رۆژنامەی ھەولێر

پۆلیسی هەولێر دوو ژنی بەڕەگەز ئێرانی لە کاتی هەڵاتندا دەستگیرکرد

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی بازگەکان، توانرا 2 تۆمەتباری ئافرەت بە ڕەگەز ئێرانی دەستگیربکرێن لە کاتێکدا هەوڵیان دەدا بەرەو دەرەوەی شاری هەولێر و بۆ وڵاتی ئێران هەڵبێن.

پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە، تۆمەتباران لە شاری هەولێر هەستابوون بە دزینی قاسەیەک کە بڕی زیاتر لە 20 هەزار دۆلاری ئەمەریکیی تێدا بووە، بەڵام پێش دەربازبوونیان هێزە ئەمنییەکان پێیان زانیون و لە کاتی دەستگیرکردنیشیاندا توانراوە تەواوی پارە دزراوەکە بە سەلامەتی دەستی بەسەردا بگیرێتەوە.

لە ئێستادا هەردوو تۆمەتبار لە چوارچێوەی ڕێکارە یاسایییەکاندا پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و ڕەوانەی بەردەم دادوەر کراون تا سزای یاساییی خۆیان وەربگرن.