێم دەبێت بە یەک یاسا، یان حکومەتێک دەبێت کە لە سنووری سلێمانی تەنها ناوێک بێت و حیزب لە جیاتی حکومەت بڕیار بدات؟
پارتی دیموکراتی کوردستان ئامانجێکی نەتەوەیی هەیە و ئەجێنداکەی بەدیهێنانی مافە ڕەواکانی خەڵک، خزمەتکردن و ئاوەدانکردنەوەی زیاترە لە کوردستان. پارتی هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە ئەو دیدگا نەتەوەییەی خۆی نەگۆڕیوە و هیچ کاتێک کاری لەسەر لاوازکردن، توانەوە و لەناوبردنی حیزبە سیاسییەکانی تری کوردستان نەکردووە.
هەمیشەش لە کاتی تەنگانە و گرفت و ئاڵۆزییەکاندا، کە بۆ حیزبە کوردستانییەکان هاتوونەتە پێش، پارتی ڕۆڵێکی ئەرێنیی هەبووە لە پاڵپشتی و هاوکاریکردنیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان. هەمیشەش هاندەر و دەستپێشخەر بووە بۆ هەموو حیزبەکان، لە پێناو کارکردنی هاوبەش، بەهێزکردنی کوردستان و بەدەستهێنانی دەستکەوتەکاندا.
باشترین کار بۆ یەکێتی وەک حیزبێکی کوردستانی ئەوەیە کە لە چوارچێوەی ئەجێندای نیشتیمانیدا کار بکات، لە کارکردنی هاوبەش لەگەڵ پارتی ترسی توانەوە و لەناوچوونی خۆی نەبێت، و پرۆژە و ئەلتەرناتیڤ و بیرۆکەی حوکمڕانی بۆ خزمەتکردنی زیاتر بە خەڵک بهێنێتە ئاراوە.
ویستی سیاسی بۆ پەرەپێدان
لە لێکۆڵینەوەکانی پەرەپێدانی ئابووریدا، یەکێک لە گرنگترین دەرئەنجامەکان ئەوەیە کە زۆربەی چاکسازییەکان لەبەر نەبوونی پلان یان نەبوونی پارە شکست ناهێنن، بەڵکو لەبەر نەبوونی ویستی سیاسی شکست دەهێنن. لەم چوارچێوەیەدا، چەندین نموونەی سەرکەوتنی وڵاتان هەیە کە هۆکاری سەرەکیی سەرکەوتنیان، هەبوونی کارەکتەرە سیاسییەکان و ویستی سیاسیی ئەو کارەکتەرە سیاسییانە بووە. وڵاتەکانی (سەنگاپوور، کۆریای باشوور، چین، ئیمارات و ڤێتنام) لە نموونەی ئەو وڵاتانەن.
ئەوەی ئەوان لێی دەترسن و بەرهەڵستی دەکەن، ئەو ویستە سیاسییەی کاک مەسرور بارزانییە کە لە سەرۆکایەتیی کابینەی نۆیەمدا پیشانی دا و لە کابینەی دەیەمدا بەردەوامی پێ دەدات. کاک مەسرور پێداگرە لەسەر ویستە سیاسییەکانی بۆ بەدیهێنانی ئامانج و ئەجێندای کابینەکەی، کە خزمەتکردنی خەڵکی کوردستانە. هەموومان شاهێدی ئەوە بووین کە پرۆژەکانی (هەژماری من) و (ڕووناکی) چەند بەرهەڵستی و دژایەتییەکیان بەرامبەر کرا، بەڵام دواجار، ویستی سیاسیی کاک مەسرور و پێداگری و سووربوون و کۆڵنەدانی لەسەر خزمەتکردنی خەڵک، وای کرد ئەو پرۆژانە سەرکەوتوو بن.
سەرکردەیەک کە ویستی سیاسیی نەبێت، مامەڵەکردن لەگەڵی بۆ هەموو لایەک ئاسانە؛ بە ئاسانی مامەڵەی لەگەڵ دەکەن و هیچ بەرژەوەندییەکیان ڕەت ناکاتەوە. بەڵام سەرکردەیەک کە سەلماندوویەتی چاکسازی تا کۆتایی دەبات، بۆ ئەوانەی بەرژەوەندییان لە بارودۆخی ناڕووندا دابین دەبێت، مەترسییە. ئەوەی ئەمڕۆ لە بایکۆتی پەرلەمان و کشانەوە لە حکومەتدا دەیبینین، لە ناوەڕۆکدا بەرگرییە لە بەرامبەر ئەم ویستە سیاسییە.
لە دیموکراسیشدا، چەسپاندنی دامەزراوەکان لە سەرووی حیزبەوە یەکێکە لە مەرجە سەرەکییەکان. ئەوەی لە (٤/١١)دا ڕوویدا، گەڕاندنەوەی پەرلەمان بوو بۆ بنەمای سەرەکیی خۆی و کاراکردنەوە و شەرعیەتدان بوو بە دامەزراوەیەکی نیشتیمانی.
لە ئێستادا، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرۆکوەزیرانێکی لێهاتوو و بەئەزموونی هەیە و خاوەنی دیدگایەکی بەهێزی حوکمڕانییە، حەق وایە جگە لە پارتی، لایەن و کەسانی تریش پشتگیر و پاڵپشتی کارەکانی بن؛ چونکە کارەکانی گەواهیدەری لێوەشایی و سەرکردایەتیی باشی ئەون.
کاتێک لە ساڵی ٢٠١٩دا کابینەی نۆیەم دەستبەکار بوو، کەس پێشبینی ئەوەی نەدەکرد کە ئەم حکومەتە لە ماوەی تەمەنیدا ڕووبەڕووی ئەو هەموو قەیرانە یەک لەدوای یەکانە ببێتەوە: پەتای کۆرۆنا و داخستنی ژیانی ئابووری، داڕمانی نرخی نەوت، بڕین و دواخستنی بودجە و مووچە لەلایەن بەغدا، ڕاگرتنی هەناردەی نەوت بۆ ماوەیەکی درێژ، و جەنگێکی ناوچەیی کە مووشەک و درۆنەکانی گەیاندە ئاسمانی کوردستان.
لە ئاستی ناوخۆشدا، چەندین گرفت و کێشەی سیاسی و تەکنیکی و هەڵمەتی گەورەی میدیایی دژی کابینەکە بەرپا کران. ئەمەش سەرەڕای ئەوەی کە هەندێک لەوانەی لە ناو ئەنجومەنی وەزیراندا دادەنیشتن، لە دەرەوەی کۆبوونەوەکان هەوڵی شکستپێهێنانی کابینەکەیان دەدا.
لەم جۆرە بارودۆخانەدا، زۆربەی حکومەتەکانی دنیا تەنها هەوڵی مانەوە دەدەن، بەڵام ئەوەی کابینەی نۆیەم جیا دەکاتەوە، ئەوە نییە کە چۆن توانی لەو قەیرانانە دەربازی بێت، بەڵکو جیاوازییەکە ئەوەیە کە سەرەڕای تێپەڕاندنی قەیرانەکان، چەندین پرۆژەی ستراتیژی و گرنگی بونیاد نا.
بێ هەڵوێستی یان هەڵوێستی مامناوەند؟
لە ئێستادا، ناوچەکە بە گشتی بە دۆخێکی ئاڵۆز و هەستیاردا تێدەپەرێت. هەرێمی کوردستانیش بەشێکە لەو هاوکێشانە و پێویستی بە هەڵوێستی نیشتیمانییانەی لایەنە سیاسییەکان و بەهێزکردنی دامەزراوەکانی هەیە. بەڵام، بەداخەوە، سەرەڕای کاراکردنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، هەندێک لایەن هێشتا کورسییەکانی خۆیان بە بەتاڵی هێشتووەتەوە و هەڵوێستەکانیان بە نهێنی لە دڵی خۆیاندا حەشار داوە و بە ناوی (بێلایەنی)، بێ هەڵوێستییان هەڵبژاردووە. لە ڕاستیدا، ئەم (بێلایەنییە)یان دەچێتە بەرەی بایکۆتکەرانی پەرلەمانەوە.
هەندێک جار، لە ترسی لەدەستدانی چەند بەرژەوەندییەکی بچووکی کەسی و حیزبی، هەڵوێستە سیاسییەکانیان لە کاتە هەستیارەکاندا وەلا دەنێن. لە ڕاستیدا، لە بارودۆخێکی وەها هەستیار و گرنگدا، ئەگەر حیزبێکی سیاسی هیچ هەڵوێستێکی سیاسیی نەبێت، چۆن وەڵامی دەنگدەرانی دەداتەوە؟ جیاوازیی ئەو حیزبە سیاسییە لە بوون و نەبوونیدا چییە؟
بۆ نموونە، یەکگرتووی ئیسلامی، کە لەم خولەی پەرلەمانی کوردستاندا خاوەنی (٧) کورسییە، لە بەهاری ئەمساڵدا دەستپێشخەرییەکی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت ڕاگەیاند. کەچی ئێستا، کە پەرلەمان کارا کراوەتەوە، کورسییەکانی خۆی بەتاڵ هێشتووەتەوە.
بێگومان، ئەمە بووەتە پرسیارێکی ڕەوا لای خەڵکی کوردستان بە گشتی و دەنگدەرانی یەکگرتوو بە تایبەتی. لە ساتی وەها هەستیاردا، هەستی بەرپرسیارێتی واتە ئامادەبوون، نەک چاوەڕوانی لە دەرەوەی گۆڕەپانەکە. دەنگدەرانی ئەو حیزبانە دەنگیان پێ داون بۆ ئەوەی لە پەرلەماندا قسەیان بۆ بکەن و بەرگری لە مافەکانیان بکەن، نەک بۆ ئەوەی بە بێدەنگی و لە دوورەوە لێیان بڕوانن.
هێشتا دەرگاکە کراوەیە
پارتی، وەک لایەنی براوەی هەڵبژاردن، داوای پێکهێنانی حکومەتێکی هاوبەشی بنکەفراوان دەکات، بە پێی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان؛ حکومەتێکی بەهێز کە هەموو لایەنە بەشداربووەکانی لە سەرکەوتن و لە قورساییدا بەیەکەوە بەرپرسیارێتی هەڵبگرن. هاوبەشی لە حکومەتدا واتە هاوبەشی لە بەرپرسیارێتیدا، نەک ئەوەی لایەنێک لە کاتی سەرکەوتندا خۆی بە خاوەن بزانێت و لە کاتی قەیراندا ڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆن ببینێت.
سەرۆک بارزانی، ڕاستەوخۆ دوای کاراکردنەوەی پەرلەمان، دەستپێشخەرییەکی بۆ ئەوە ڕاگەیاند کە لایەنەکان، بە تایبەتی (پارتی و یەکێتی)، پێکەوە دابنیشن و پەرلەمان و حکومەتێکی کارا پێکبهێنن. هەروەها داوای لە لایەنە بایکۆتکەرەکان کرد بگەڕێنەوە بۆ پەرلەمان. ئەم بانگەوازە هێشتا لە جێی خۆیدایە.
پەرلەمان شوێنی ناکۆکی و گفتوگۆ و ڕەخنەیە؛ ئەوەی ڕەخنەی هەیە، با لە ناو هۆڵی پەرلەماندا بیڵێت، و ئەوەی بەرنامەیەکی باشتر هەیە، با لەوێ پێشکەشی بکات. بەڵام کورسیی بەتاڵ نە ڕەخنەیە، نە بەرنامە و نە هەڵوێستی مامناوەند؛ هەروەها جێبەجێکردنی ئەرکی ئەخلاقی و سیاسی و نیشتیمانیی هیچ حیزبێکیش نییە.
ئەوانەی ئەمڕۆ لە پەرلەمان دوور دەکەونەوە، دەبێت ڕاشکاوانە بە خەڵکی کوردستان بە گشتی و دەنگدەرانی خۆیان بە تایبەتی بڵێن: ئایا لە دەرئەنجامی هەڵبژاردن ڕادەکەن، یان لە چاکسازی؟ چونکە هیچ هۆکارێکی تری ڕوون لە گۆڕێدا نییە بۆ ڕاکردن و دوورکەوتنەوەیان لە پەرلەمان.
*ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
