ڕائیب جادر – هەولێر
لە گفتوگۆکانی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لێکتێگەیشتن لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٧ دروست بووە. پەرلەمانتارێکیش دەڵێت، ئامانجی سەرەکی ئێمە چارەکردنی یەکجارەکی کێشەی مووچە و زامنکردنی پشکی ھەرێمی کوردستانە لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٧.
بودجەی ساڵی ٢٠٢٧ـی عێراق بە ٢٠٠ ترلیۆن دینار دەخەمڵێنرێت، لەو بڕەش ١٥٠ ترلیۆن دیناری بۆ مووچە و پابەندییە داراییەکانی دیکەی دەوڵەت تەرخان دەکرێت و ٥٠ ترلیۆنەکەی دیکەش بۆ وەبەرھێنان، بەرنامە و پڕۆژەکان تەرخان دەکرێت.
داھاتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٧ بە ١٧٤ ترلیۆن دینار خەمڵێندراوە و خەرجییەکانیش دەگەنە ٢١٧ ترلیۆن دینار، بەمەش ٤٣ ترلیۆن دینار کورتھێنان لە بودجەدا دروست دەبێت و بڕیارە حکوومەت لە ڕێگەی قەرزی ناوخۆیی و دەرەکییەوە پڕی بکاتەوە.
حکوومەتی عێراق بە ھاوکاری بانکی نێودەوڵەتی بۆ ساڵی ٢٠٢٧ یاسای بودجە لەسەر شێوازی “بەرنامە و ئەدا” ئامادە دەکات، واتە لەمەودوا لەبری ئەوەی حکوومەت ھەموو شتێک بکڕێت، دەیەوێت بەرچاوی ڕوون بێت کە لەوەی خەرج دەکرێت، دەوڵەت چی دەستدەکەوێتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش بڕگەی خەرجییەکان لە بودجەدا دەستکاری دەکرێت و سەرکەوتوویی فەرمانگەکانیش بە جێبەجێکردنی ئەو ئامانجانە دەپێورێت کە بۆیان دیاریکراوە.
حکوومەتی فیدراڵی نەک تەنیا لە ڕووی داراییەوە، بەڵکو لە ڕووی دیمۆگرافیشەوە ستەمی کردووە، بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٤، ڕێژەی دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان “١٤.١٤%”ـی کۆی عێراقە، کەچی تێکڕای ئەوەی بە کردار نێردراوە تەنیا”٢.٠٤%” بووە. سەرباری ئەمەش، لە ڕەشنووسی بودجەی ساڵی ٢٠٢٧، پشکی ھەرێم بەبێ گوێدانە ئامارەکان بە “١٢.٧٠%” دیاریکراوە، ئەوە لە کاتێکدایە شاندی باڵای ھەرێمی کوردستان تایبەت بە پرسی بودجە زیاتر لە پێنج جار سەردانی بەغدای کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق بە تایبەت سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی فیدراڵ کۆبوونەتەوە.
فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە، بەپێی بنەما یاساییەکان دەبێت بودجە لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووانی عێراق دابەش بکرێت، حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە، پێویستە بودجەی ھەرێمی کوردستان بەگوێرەی ئامارەکانی سەرژمێری بێت، واتە ڕێژەی ١٤.١٤%ـی بودجەی گشتی بۆ تەرخان بکرێت.
زیرەک زێباری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ئاشکرای کرد: تا ئێستا کۆبوونەوەکانی لیژنەی ھاوبەشی نێوان بەغدا و شاندی ھەرێم بە سەرۆکایەتیی وەزیری دارایی عێراق نەگەیشتوونەتە ھیچ ئەنجامێک، چونکە بەھۆی دۆسیەی جورف سەخر و ئەو بارودۆخەی لە بەغدا دروست بوو، بابەتی بودجە ھەندێک خاوبوونەوەی تێکەوتووە، ھەروەھا پێشبینیشی کرد کە پەسەندکردنی بودجەی ٢٠٢٧ بکەوێتە ساڵی داھاتوو، بەو پێیەی پشووی یاسادانانی پەرلەمان کە دەبوو لە ١ـی تشرینی دووەم دەست پێبکات، بەڵام تا ١ـی کانوونی یەکەم درێژ کرایەوە، بۆیە مانگی داھاتوو پشووەکە دەست پێدەکات و باوەڕ ناکات جارێکی دیکە درێژ بکرێتەوە، چونکە بە گوتەی ئەو، نەک تەنیا کورد، بەڵکو لایەنە عەرەبەکان و ھەموو فراکسیۆنە سیاسییەکانیش تێبینییان لەسەر ڕەشنووسی بودجە ھەیە، ئەمەش دەبێتە ھۆی دواکەوتنی.
سەبارەت بە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقیش بۆ دەنگدان لەسەر ڕەشنووسی بودجەی ٢٠٢٧، زێباری، پێی وا بوو کە ئەویش ئێستا ئەستەمە و دەکەوێتە ساڵی داھاتوو، چونکە ئەگەر کۆبوونەوەی لەسەر بکرێت، ھەندێک لە وەزیرەکان تێبینییان لەسەر خاڵەکانی ڕەشنووسەکە دەبێت و تاوتوێکردن و بڕیاردان لەسەری کاتی دەوێت، تەنانەت ئەگەر لە ئەنجوومەنی وەزیرانیش دانیشتنی لەسەر بکرێت باوەڕ ناکات تێپەڕێنرێت و ڕاستەوخۆ بنێردرێتە پەرلەمان.
دەربارەی پشکی ھەرێمی کوردستان لە بودجەی ٢٠٢٧ـدا، زیرەک زێباری، ڕایگەیاند، ھەرێمی کوردستان ڕازی بووە لە بری ١٤.١٤%ـی ڕێژەی سەرژمێریی ٢٠٢٤، پشکەکەی ١٢.٦٧% بێت، بەو مەرجەی مووچەی مووچەخۆران لە خەرجیی فیعلی دەربھێنرێت. بەڵام سەبارەت بە بوونی دڵنیایی لە بەغدا، ئاشکرای کرد، لەسەر جێگیرکردنی ئەو مەرجە تا ئێستا ھیچ گەرەنتی و بەڵێنێکی فەرمی نەدراوە، تەنیا یەک بەڵێنی سەرۆکوەزیرانی عێراق ھەیە کە گوتوویەتی، تا من سەرۆکوەزیران بم، ناھێڵم مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان بوەستێت.
سەبارەت بە مەرجەکانی ڕادەستکردنی نەوت و داھاتی نانەوتی، زێباری گوتی: ھێشتا لەسەر ئەوە ڕێککەوتن نییە و تێبینییان ھەیە، چونکە بەغدا داوا دەکات داھاتی نانەوتی ١٠٠% ڕادەست بکرێت و ڕۆژانەش ٤٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکرێت. پەرلەمانتارەکە ڕوونی کردەوە، کە ھەرێم ئەو بڕە بەرھەمھێنانەی نییە و ڕادەستکردنی %١٠٠ـی داھاتی نانەوتیش غەدرێکە لە حکوومەتی ھەرێم.
لەلایەکی دیکەوە سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، ڕایگەیاند، سەردانەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ بەغدا پڕ لە دەستکەوت بوو و توانی بە یەک سەردان چەندین کێشەی کەڵەکەبوو یەکلایی بکاتەوە، لە کاتێکدا ڕەشنووسی بودجە نائارامی دروست کردبوو و مووچەی مسۆگەر نەکردبوو، بەڵام سەرۆکوەزیران چەقی ھەوڵەکانی بۆ ئەوە تەرخان کرد کە دەبێت پێش ھەموو شتێک مووچەی مووچەخۆران لە بەغدا زامن بکرێت و ئەمەش بەدەستھات.
ئەو پەرلەمانتارە، دەشڵێ: ئامانجی سەرەکی ئێمە چارەکردنی یەکجارەکی کێشەی مووچە و زامنکردنی پشکی ھەرێمی کوردستانە لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٧، سەرجەم تێبینی و بۆچوونەکانی خۆمان داوەتە لایەنە پەیوەندیدارەکانی بەغدا بە مەبەستی زامنکردنی تەواوی ماف و شایستە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان، لە ڕەشنووسی بودجەدا.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، دەشڵێ: داخوازیی سەرەکیی ئێمە ئەوەیە کە مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان گەرەنتی بکرێت، بە جۆرێک کە ھیچ لایەن و کەسێک نەتوانێت بە بڕیاری سیاسی یان میزاجی کەسی کێشە و ئاستەنگ بۆ خەرجکردن و ناردنی مووچە دروست بکات، لە ھەمان کاتدا پێویستە داواکارییەکانی حکوومەتی فیدراڵ لەسەر پرسی نەوت، لە ئاستی توانای جێبەجێکردنی ھەرێمی کوردستاندا بێت و مەرجی قورس نەخەنەڕوو، بە تایبەت کە ھەمووان ئاگادارن ھەرێمی کوردستان ئێستا توانای بەرھەمھێنانی ٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی نییە، بۆیە پێویستە ئەم پرسە بە شێوازێکی واقیعی یەکلایی بکرێتەوە تا لە داھاتوودا سەر نەکێشێت بۆ دروستبوونی کێشە لە شایستە داراییەکان و مووچەی ھاووڵاتییاندا.
