كارزان گلی – هەولێر
لیرەی توركی، ساڵ بەساڵ لەدابەزینە بەرامبەر بەدۆلار، بەجۆرێك یەك دۆلاری ئەمریكی ٤٠ لیرەی تێپەڕاندووە، كاتێك گوێ لەسەرۆكی وڵات و وەزیریی داراییش دەگرین، دەڵێن ئابووریی توركیا گەشەی كردووە، ئەی بۆچی پارەی توركی بەوشێوەیە بێبایەخە و نرخی خۆراكیش بەجۆرێك بەرزە، خەڵك هەراسان بووە؟
بۆ ئەوەی بزانیت پارەی هەر وڵاتێك بۆ بێبایەخە یان بەبایەخە، دەبێت سەیر بكەیت و بزانیت مەكینەی ئابووریی لەو وڵاتە چۆن كار دەكات؟
بەگوێرەی بۆچوونی شڕۆڤەكارانی ئابووریی لەتوركیا، لەپشتی هەر پارەیەكی بەهێز، ئەو بەرهەمانە بوونی هەیە كە وڵاتێك رەوانەی دەرەوەی دەكات، یاخود ئەو بەرهەمانەی لەناوەخۆدا بەرهەمی دەهێنێت و پاشان دەیفرۆشێتە وڵاتان.
ماوەیەكی زۆرە كارگە گەورەكانی توركیا یان بەتایبەت كراوە یان داخراوە، لەڕووی تەكنەلۆژیشەوە بەرهەمی كەمە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی توركیا روو لەوڵاتان بكات بۆ ئەوەی بەرهەمی ناوەخۆیی پڕ بكاتەوە، وەكوو ئاسن و خۆراك و زۆر شتی تریش، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی پارە نەیەتە ناو بۆرسەی وڵاتەوە.
باشە ئەگەر بەرهەم نەبێت، چۆن وڵات بەڕێوە دەبرێت؟ وەڵامەكەی ئاسانە و لەگیرفانی خەڵكی وەردەگرن، واتە باج لەسەر هەموو شتێك زیاد دەكەن، جیا لەوەش هەر بەرهەمێك لەدەرەوەی توركیا بێتە وڵاتەوە باجەكەی سێ بەرامبەرە، بۆ نموونە تەلەفۆنی ئایفۆن لەتوركیا گرانترینە و لەهیچ وڵاتێك ئەو تەلەفۆنە ئەوەندە گران نییە، چونكە باجی زۆر زۆرە.
هۆكارێكی تریش بۆ بێبەهابوونی پارەی توركی، دەگەڕێتەوە بۆ رەوشی سیاسی ئەو وڵاتە، واتە كاریگەریی سیاسی رۆڵی گەورەی هەیە لە بێبایەخ یان بەبایەخبوونی پارەی هەر وڵاتێك.
راستە پرسی چارەسەری كورد و چەكدانانی پەكەكە لەگۆڕێیە، راستە ماوەی دوو ساڵە هیچ شەڕێك لەنێوان پەكەكە و دەوڵەتی توركیا رووینەداوە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت كە رەوشی سیاسی زۆر باش بێت.
حكوومەت فشارێكی زۆری خستووەتە سەر ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە، بەتایبەت پارتی نوێ، كە هەر رۆژە و هەڵدەكوتنە سەر پەرلەمانتار یان سەرۆكی شارەوانیی ئەو پارتە و بەتۆمەتی ئەوەی گەندەڵیان كردووە دەستگیر دەكرێن.
ئەمەش بەو واتایە دێت رەوشی دیموكراتی و ئازادی رادەربڕین لەتوركیا زۆر لەدواوەیە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی لیرەی توركی بەهای خۆی لەدەست بدات.
هەر چەند رۆژێك بەر لەئێستا، پۆلیس هەڵیكوتایە سەر كەناڵی تەلەڤزیۆنی (سۆزجو)، كە گەورەترین كەناڵی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە، بەڕێوەبەرە گشتییەكەی ئەو كەناڵە قەیوم كرا و بەشێكی زۆری بەرپرسیانی كەناڵەكەش بەتۆمەتی رەشوە وەرگرتن دەستگیركران.
یەكێتی ئەورووپا لەسەر قەیومكردنی كەناڵی ناوبراو هاتە دەنگ و هۆشداری دایە توركیا، كە دیموكراتی و ئازادی رادەربرین لەمەترسیدایە و دەبێت بەپەلە فشارەكان بۆ سەر میدیای ئازاد راوەستێنن.
شڕۆڤەكارانی ئابووریی پێیانوایە، هەر وڵاتێك لەڕووی دیموكراتییەوە بەرەو لاوازی بچێت، هەروەها ئازادی میدیا سنووردار بێت، وەبەرهێنەری بیانی رووی تێناكات، كاتێك وەبەرهێنەری بیانیش رووی تێنەكرد و پارەی خۆی نەهێنایە وڵات، پارەی ئەو وڵاتە بێبایەخ دەبێت.
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، دژی هەموو ئەو دەنگانە دەوەستێتەوە كە تۆمەتباری دەكەن بەوەی فشاری بۆ سەر ئۆپۆزسیۆن هێناوە و دیموكراتی لەتوركیا بوونی نەماوە و ئەو دەڵێت: “گەندەڵییەكی زۆر لەشارەوانییەكانی سەر بەئۆپۆزسیۆن هەیە و ئێمەش وەكوو دەوڵەت بێدەنگ نابین و نابینە تەماشاكەر.”
