جەلیل ئازادیخواز
خۆشەویستی نیشتمان لە خۆشەویستی هاونیشتمانییەوە دەست پێ دەکات؛ چونکە تاک، لە هەر پێگە و شوێنێکی کۆمەڵایەتیدا بێت و هەر ڕۆڵێکی لە کۆمەڵگەدا هەبێت، دوو ئەرکی گەورەی لە ئەستۆیە: یەکەم، پاراستنی نیشتمان و سەروەرییەکانی، هەروەها هەوڵدان بۆ گەشە و پێشکەوتنی لە هەموو بوارەکانی ژیاندا. دووەم، بەکارهێنانی بەرپرسانە و هۆشیارانەی تواناکان و سەرچاوەکانی نیشتمان بۆ خزمەتکردن و باشترکردنی ژیانی هاونیشتمانیان.
چونکە پێوەری ڕاستەقینەی خۆشەویستی نیشتمان، تەنها بە دروشم و قسە نییە؛ بەڵکو لە ڕێزگرتن لە مرۆڤ، پاراستنی مافەکانی و هەوڵدان بۆ دابینکردنی ژیانێکی شایستە و باشتر بۆ هەموواندا خۆی دەردەخات. لەبەر ئەوە، پەیوەندی نێوان تاک و نیشتمان و گەشە و سەرکەوتنی کۆمەڵگە، لە بەرپرسیارییەتیی هاوبەش و خۆشەویستیی هاونیشتمانییەوە سەرچاوە دەگرێت.
بێگومان، بینینی نیشتمانێک کە بەردەوام لە گەشە و پێشکەوتندایە، جوانترین تابلۆیەکە کە هەست و ئەندێشەی مرۆڤ بە هیوای سەربەستی، شکۆ و بوونێکی شایستە تەژی دەکات.
لە ماوەی ئەم ڕۆژانەدا، دوای گەڕانەوەم بۆ کوردستانی مەزن، لە کتوپڕیدا تووشی دڵەڕاوکێ و نیگەرانییەکی زۆر بووم. نایشارمەوە، بەهۆی ئەوەی لە دۆخی نەخۆشخانەکان دڵنیا نەبووم، بە دوودڵییەوە سەرەتا سەردانی نەخۆشخانەی پارم لە هەولێر کردم و دواتر، بەهۆی بەردەوامبوونی دۆخەکە، ڕووم کردە نەخۆشخانەی سەنتەری دڵ لە هەولێر.
ڕاستییەکەی، بە زەینیەتێکی باش و بە دڵنیاییەوە نەچوومە ناو نەخۆشخانەکە؛ بەڵام هەر لە دەروازەی دەرەوەوە تا بەشی فریاگوزاری، کاتێک هەڵسوکەوت و مامەڵەی بەڕێوەبەران، کارمەندان و بەرپرسانم بینی، هەستم کرد کە منیش هاونیشتمانیی وڵاتێکم کە نیشتمانەکەم، کوردستان، بە شانازییەوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ و سات لە دوای سات لە بوارە مرۆیی و ماددییەکاندا گەشە دەکات و بەهێزتر دەبێت.
ئەوەی زیاتر دڵی منی خۆش کرد، ڕەفتاری پڕ لە میهرەبانی و پیشەگەریی پەرستاران و نێرسەکان بوو؛ کە بە ئارامی، سەبووری و خۆشڕەفتارییەوە ئەرکی پیشەیی خۆیان جێبەجێ دەکرد. هەروەها دکتۆرەکان بە زانایی، پسپۆڕی، سنگفراوانی و ڕەفتاری مرۆڤانەوە مامەڵەیان دەکرد.
بە ڕەفتار و هەڵسوکەوتی خۆیان، نموونەیەکی بەرزی ئەخلاقی مرۆیی، بەرپرسیارییەتیی پیشەیی و خۆشەویستیی هاونیشتمانییان پیشان دا. ئەوان پیشە و پسپۆڕیی خۆیان بە هەموو توانایەکیانەوە تەرخان کردووە بۆ خزمەتکردنی هاونیشتمانیان و نیشتمانەکەیان.
ئەو هەوڵ و توانایەی دکتۆرانی ئەوێ بۆ منیان خستەگەڕ و ئەو ئەنجامە سەرکەوتووانەی بەدەستی هێنا، بەڕاستی شایانی ستایش و ڕێزە. ڕەنگە زیادەڕۆیی نەبێت ئەگەر بڵێم، لە ڕووی زانایی و توانای مرۆیی و پیشەییەوە، ئەو خزمەتگوزارییەی پێشکەشیان کردم، بە ئاستێکی زۆر بەرز بوو؛ هەرچەندە دەزانین لە ناوەندە پزیشکییە گەورەکانی جیهاندا، وەک مایۆ کلینیک، ئامێر و تەکنەلۆژیای پێشکەوتووتریش بەردەستە. بەڵام ئەوەی لێرەدا جێی شانازییە، بوونی ئەو مرۆڤە پسپۆڕ و دڵسۆزانەیە کە بە زانست و ویژدان و هەستی بەرپرسیارییەتی، خزمەتی هاونیشتمانیان دەکەن.
لێرەوە، وەک هاونیشتمانییەکی کوردستان و بە ئەركی ویژدانی و نیشتمانپەروەریی خۆم، پێویست دەزانم سوپاسی هەمووتان بکەم.
ئێوە بە کردەوە فێرمان دەکەن کە خۆشەویستی نیشتمان دروشم نییە؛ بەڵکو ئەرك و کردارە. خۆشەویستی نیشتمان لەو کاتەدا مانای ڕاستەقینەی خۆی دەدۆزێتەوە کە مرۆڤ بە زانست، پیشە، ویژدان و دڵسۆزییەوە خزمەتی مرۆڤ و کۆمەڵگەکەی بکات.
ئێوە لە ڕیزی پێشەوەی پێشمەرگەکانی ئاوەدانکردنەوە، گەشە و پێشکەوتنی کوردستاندان؛ ئەو پێشمەرگانەی بە جلوبەرگی سپی و بە چەکی زانست و مرۆڤایەتی، شەڕی نەخۆشی دەکەن و هیوا دەبەخشن بە ژیانی مرۆڤەکان.
دەستتان خۆش، ماندووبوونتان نەبێت و سەرکەوتوو بن. شانازیتان پێوە دەکەین.
