سلێمان تاشان – هەولێر
رەشنووسی بودجەی ساڵی ٢٠٢٧ی عێراق، کە ئێستا لە ئەنجوومەنی وەزیرانە و وادەکەی دیار نییە چ کاتێک ڕەوانەی پەرلەمانی عێراق دەکرێت، بۆ هەرێمی کوردستان مەترسیدارە؛ ئەم کابینەیەی عێراق خەریکە بە شێوەیەک مامەڵە لەگەڵ پشکی هەرێمی کوردستان و شایستە داراییەکانی دەکات، کە خۆزگە بۆ کابینەکانی پێشوو بخوازرێت.
حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق، ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، پەردەی لەسەر تەواوکردنی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی ٢٠٢٧ هەڵدایەوە و وەک دەستکەوتێکی ئابووریی گەورە و قۆناغێکی نوێی دارایی بۆ وڵات وەسفی کرد، بێ ئەوەی ویست و داخوازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان قبوڵ بکات و ڕێز لە ڕەخنە و نیگەرانییەکانی بگرێت. ئەمساڵ دەیان جار شاندی هەرێم لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی دانیشتن بۆ تاوتوێکردنی ڕەشنووسی بودجە، بەڵام دواجار هەر ئەوە ئامادەیە بۆ ڕەوانەکردن کە وەزارەتی دارایی و لایەنی باڵادەست بە گونجاوی دەزانن، ئەمەش پێچەوانەی بنەماکانی دەستوور، دەوڵەتی سازان و پێکەوەژیانە.
بە گوتەی عەبوودی، هەردوو وەزارەتی دارایی و پلاندانان بەگوێرەی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی، سەرجەم بڕگەکانی داهات، خەرجی و کورتهێنانی پێشبینیکراویان جێگیر کردووە، هاوکات بودجەکەیان بۆ چەندین پڕۆژەی ستراتیژی و درێژخایەن تەرخان کردووە. دیارترین تەوەرێک کە گوتەبێژەکەی بەغدا وەک سەرکەوتنی کابینەکەی باسی دەکات، بەرزبوونەوەی پشکی داهاتی نانەوتییە بۆ لانیکەم لە سەدا نۆزدە لە کۆی گشتیی داهاتەکان، کە بە گوتەی خۆی بەرزترین ڕێژەیە لە مێژووی عێراقدا و پێش ساڵی ٢٠٢٦ هەرگیز لە سەدا یازدەی تێنەپەڕاندووە. عەبوودی ئەم هەڵکشانە دەبەستێتەوە بە چاکسازییەکانی حکومەت لە وشککردنی سەرچاوەکانی گەندەڵی، بەدیجیتاڵیکردنی دامەزراوەکان، ڕێکخستنی دەروازە سنوورییەکان و کاراکردنی سیستمی باج، بە ئامانجی پاراستنی ئابووریی عێراق لە هەڵبەز و دابەزی نرخی نەوت.
لە کاتێکدا بەغدا بە زمانی گەشبینی و چاکسازییەوە باس لە بودجەی ٢٠٢٧ دەکات، بەڵام کاتێک دێتە سەر دۆسیەی هەرێمی کوردستان، زمانەکە دەگۆڕێت بۆ تۆمەتبارکردن و سەپاندنی مەرجی قورس گرفتە سەرەکییەکە لەناو دەقی ڕەشنووسەکەدا خۆی لە جێگیرکردنی بڕی لانیکەم چوارسەد و چل و پێنج هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە دەبینێتەوە وەک پابەندییەک لەسەر هەرێمی کوردستان. ئەم ژمارەیە لە کاتێکدا سەپێنراوە کە حکوومەتی هەرێم بە فەرمی و بە داتا جەخت دەکاتەوە ئاستی بەرهەمهێنانی ئێستای نەوت لە هەرێم لەو بڕە زۆر کەمترە. دانانی مەرجێک کە لە سەرووی توانای ڕاستەقینەی بەرهەمهێنانەوە بێت، بە واتای دروستکردنی بیانوویەکی یاسایی دێت لەناو بودجەدا تاوەکو لە کاتی جێبەجێکردندا، بەغدا بتوانێت بە پاساوی پابەندنەبوون، شایستە داراییەکانی هەرێم ببڕێت یان دوای بخات؛ هەنگاوێک کە بە ستەمێکی ئاشکرای دارایی بەرامبەر هاووڵاتییانی هەرێم هەژمار دەکرێت.
جگە لەمە، هەرێمی کوردستان هەر خۆی نەوتەکەی ڕادەستی حکوومەتی عێراق کردووە تا بیفرۆشێت، بەڵام هیچ گەرەنتییەک نییە ئەو بەرهەمهێنانە چەند بێت، چونکە لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا، هۆکاری سەرەکیی دابەزینی بەرهەمهێنانی نەوت لە کوردستان ئەو هێرشانە بوون کە دەکرانە سەر کێڵگەکانی نەوت و بەشێک لەو هێرشانەش لەلایەن گرووپە میلیشیاکانەوە ئەنجام دەدران، بەڵام بەغدا نەیتوانی جڵەویان بکات، بۆیە کەمبوونەوەی هەناردەی نەوت هیچ سووچێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی تێدا نییە.
ڕەخنە و نیگەرانییەکان تەنیا لە دۆسیەی نەوتدا کورت نابنەوە، بەڵکو ڕاستەوخۆ بژێویی سەدان هەزار خێزانی هەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج. هەرێمی کوردستان دانەوەی بەشێک لە قەرزەکانی عێراقی خراوەتە سەر شان، بەڵام لە وەرگرتنی قەرزەکان بێبەش کراوە. پشکی هەرێمی کوردستان لە وەبەرهێنان ئەوەندە کەمە شایانی باسکردن نییە، جگە لەمە پشکی هەرێم زۆر کەمتر لە پشکی ڕاستەقینە بەگوێرەی سەرژمێری دەستنیشان کراوە؛ ئەمە وێڕای ئەوەی پشکەکە لە بودجەی کرداری هەژمار کراوە و بەشێکی زۆری بودجە بۆ خەرجیی سیادی چووە و بووەتە بارگرانییەکی زۆر بۆ هەرێمی کوردستان. بە دەیان بڕگە و خاڵی دیکە لە بودجەدا هەیە کە چاودێرانی ئابووری و سیاسی وەک بۆمبی چێنراو هەژماری دەکەن و عێراق هەر کاتێک بخوازێت دەیانتەقێنێتەوە.
کورتکردنەوەی لیستی مووچەخۆران لەو ژمارەیەی خۆی دیاری کردووە ، مەترسییەکی ڕاستەقینە دروست دەکات کە لە ساڵی ٢٠٢٧ـیشدا هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو، کێشەی کورتهێنانی مووچە بەردەوام بێت و سەدان هەزار مووچەخۆری ڕاستەقینە لە دەرەوەی بازنەی تەرخانکراوە داراییەکانی عێراق بهێڵرێنەوە.
بە خوێندنەوەی وردی ڕەشنووسی بودجەی ٢٠٢٧، دەردەکەوێت کە حکومەتی عێراق لە لایەکەوە دەیەوێت وێنەی دەوڵەتێکی چاکسازیخواز و گەشەسەندوو لە ڕێگەی بەرزکردنەوەی داهاتی نانەوتی و پڕۆژە گەورەکانەوە نیشان بدات، بەڵام لە لایەکی دیکەوە هەمان سیاسەتی پەراوێزخستن و گوشاری دارایی بەرامبەر هەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکات. جێگیرکردنی ژمارەی ناواقیعی بۆ هەناردەی نەوت و کەمکردنەوەی ژمارەی فەرمانبەران، ئاماژەی ڕوونن بۆ ئەوەی کە پشکی هەرێم لە بودجەی ٢٠٢٧دا نەک هەر چارەسەر نەکراوە، بەڵکو کراوەتە کارتێکی گوشاری نوێ بەدەست بەغداوە.
