باساک بەرزنجی
سلێمانی/ هۆڵی سەندیکای کرێکاران، دووەمین میهرەجانی شیعری کوردی، ئازاری ١٩٧٩
دانیشتووانی ڕیزی پێشەوە: (ئەرشەدا زێباری/ پارێزگاری سلێمانی، عەبدولڕەززاق فارس (ئەبووئەلهۆڕ) بەرپرسی حیزبی بەعسی پارێزگای سلێمانی و …
ماوەیەک پێش فێستیڤاڵ، پێشمەرگەیەک لە دەڤەری هەڵەبجە شەهید بووبوو، تەرمەکەی کەوتبووە دەست بەعسییەکان و سووکایەتیی پێ کرابوو.
نۆرەی حەمەسەعید حەسەن دێت، شیعر بخوێنێتەوە، لەوێ بۆ یەکەم جار شیعری: هەڵەبجە غەززەی خەمناکە دەخوێنێتەوە. حەمەسەعید حەسەن خۆی دەناسێت، ناتوانێت خۆی لەناو بازنەی بکوژانی پێشمەرگەدا ببینێت، تەنیا بینەرێکیش نییە کە بێلایەنی هەڵببژێرێت، بەڵکوو خۆی لەناو کاتێگۆرییەکدا دەبینێت کە پێشمەرگەی شەهیدی تێدایە، لێرەوە چەمکی ناسنامە دێتە گۆڕێ.
مانایەکی دیاری ناسنامە کە تێگەیشتنی ئاسانە (وەک یەک بوونە.) بۆ فامکردنی ناسنامە، پێویستە تاک بگاتە ئاستێکی هۆشیاری، کە گەیشتە ئەو ڕادە ژیرییە، دەرک بە جیاوازییەکان دەکات و بە لێهاتوویی هەستەکانی دەردەبڕێت. ئەم شیعرە ناسنامەی خاوەنەکەی ئاشکرا دەکات. ڕۆشنبیری ڕاستەقینە لەنێو جڤاکی خۆیدا دەژی، خۆی بە بەشێک لەو خەڵکە دەزانێت کە وەک ئەو ژیان دەبەنە سەر، ئاگای لێیە لە کۆمەڵدا چی دەگوزەرێت، هەمان خەمی ئەو تاکانەی هەیە کە دەکەونە نێو هەمان جوارچێوەوە. ئەو ڕۆشنبیرانە هەندێک بنەمای ئەخلاقییان هەیە کە بەشێکە لە ژیانیان و پەیوەستە بە بوونیانەوە.
حەمەسەعید حەسەن شاعیرێک نەبووە کە هۆڵێکی تژی گوێگری هێژای شیعردۆست ببینێت و خۆی بداتە دەست هەمان هەوا و خۆی و شیعرەکەی بە بەشێک لە هەموو ئەوەی لە هۆڵەکەدا دەگوزەرێت، بزانیت و تەنیا کارامەییی خۆی لە هونەری شیعرنووسیندا پیشان بدات. ئەو شاعیرێکی سێنتیمێنتاڵە، بیر دەکاتەوە چۆن هەستەکانی بە نووسین دەرببڕێت. ئەم جۆرە شاعیرانە وا نین کە ئەوەی بۆیان هات، بە ئیلهامی بزانن و مۆری کۆتایی لێ بدەن. شاعیری بیرمەند بە وشەکانی ڕاستییەکان دەخاتە ڕوو، بە وردی و وریایییەوە وشەکان هەڵدەبژێرێت، ئاگای لە ژمارەی وشەکان، کێش و سەروای شیعر، پاش و پێشی ڕستەکان، تەکنیکی نووسین و شێوازی دەربڕێن هەیە. ڕەنگ بێت هەڵەبجە غەززەی خەمناکە، دەیان جار لەلایەن نووسەرەکەیەوە خوێندرابێتەوە و پێداجوونەوەی بۆ کرابێت.
شاعیر دەڵێت: (دەسەڵاتدارانی بەغدا قوتابیی قوتابخانەی هیتلەرن، ئەگەر پێبگەن وەک ئەوجینۆساید دەکەن، دەزانێت چۆن فاشیستەکانی ئیسپانیا لە گێڕنیکا کارەساتیان خوڵقاند و هۆشیاری دەدات کە هەموو ئاوایییەکی کوردستان چاوەڕوانی کاولکاری و کارەساتە.) بە شیعرەکەی ئاگاداری دەدات کە سەرانی بەعس زووحاکی نوێن و بەراوردی ڕژێمی دەسەڵاتدار لەگەڵ ڕژێمی ئاپارتایددا دەکات.
لە پرەنسیپە سەرەکییەکانی ڕۆشنبیر، هۆشیارکردنەوەیە. ڕۆشنبیر بێدەنگی هەڵنابژیرێت، بەڵکوو بە پێویستی دەزانێت، هەستەکانی دەرببڕێت، ئاهەنگ و نەوای ئەو دەربڕینانە ڕیتمێکیان هەیە کە هەڵقولاوی ناخن. ئەمە ئەفراندنی ڕەسەنە، بەرهەمی ڕەسەن هەستبزوێنە و هۆشیارکەرەوەیە.
پشکۆ نەجمەدین کە ئەم شیعرە هەژاندوویەتی لە بەشی سێیەمی (ئەزموون و یاد)دا دەڵێت: “شیعری هەڵەبجە غەززەی خەمناکە، لوتکەی شیعری بەرگرییە و ئازایەتیی ڕووبەڕوو بوونەوەیە لەژێر چەپۆکی خوێناوی بەعسدا، ئەمە ڕێژنە گولڵەی پەیڤە دژ بە بەعس کە سینەی کولتووری بەعسی دەبێژا.” ڕۆشبیرانی هۆشیار یەکتری بە بەرهەمەکانیاندا دەناسنەوە و بە خوێندنەوەی بەرهەمی یەکتر، بە ناخی یەکدی ئاشنا دەبن.
پەیکەرەکەی هێمن موکریانی لە سابڵاخ، کە یەکێکە لە شاکارەکانی هونەرمەند هادی زیائەددینی و بە ستانداردی جیهانی کاری تێدا کراوە، کە سەرنجی دەدەین، هەست دەکەین بە بێدەنگی شیعر دەڵێت، شیوەن دەکات و گوێمان لە بانگی ئازادی و یەکسانی دەبێت. هێمن (ناڵەی جوودایی)ی لە تەنیایی و دەربەدەریدا نووسیوە، بۆ خودی خۆی نووسیوە و بە زمان، ناخی خۆی هێناوەتە سەر کاغەز. ئەو شاکارە بە ویستی کەس نەنووسراوە و سترانی دڵی خۆیەتی، هەر بۆیەش بۆنی ڕەسەنایەتیی لێ دێت. هادی زیائەدینی ئەوەندە ناڵەی جوودایی خوێندووەتەوە، هەستی بە ناخی هێمن کردووە ، بۆیە پەیکەرێکی خوڵقاندووە، وەک سیمبۆڵی لێ هاتووە.
پشکۆ نەجمەدین لە شاخ پێشمەرگە بووە، حەمەسەعید حەسەنی لە نزیکەوە نەناسیوە، کەچی پێ دەچیت خوازیاری ئەوە بووبێت، خۆی شیعری (هەڵەبجە غەززەی خەمناکە)ی نووسیبا. لێرە پشکۆ نەجمەدین و حەمەسەعید حەسەن، وەک هادی زیائەدینی و هێمن هەستەکانی یەکتری دەخوێننەوە، ئاشنای دەنگی یەکترن، سروشتیان وەک یەکە و خۆیان بە خاوەنی تایبەتمەندیی هاوبەش دەزانن. پشکۆ نەجمەدین کاراکتەرێک لە حەمەسەعید حەسەندا بەدی دەکات، وەک چۆن هادی زیائەدینی هەمان کاراکتەر لە هێمندا دەبینێت، ئەو کاراکتەرە، (کاراکتەری نەتەوەیییە.)
حەمەسەعید حەسەن گرێدراو و ئەڤینداری خاکێکە، هەر بۆیەش هەڵەبجە کە بەشێکە لە خاکێکی پیرۆز، بە سیمبۆڵی خەمناکی ناوی دەبات، ئەو دەم غەززە لە نێو دنیای عەرەب و ئیسلامدا بە سیمبۆڵی خەمناکی دەناسرا. ئەم شیعرانە (بەرهەمانە) چونکە لە ناخەوە هەڵقوڵاون و بە وێنایەکی گونجاو خوڵقێنراون، بۆیە باندۆریان هێندە زۆرە بە نەمریی دەمێننەوە.
(گۆرستانی چراکان)ی شێرکۆ بێکەس بە نەمریی دەمێنێتەوە. سروودی (مەشخەڵان) کە زۆریش دەگوترێتەوە، زۆر ئاسایییە بگۆڕدرێت، ئاخر ڕەنگە لای حیزب، هەنووکە باوی ئەستێرەی سوور نەمابێت، بۆیە دەشێت داوا لە کەسێکی تر بکرێت، سروودێکی نوێیان بۆ بنووسێت. دەگمەنن ئەو ڕۆشنبیرانەی بەرهەمەکانیان ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ تێڕوانینێکی نوێ بۆ جڤاک وێنا بکەن و جۆری بیرکردنەوە بگۆڕن. ئەوانەی ئەو کارەیان پێ دەکرێت، دەتوانن کولتوور دروست بکەن.
بیرۆکەی کولتووری، گرێدراوی بەرهەڤکردنی هزری نوییە. زمان بەردی پیرۆزی کولتوورە. ئەوەندەی حەمەسەعید حەسەن خەم لە زمان دەخوات و هەست بە بەرپرسیارییەتی لە پاراستنی زماندا دەکات، کەم باوک ئەوەندە ئاگای لە منداڵەکانی خۆیەتی. ئەو ئەڤینداری خاکێکە کە بە پیرۆزی دەزانێت، کە دەڵێت: (چیای شنگاڵ پیرۆزترە لە کێوی عەرەفە،) تێماندەگەیەنێت کە خاکی نیشتمان گەوهەرە. ئەمانە بیرۆکەی بنەڕەتین: خاک و زمان دەبێت بە پاکی و پیرۆزی بپارێزرێن کە لەنێو بەرهەمەکانی حەمەسەعید حەسەندا دەدۆزرێنەوە.
ڕاستی و بوێری، دوو بەهای بەرزی مرۆڤایەتین، ئەگەر پێکەوە لە کەسێکدا هەبن، ئەو مرۆڤە دەبێتە خاوەنی هەڵوێست. کەسێک کە لەژیر دەسەڵاتی بەعسدا ڕووبەڕوویان ببێتەوە و پێیان بڵێت: ئێوە زوحاکی نوێن، ئێوە قوتابیی هیتلەرن، دەبێت دڵێکی چەند گەورەی هەبێت! حەمەسەعید حەسەن ترسنۆک نەبووە و لە گەوجایەتییەوە نەگلاوە، بەڵکوو ئازایانە شکۆمەندیی تۆمار کردووە. لێرەدا شاعیر باوەڕی بە خۆی هەیە و دڵنیایە کە لەسەر هەقە، نایەوێت لە بەرانبەر ویژدانی خۆی و پرەنسیپەکانیدا کە بەهای مرۆڤایەتین سەرشۆڕ بێت. ئەرکی سەرشانی وەک ڕۆشنبیر بەجێ دەگەیەنێت و بە دەنگێکی بەرز و بە ورەیەکی بەهێزەوە قسەی خۆی دەکات.
چەمکی ناسنامەی نەتەوەیی یان کاراکتەری نەتەوەیی کە دووەمیان زیاتر بەکار دەهات و لە سەدەی هەژدەیەمدا هاتە نێو گوتاری جڤاکەوە، بەتایبەت لەلایەن مۆنتیسکۆ و ڕۆسۆوە. ڕۆسۆ دەڵێت: یەکەم شت کە دەبێت لە تاکدا بۆی بگەڕێین، کاراکتەری نەتەوەیییە، هەر کەسێک کاراکتەرێکی هەیە و دەبێت هەیبێت، ئەگەر نەیبوو دەبێت پێی بگەیەنین. گەڕان بەدوای کارەکتەردا، ڕەنگ بێت وەڵامی ئەو پرسیارەیش بداتەوە کە من کێم. ئەو کوردە داماوەی خۆی بە نەتەوەیی دەزانێت، بەهۆی کوردبوونیشەوە پۆستی بەرز وەردەگرێت و لێکۆڵینەوەی دۆکتۆرایشی لەسەر پەیدابوونی ئیسلام لە شوێنێکی دوورەدەست، بە زمانی عەرەبی نووسیوە، نە دەزانیت کێیە و نە دەزانێت کاراکتەر چییە. لە بەرانبەردا هەندێک کەس، وەک سۆران حەمەڕەش لێکۆڵینەوەی شوێنەوارناسی و ئێتنۆگرافی لەسەر ڕابردووی نیشتمانەکەیان و ئەو خاکەی بە هی خۆیانی دەزانن، دەکەن و بۆیان گرنگە دابونەریت و جۆری ژیانی ئێستا و پێشینەی خۆیان بناسن.
ئەو لێکۆڵینەوانە، هەبوونی کولتوورێکی جیاواز، زمانێکی جیاواز و دیرۆکێکی جیاواز ڕاست دەکەنەوە. لە دنیای نەتەوەکاندا، هیچ نەتەوەیەک بەشێک نییە لە نەتەوەیەکی تر و لێرە بەهاکان جێ بۆ یەکتری چۆڵ ناکەن. هەر کولتوورێک لە هەر ئاستێکی لۆکاڵی، ئەگەر خزمەتیش نەکرابێت و ستانداردیشی نەبووبێت، هەلگری هەندێک بەهایە کە هیچ شتێک جێی پڕ ناکاتەوە و ڕەنگبێت ڕۆژێک ببێتە بەشێک لە بونیادی گشتیی کولتووری جیهانی کە پێکهێنەری بەهاکانی مرۆڤایەتییە.
ئەوەی سۆران حەمەڕەش دەیکات، بە یەکەوە گرێدانی رابردوو (دیرۆک و دابونەریت) لەگەڵ ئێستادا، هۆکار لەگەڵ داهاتوو پێکگەیشتنە و لە هەمان کاتدا قسەی هەیە، ئەوە ئێمەین، ئێمە بەو جۆرەین لەبەر دیرۆک و کولتوور و جۆری بیرکردنەوەمان، بەڵام ئێمەیش بە جیاوازییەکانمانەوە بەشێکین لە مرۆڤایەتی. ئەمە بەشێکە لە ڕاستی کە جێگیرکردن و پەرەپێدانی بیرۆکەیەکی مۆدیرنە و پێویستییەکی زۆری بە ڕۆشنبیران هەیە و بەبێ ڕۆڵی ڕۆشنبیران، هەر پرۆسەیەکی مۆدیرن، پرۆسەیەکی ناتەواو دەبێت.
نەتەوە بیرۆکەیەکی کولتوورییە، یان ڕاستتر بیرۆکەیەکی سیاسییە کە کرۆکەکەی هزرێکی کولتوورییە. ڕۆشنبیران (شاعیران) ئەوانەی کار لەسەر زمان و بیرۆکەی نەتەوە دەکەن، بەرهەمەکانیان بە گونجاوترین شێوە پێشکەش دەکەن و هەوڵ دەدەن ئەو هیوایانەی کە ڕوویان لە ئامانجێکی بەرزە، بە زیندوویی بهێڵنەوە.
هەڵبەسڤانی هەڵەبجە غەززەی خەمناکە، خەڵکی دەڤەری هەڵەبجە نییە و هەستایریی بەرانبەر شەهیدان، هی ئەوە نەبووە کە ناسیاوی بوون یان لە یەک هۆز بوون و ئەوەیش نەبووە کە سەر بە ڕیکخستنەکانی یەک حیزب بوون. لە هەمووی گرنگتر لەسەر داوای کەس یان کەسانێک ئەو دێڕە شیعرانە نەخوڵقاون. حەمەسەعید حەسەن خۆی بە تاکێکی نەتەوەیەک زانیوە هەر وەک ئەو پێشمەرگانە. نەتەوە چەمکێکی مۆدێرنە، سەرووتر لە دەڤەر. پیرۆزتر لە حیزبی سیاسی، پڕشکۆتر لە هۆز، ئەم هۆنراوەیە دەکەوێتە خانەی مۆدێرنێتەوە.
ههڵهبجه غهززهی خهمناکه
له دووهمین فێستیڤاڵی شیعری کوردیدا که له ڕۆژانی کۆتایی ئاداری ١٩٧٩ دا، له سلێمانی ساز کرا، هۆنراوهی (ههڵهبجه غهززهی خهمناکه)م بهرهو ڕووی (ئهرشهد زێباری)ی پارێزگار و (عهبدولڕهززاق فارس)ی بهرپرسی بهعسییهکان خوێندهوه. لهسهر ئەم شیعره، له ئاسایشی سلێمانی پێیان گوتم: (تۆ به ئێمهت گوتووه نهوهی هیتلهر، لهسهر ئهوه کوشتنت ڕهوایه، بهڵام تا نهتڕووخێنین ناتکوژین، ئێمه قارهمان دروست ناکهین.)
حەمەسەعید حەسەن
ههڵهبجه (غهززه)ی خهمناکه و
منداڵانی پۆلیس بهردهباران ناکهن
دووکاندارهکانی دووکان
به ڕووی پۆستاڵدا داناخهن
سلێمانی (سۆیۆتۆ)یه و
گهنجهکانی دهست نادهنه یهخهی سیخوڕ
ههموو گوندێکی کوردستان
چاوهڕوانی ئهنجامهکهی (گێڕنیکا)یه و
کهچی ڕۆژنامه و گۆڤار و
ئاژانسی دهنگوباسهکان
نوستووی گوێی گان
ورووژاوه
ههر شارهزهردهواڵهیه ورووژاوه
ههر قوتابیی قوتابخانهکهی هیتلهره و
گهڕی لهم ناوه ئاڵاوه
زهردهواڵه به شانهکان
بهو سنوورهش ڕازی نابن
باپیریان نهخشهی کێشاوه
لایان وایه مێژوو عهرهبانهیهکه و
به پاڵی ئارهزووی ئهوان
دهگهڕێتهوه بۆ دواوه
ئهی شاره بچکۆلانهکهم
ڕۆژی دهیان
مۆخی لاوان
دهرخواردی ماری سهر شانی
زوحاک دهدهیت و مارهکان ههر تێر نابن
ئهی مارهکانی سهر شانی زوحاکی نوێ
ڕۆژێ دادێ
ئهوهندهی بهرزاییی ههڵگورد
ئهوهندهی پانیی شارهزوور
لهبهر بینی ئاغاکانتاندا خڕ دهبێ
جامی شاره بچکۆلهکهم فراوانه
بهڵام با سهد هێندهی تریش فراوان بێ
ئهو ڕۆژه دادێ پڕ دهبێ
ئهو ڕۆژه دادێ پڕ دهبێ
*
(*) غهززه شارێکه له فهلهستین، ئهو سهردهمه له بن دهستی ئیسرائیلدا بوو. سۆیۆتۆ: شارێکه له ئهفریکا، ئهو سهروهخته زوو زوو خهڵکهکهی به گژ سپیپێسته ڕهگهزپهرستهکاندا دهچوونهوه. شارهدێی گێرنیکا: ١٩٣٧ له گهرمهی شهڕی ناوخۆدا نازیستهکانی ئهڵمانیا لهسهر خواستی فاشیستهکانی ئیسپانیا خاپووریان کرد و (پیکاسۆ)یش له تابلۆیهکدا ئهو کارهساتهی بهرجهسته کردباشووری.
