ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026.11.16، بە ئامادەبوونی د.ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لوقمان سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر و ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی پەروەردەیی، مامۆستایان، قوتابیان و کەسوکاریان، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی چەسپاندنی مافی منداڵان، بەڕێوەبەرایەتیی چالاکیی قوتابخانەکان سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەولێر، مەراسیمێکی هونەریی فراوانی لە هۆڵی چالاکیی قوتابخانەکان ڕێکخست.
لە چوارچێوەی چالاکییەکاندا، چەندین بڕگەی هونەریی جۆراوجۆر لەلایەن قوتابیانی قوتابخانەکانی سنووری پارێزگای هەولێرەوە پێشکەش کران، کە بریتی بوون لە شانۆگەری، سروود، گۆرانی و نمایشی هونەری. تەوەرەی سەرەکیی سەرجەم نمایشەکان گوزارشتیان لە گرنگیی پاراستن و دەستەبەرکردنی مافەکانی منداڵان و ڕەخساندنی ژینگەیەکی تەندروست و پەروەردەیی گونجاو بۆ گەشەکردنیان دەکرد.
لە کۆتایی مەراسیمەکەدا، پارێزگاری هەولێر دەستخۆشی لە بەڕێوەبەرایەتیی چالاکیی قوتابخانەکان و سەرپەرشتیاران کرد بۆ ڕێکخستنی ئەم بۆنەیە و برەودان بە بەهرە هونەرییەکانی قوتابیان هاوتەریب لەگەڵ پرۆسەی خوێندن.
