شیکارکردنی: سەباح هورمز
نووسینی: باهۆز مستەفا
هەروەک چۆن ڕەنگە نووسەری کورتەچیرۆک خۆی لە نووسینی ڕۆماندا بە دەستەوەستان ببینێت، ڕەنگە ڕۆماننووسیش بە هەمان شێوە بکەوێتە هەمان تەڵەوە لە نووسینی کورتەچیرۆکدا دەستەوەستان بێت، چونکە هەر ژانرێکی ئەدەبی تەکنیک و ئامرازە تایبەتی خۆی هەیە، پرۆسەی داهێنان وا ناخوازێت، کە نووسەر توانای داهێنانی لە چەند ژانرێک، یان لە هەردووکیاندا هەبێت.
هۆکاری ئەم دەستەوەستانییە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو جیاوازییە جەوهەرییەی لە مەرج و تایبەتمەندییەکانی هەردوو هونەرەکەدا هەیە، ئەگەر کورتەچیرۆک لەسەر دەستپێوەگرتن زمان، چڕکردنەوە لە بنیاتنانی کارەکتەر و ڕووداوەکان، جەختکردنەوە لەسەر ساتێک، یان هەڵوێستێکی دیاریکراو بنیات بنرێت. ئەوا ڕۆمان بە پێچەوانەی ئەوەوە پشت بە فراوانخوازی لە گێڕانەوە، وردەکاری لە کێشانی هێڵ و ڕەهەندەکانی کارەکتەرەکان، لقوپۆپ لێکردنەوەی ڕووداوەکان دەبەستێت.
مەرج و تایبەتمەندییە هونەرییەکانی کورتەچیرۆک سەرجەم پێکهاتە بنیاتنەرییەکانی دەگرێتەوە، لە پێشەکییەوە دەست پێدەکات، بە ناوەڕاست و گرێدا تێدەپەڕێت و بە کۆتایی دادێت. پێشەکی دیارترین ڕەگەزیەتی، چونکە کۆڵەکەی سەرەکییە، کە بنیاتی گێڕانەوەی لەسەر دەوەستێت.
لە پێشەکیی ئەو کتێبەیدا، کە دکتۆر (نەبهان حەسون ئەلسەعدون) بە ناونیشانی (خوێندنەوەیەکی شیکاری بۆ کۆمەڵەچیرۆکەکانی هەیسەم بەهنام بەردا) نووسیویەتی، جەخت لەسەر دوو پرسی گرنگ دەکاتەوە کە پێویستە نووسەری کورتەچیرۆک ئاگاداریان بێت: یەکەمیان ئەوەیە کە کورتەچیرۆک ناتوانێت ئەزموونە ئاڵۆز و فراوانەکان و ئەوانەی درێژبوونەوەیەکی کاتی و شوێنیی بەرفراوانیان هەیە لەخۆ بگرێت، دووەمیشیان ئەوەیە کە ڕەگەزی کارەکتەر لە کورتەچیرۆکدا لە ڕەگەزەکانی دیکە زیاتر دەردەکەوێت، چونکە (گرنگترین ڕەگەزی چیرۆکەکانە).
نووسەر لەم کورتەچیرۆکەیدا باس لە خۆ بەگەورەزانینی ڕۆشنبیران بەسەر خەڵکی گشتیدا دەکات، بۆ ئەمەش پشت بە گێڕانەوەی خودی (منی قسەکەر) دەبەستێت وەک ئامرازێکی گێڕانەوە، کە ڕێگەی پێدەدات سروشتی پەیوەندییە ئاڵۆزەکەی نێوان ڕۆشنبیر و دەوروبەرە کۆمەڵایەتییەکەی ئاشکرا بکات، هەروەها ئەو مەیلەی بۆ جیاوازیخوازی، لووتبەرزی و قۆرخکردنی مەعریفەی تێیدایە، ئەمەش لە ڕێگەی سەرقاڵبوونی گێڕەرەوە بە ڕێکخستنی کتێبخانەکەیەوە کە ماوەیەکی زۆر بوو پشتگوێی خستبوو، گرنگیی پێ نەدابوو، لەگەڵ سەردانی یەکێک لە هاوڕێکانی کە هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە، گێڕەرەوە بە بوونی پردێکی لێکتێگەیشتن لە نێوانیاندا هەست بە ئاسوودەیی لەگەڵیدا دەکات.
لێرەدا ئەو پارادۆکسە ڕوون دەبێتەوە، کە چیرۆکنووس کاری لەسەر دەکات، ئەو هاوڕێیەی کە وا گریمانە دەکرێت لە ڕووی تێگەیشتنی هزری و ڕۆشنبیرییەوە لە هەمووان نزیکتر بێت لە گێڕەرەوە، لەپڕ داوای خواردنەوەی پێکێک عارەق، یان بیرەی لێدەکات لە بری چا یان قاوە، بە بیانووی ئەوەی ناتوانێت دەقێکی جوان بنووسێت ئەگەر سەرەتا بە خواردنەوەی یەکێک لەوانە دەست پێ نەکات. لەمەوە ململانێ لە نێوان هەردوو کارەکتەرەکەدا سەرهەڵدەدات، لەدوای ئەوە هەریەکەیان دەست دەکات بە هەڵدانەوەی پەردە لەسەر نهێنییەکانی ئەوی دیکە، بەمەش گفتوگۆی نێوانیان دەگۆڕێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و ئاشکراکردنی هەموو ئەو شتانەی لە ناخیاندا هەڵیانگرتووە بەرانبەر یەکتری.
چیرۆکنووس ئەو ململانێیەی نێوانیان تەنیا لە سنووری هەڵدانەوەی پەردە و ئاشکراکردنی نهێنییەکان ناهێڵێتەوە، بەڵکو بەرەو ئاستێکی توندوتیژتر دەیبات، کاتێک دەمەقاڵێی زارەکی دەگۆڕێت بۆ دەستەویەخە و لێکدان بە دەست.
کاتێک چیرۆکەکە لە کۆتاییەکەی نزیک دەبێتەوە، هەردوو کارەکتەرەکە دەستەویەخەی یەکتریان گرتووە، کارەکتەری سێیەم دێتە ناو ڕووداوەکەوە، کە ئەویش کارەکتەری باخەوانەکەیە، لە کاتی شەڕەکەدا لە باخچەی ماڵی گێڕەرەوەدا کاری دەکرد، هەوڵی کۆتاییهێنان بە شەڕەکە و لێکجیاکردنەوەی هەردوو نەیارەکە دەدات.
هاتنەناوەوەی باخەوانەکە بۆ ناو ڕووداوەکە لە کاتێکدا چیرۆکەکە خەریکە دەگاتە کۆتایی، هێندەی ئاماژەیە بۆ شکاندنی دووانەی ململانێی نێوان ڕۆشنبیران، هێندەش دەلالەتی هەیە کە پەیوەست بێت بە پێگەی باخەوانەکە بەرانبەر بە دوو کارەکتەرە ڕۆشنبیرەکە. واتە هاتنەناوەوەی باخەوانەکە وەک هێمایەک بۆ خەڵکی گشتی، تەنیا ئەوە ناگەیەنێت کە دژی خۆبەگەورەزانینە، بەڵکو لە ڕۆشنبیران و هەڵگرانی بڕوانامەی دکتۆراش هۆشیارتر و ڕۆشنبیرترە، بە هۆکارێکی زۆر سادە، بەڵام زۆر گرنگیش، ئەویش ئەوەیە کە ئەم کارەکتەرە توانی هەردوو کارەکتەرەکە لێک جیا بکاتەوە و بەوەش گرێی خۆبەگەورەزانینەکەیان بکاتەوە، تەنانەت ئەگەر بە شێوەیەکی کاتیش بێت.
لێرەدا پارادۆکسی دووەم دەردەکەوێت، کە بریتییە لەوەی چیرۆکنووس کارەکتەرێکی دەرەوەی بازنەی ڕۆشنبیران دەکاتە کارەکتەرێک، کە بە کردەوە ئەوە ئەنجام دەدات کە دوو کارەکتەرە ڕۆشنبیرەکە لە ئەنجامدانی دەستەوەستان بوون، ئەویش گەیشتنە بە لۆژیک، هەروەها ئەم پارادۆکسە پەیوەندییە تەقلیدییەکەی نێوان ڕۆشنبیر و خەڵکی گشتی سەراوژێر دەکاتەوە، چونکە بڕوانامەی زانستی بەڵگە نییە بۆ هۆشیاری، نەبوونیشی بەڵگە نییە بۆ کەمیی هۆشیاری.
ئەگەر ڕەگەزێک هەبێت ڕۆڵی پردێک ببینێت کە سێ ڕەگەزەکەی چیرۆک (پێشەکی، ناوەڕاست و کۆتایی) پێکەوە ببەستێتەوە، ئەوا ئەو ڕەگەزە بریتییە لە گرێچن (حبکە)، کە لە ڕێگەی هێما و دەلالەتی ئاماژەبەخشەوە بەشداری لە گەیاندنی تێمای چیرۆکەکە بە خوێنەر دەکات. لێرەدا ڕۆڵی ئەم ڕەگەزە لە بەخشینی جوانی بە بنیاتی دەق و دوورخستنەوەی لە ڕاستەوخۆیی و بڕیاردان دەردەکەوێت.
ڕۆڵی چنین لێرەدا ناوەستێت، بەڵکو درێژ دەبێتەوە بۆ ئەوەی هەمان ڕەهەندی شاراوە بە هەر سێ ڕەگەزەکە ببەخشێت، کە بریتییە لەو پشێوییەی لە ماڵی گێڕەرەوەدا زاڵە، بە لێکدانەوەش ئەو وێرانکارییەی کە ڕەگی لە عێراقدا داکوتیوە.
پشێوییەکە تەنیا لە کتێبخانەی گێڕەرەوەدا کورت نابێتەوە کاتێک هەوڵی ڕێکخستنەوەی دەدات، بەڵکو بە ئامادەبوونی هاوڕێکەی و لە ئەنجامی شەڕەکەی نێوانیاندا زیاتر تەشەنە دەکات، هەروەها پشێوییەکە لە سنووری شوێندا ناوەستێت، بەڵکو درێژ دەبێتەوە بۆ هزری هەردوو کارەکتەرەکە وەک دوو هێمای ڕۆشنبیری، تا دەگاتە باخچەی ماڵەکە، کە بووەتە زەوییەکی بێ بەرهەم، باخەوانەکە هەوڵی ڕازاندنەوە و گەڕاندنەوەی ژیانی بۆ دەدات.
ڕەنگە چیرۆکنووس لە ڕێگەی پارادۆکسی سێیەمی چیرۆکەکەوە بیەوێت بڵێت، کە چینە ئاسییەکەی ناو کۆمەڵگا بە گشتی، بە پێچەوانەی دەستەبژێری ڕۆشنبیرەوە، شیاوترن بۆ ئەنجامدانی کاری ئەرێنی و بەشداریکردن لە بنیاتنانەوەی کۆمەڵگەدا، مادام ڕۆشنبیری بووەتە ئامرازێک بۆ ڕواڵەتی ساختە لە بری ئەوەی هۆکارێک بێت بۆ گۆڕانکاری.
با بگەڕێینەوە سەر ئەو تایبەتمەندی و مەرجانەی لە کورتەچیرۆکدا هەن، بە گوێرەی بۆچوونی دکتۆر حەسان نەبهان سەعدون، ئایا چیرۆکنووس باهۆز مستەفا توانیویەتی بە کردەوە لە چیرۆکەکەیدا (کتێبخانە) جێبەجێیان بکات؟
سەرەڕای ئەوەی دکتۆر نەبهان باسی تەکنیکی پارادۆکسی نەکردووە وەک یەکێک لەو مەرج و تایبەتمەندییانەی بەشداری لە سەرکەوتنی کورتەچیرۆکدا دەکەن، بەڵام ئەم تەکنیکە ڕۆڵێکی گەورەی لە سەرکەوتنی ئەم چیرۆکەدا بینیوە کە قسەی لەسەر دەکەین، سەرەڕای یەکێتیی بابەت، کە لە پشێویی زاڵی ناو ماڵی گێڕەرەوەدا بەرجەستە دەبێت و لە هەر سێ ڕەگەزە سەرەکییەکەی چیرۆکەکەدا (پێشەکی، ناوەڕاست و کۆتایی) دەردەکەوێت.
دکتۆر لە هەموو ڕەگەزەکانی دیکە زیاتر جەختی لەسەر گرنگیی کارەکتەر لەم جۆرە ژانرە ئەدەبییەدا کردووەتەوە.
بە پشتبەستن بەو سێ کارەکتەرەی چیرۆکنووس بەرجەستەی کردوون و دابەشکردنیان بە شێوەیەک کە لەگەڵ سێ قۆناغەکەی کورتەچیرۆکدا بگونجێت (گێڕەرەوە لە پێشەکی، هاوڕێ دکتۆرەکەی لە ناوەڕاست و باخەوانەکە لە کۆتاییدا)، سەرەڕای ئەو ململانێیەی لە نێوانیاندا هەیە، پێم وایە چیرۆکنووس توانیویەتی ئەم ڕەگەزە هەرە گرنگ و دیارەی بنیاتی چیرۆک بە شێوەیەکی سەرکەوتوو بەکاربهێنێت.
ئەگەر ئامادەیی دەلالیی کارەکتەری گێڕەرەوە ئاماژە بە دووفاقییەکەی بکات، لە ڕووی پشتگوێخستنی کەمورتی و پێداویستییەکانی ماڵەوە، ئەوا لە بەرامبەردا جددییەت و توندوتۆڵییەکەی لەبارەی خوێندنەوەی کتێب، یان نووسینی دەقێکی ئەدەبییەوە ئاشکرا دەکات.
ئەم دژبەیەکییە پارادۆکسی چوارەمی لەخۆ گرتووە، ئەویش ئەوەیە کە گێڕەرەوە لە کاتێکدا لە بواری ڕۆشنبیریدا بە توندی پابەندە، لە هەمان کاتدا بەرامبەر بەو جیهانە ماددییەی تێیدا دەژی خەمخۆر دەرناکەوێت، بە واتایەکی دیکە، کەمتەرخەمی لە بواری گوزەرانی ژیاندا، لە بەرانبەر پابەندبوون لە بواری ڕۆشنبیریدا.
سەبارەت بە ئامادەیی دەلالیی هاوڕێ دکتۆرەکەی، لە گوێنەدانی بە ڕێککەوتنی پێشوەختە بۆ سەردانەکان و سەپاندنی خواستەکانی بەسەر ئەوەدا، کە پێچەوانەی خواستەکانی گێڕەرەوەیە دەردەکەوێت، ئەمەش لە ڕێگەی نەخواردنەوەی چا یان قاوە و پێداگریکردنی لەسەر خواردنەوەی عارەق یان بیرە.
لە کاتێکدا ئامادەیی دەلالیی باخەوانەکە لە عەقڵانییەتدا خۆی دەنوێنێت، کاتێک شەڕی هەردوو کارەکتەرەکە کۆتایی پێدەهێنێت بە شێوەیەک قسەیان لەگەڵ دەکات، کە هەرچەندە توندوتیژیی پێوە دیارە، بەڵام بێبەش نییە لە ئامۆژگاری و ڕێنوێنیکردن بۆ سەر ڕێگەی ڕاست. لێرەدا لە وەرگێڕانی ئەو ئەزموونە درێژەی باخەوانەکە بۆ واقیعی ژیان، دژبەیەکیی نێوان ڕۆشنبیرێک کە خاوەنی مەعریفەیە، بەڵام نازانێت بەکاری بهێنێت، مرۆڤێکی سادە کە تێگەیشتن و ئەزموونەکەی دەکاتە کردارێکی بەسوود، باشتر بەدیار دەکەوێت.
دوایین خاڵیش کە دکتۆر نەبهان ئاماژەی پێ کردووە و پەیوەستە بە نەتوانینی چیرۆک بۆ لەخۆگرتنی ئەزموونە ئاڵۆزەکان، پارادۆکسی پێنجەمی تێدا دەردەکەوێت، چونکە چیرۆکنووس باسی ڕووداوێکی گەورە، یان ئەزموونێکی ئاڵۆزی نەکردووە، بەڵکو بە پێچەوانەوە لە ڕووداوێکی سادەوە دەستی پێ کردووە، بەڵام توانیویەتی بیکاتە ڕووداوێکی گەورە، ئەمەش لە ڕێگەی لێکچواندنی ماڵ و باخچەکە وەکو هێمایەک بۆ کۆمەڵگای عێراق، کە تەنیا بە بازووی خەڵکی گشتی نەبێت ناتوانرێت سەرلەنوێ بنیات بنرێتەوە، نەک بە دەستی ئەو ڕۆشنبیرانەی لە ململانێکانی خۆیاندا نقوم بوون و لە گۆڕینی ڕۆشنبیرییەکەیان بۆ کردارێکی ڕاستەقینە دەستەوەستان بوون.
تێبینی: ئەم وتارە ڕەخنەییە لە بنەڕەتدا بە زمانی عەرەبی نووسراوە و کراوەتە کوردی.
