رۆژنامەی ھەولێر

لە تەختەی شانۆوە بەرەو پەڕەکانـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــی کتێب

سەردار ئەکرەم ـ بەریتانیا

 

لە مێژووی هونەری کوردیدا هەندێک کەس هەن کە ناویان تەنیا لە لیستی کار و بەرهەمەکاندا نانووسرێت، بەڵکو بە هەوڵ و ماندووبوونیان بەشێک لە بیرەوەریی ڕۆشنبیری و شانۆیی کۆمەڵگا دروست دەکەن.
کەیفی ئەحمەد عەبدولقادر یەکێکە لەو کەسانەی کە لە پەروەردە و فێرکردنەوە دەستی پێ کردووە و بە هەنگاوی بەردەوام خۆی گەیاندووەتە ئاستی پرۆفیسۆرایەتی، لە هەمان کاتیشدا لە شانۆ و ئەدەب و نووسین و لێکۆڵینەوەدا ڕۆڵێکی دیار و بەرهەمدار گێڕاوە؛ ساڵی ١٩٧٠ لەدایک بووە و ساڵی ١٩٩١ پەیمانگای مامۆستایانی بە پلەی دووەم تەواو کردووە، پاشان لە ساڵ (٢٠٠٨)ـدا بە پلەی یەکەم دەرچووە لە زانکۆی کۆیە. هەمان ساڵ لە ناوەندی کۆیەی کوڕان مامۆستا بووە و لە ساڵی ٢٠٠٩ گوازراوەتەوە بۆ زانکۆی کۆیە و خوێندنی باڵای دەست پێ کردووە. لە تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١١ ماستەرەکەی بە پلەی زۆر باش تەواو کردووە و لە هەمان ساڵدا وەک مامۆستا لە فاکەڵتیی پەروەردە، بەشی کوردی، دەستبەکار بووە. بەردەوامی لە ڕێگای زانستدا وای کردووە لە نیسانی ساڵی ٢٠١٢ ناونیشانی زانستی مامۆستای یاریدەدەر و لە ساڵی ٢٠١٤ ناونیشانی زانستی مامۆستا بەدەست بهێنێت، پاشان لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٤ بۆ خوێندنی دکتۆرا وەردەگیرێت و لە ڕۆژی هەشتی مانگی ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٦ بە پلەی زۆر باش دکتۆراکەی تەواو دەکات. ئەو پێشکەوتنە زانستییە لە ساڵی ٢٠١٨ گەیشتە ناونیشانی زانستی پرۆفیسۆری یاریدەدەر و لە ٢٤ـی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ بە ناونیشانی زانستی پرۆفیسۆر بەرز کرایەوە؛ ناونیشانێک کە تەنیا دەستکەوتێکی فەرمی نییە، بەڵکو کۆی ساڵانێکی زۆر لە خوێندن و وانەوتنەوە و توێژینەوە و خزمەتکردنە بە زانست و کولتوورە. بەڵام ئەگەر ژیانی ئەکادیمی و پەروەردەیی کەیفی ئەحمەد بەشێکی گرنگی ناسنامەی ئەو بێت، شانۆ بۆی تەنیا پیشە یان هۆی ناسراوی نییە؛ شانۆ بۆی زمانێکە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ کۆمەڵگا، ئاوێنەیەکە بۆ پیشاندانی ئازار و هیوا و پرسیارەکانی مرۆڤ و شوێنێکە بۆ پاراستنی بیرەوەری و ناسنامەی کوردی. ئەو لە ساڵی ١٩٨٣ پەیوەندی بە تیپی شانۆی حاجی قادرەوە کردووە و بەشداریی هەموو بەرهەمەکانی ئەو تیپەی کردووە. ساڵێک دواتر بەشی شانۆی تیپی مۆسیقای باواجی پێکهێناوە و بووە بە ئەندام، ساڵی ١٩٨٧ لەگەڵ ژمارەیەک هونەرمەند تیپی شانۆی بەڵێنیان لە هەولێر دامەزراندووە و وەک ئەکتەر و دەستەی بەڕێوەبەر لە بەرهەمەکانی ئەو تیپەدا کاریکردووە. لە ساڵی ١٩٨٩ تیپی شانۆی هێمن لە هەولێر دامەزراندووە و بەشداریی بەرهەمەکانی کردووە، هەروەها لە ڕۆژی دەیەمی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٩١ لەگەڵ شانۆکارانی کۆیە تیپی شانۆی کۆیەی دامەزراندووە و لەو کاتەوە تا ئێستا وەک ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی و بەڕێوەبەری تیپەکە کاریکردووە و بەشداریی هەموو بەرهەمەکانی کردووە. لە ڕێگای ئەو گەشتە هونەرییەدا لەگەڵ تیپەکانی شانۆی ڕۆشنبیری، حاجی قادر، باواجی، بەڵێن، هێمن، شانۆی زانکۆ، شانۆی کۆیە و شانۆی میللی کاری کردووە و ئەزموونێکی فراوانی لە ئەکتەرێتی و بەڕێوەبردن و دامەزراندن و بەرهەمهێنانی شانۆ بەدەست هێناوە. لە ساڵی ١٩٩٢ بووە بە ئەندامی یەکێتیی هونەرمەندانی کوردستان و لە ساڵی ١٩٩٣ەوە تا ئێستا لە دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی ئەو ڕێکخراوەدا کاریکردووە و بۆ ماوەی دوازدە ساڵ بەرپرسی نووسینگەی کۆیە بووە، هەروەها بەشداریی کۆنگرە و کۆنفرانسەکانی ئەو ڕێکخراوەی کردووە. قەبارەی بەشدارییەکانی لە شانۆ و تەلەفزیۆن و فیلمدا بەڵگەیەکی ڕوونە بۆ فراوانیی کارەکەی؛ لە شەستوشەش شانۆگەڕی و نۆ درامای تەلەفزیۆنی و دە زنجیرەی تەلەفزیۆنی و شەش فیلمی کورتدا بەشداریی کردووە و لە بواری یاریدەدەری دەرهێنەر لە سێزدە کاری شانۆیی و درامیدا کاریکردووە. لە هەمان کاتدا وەک ئامادەکار و نووسەری سیناریۆ لە چەندین بەرهەمی تەلەفزیۆنی و درامیدا بەشداریی کردووە، لەوانە درامای لەوێ پێت دەڵێم، زنجیرەی تەلەفزیۆنی حاجی توڕە، هەیاس و سوڵتان، هەگبەی دروێش، ملیۆنێر و درامای ڕاپۆرتی مانگانە. ئەو لەگەڵ فەریدون حەمەئەمین سی ئەڵقەی بەرنامەی گەشتی و لەگەڵ فەریدون حەمەئەمین و دڵێر جەنێد هیرانی بیستونۆ ئەڵقەی بەرنامەی هەگبەی کامێرای ئامادە کردووە. لە بەڕێوەبردنی بەرهەم و بەڕێوەبردنی شانۆشدا لە سی بەرهەمدا کاریکردووە، بەمەش توانای خۆی لە نێوان هونەر و بەڕێوەبردن و کارکردنی تیمی نیشان داوە. کەیفی ئەحمەد تەنیا لەسەر تەختەی شانۆ نەماوەتەوە، بەڵکو خۆی وەک نووسەر و دەرهێنەر و توێژەر و ڕەخنەگر و وەرگێڕیش سەلماندووە. شانۆگەریەکانی هەڵۆکان گەڕانەوە و ئافرەت و خەباتی نووسیوە، هەروەها شانۆگەری و دراماکانی سەرکەوتن لە ڕاستیدایە، بڕیاری دادگا، وێنەیەک لە ناخی فەڵەستین، خاکی یەزدان، فاڵچی، مۆنۆدرامای ڕاپۆرتی مانگانە، درامای سزای یاسا و گوێدرێژ و هاوڕێکانی دەرهێناوە. بەشداریی لە سمپۆزیۆمی نێودەوڵەتیی پەرەپێدانی شارەکان لە زانکۆی کۆیە لە ساڵی ٢٠١٣، کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی کۆیە لە ڕەوتی شارستانیەت لە ساڵی ٢٠١٩، کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی زمان و ئەدەبی کوردی لە ساڵی ٢٠٢٠، کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ئەفسانەی کوردی لە زانکۆی زاخۆ لە ساڵی ٢٠٢٥، دیداری یادی تەڵعەت سامان و دیداری ئەدەبی منداڵان لە ساڵی ٢٠٢٥، پێشان دەدەن کە چالاکییەکانی سنووری شانۆ و زانکۆ تێدەپەڕێنن و دەگەنە ناو گفتوگۆی گشتیی زمان و ئەدەب و مێژوو و کۆمەڵگا. ئەو بە نووسینی وتار لەسەر شانۆ و ڕۆمان و ڕەخنە و بابەتە جۆراوجۆرەکان لە هەفتەنامە و ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکاندا بەشداریی کردووە و ناوی لەگەڵ پەخشی بیر و ڕوانگەی ڕۆشنبیریدا گرێ داوە. لە نێوان بەرهەمە چاپکراوەکانی ئەودا کتێبەکانی ڕیالیزم لە شانۆی کوردی، شانۆ و شانۆی منداڵان، هونەری شانۆ لە شاری کۆیە، پێکهاتە و ڕەوتی شانۆی شەقام، بنیاتی هونەریی داستان لە ئەدەبی فۆلکلۆری کوردی، شانۆ و دراما لە وراتی کۆیە، ئەدەب و چیرۆکی منداڵان، هونەری گێڕانەوە لە ڕۆمان و داستانی کوردیدا، شانۆ لە کڵاوڕۆژنەی جیاوازەوە، لە بواری درامادا، شانۆ لە پەروەردە و فێرکردندا، ڕێباز و میتۆدەکانی نواندن و دەرهێنان و شانۆی بووکەڵە بەدی دەکرێن، هەروەها لە چەندین بەرهەمی هاوبەش و وەرگێڕاندا بەشداریی کردووە، لەوانە کتێبەکانی قادر بەشدار لە دیدی ڕۆشنبیراندا، کۆبەرهەمی قادر بەشدار و شانۆی شەقام و شانۆی داستانی لە بزاڤی شانۆی کوردیدا. لە ساڵی ٢٠٢٢ وەرگێڕانی تیۆریی کۆمیدیا و فەلسەفەی پێکەنین و لە ساڵی ٢٠٢٣ وەرگێڕانی گۆڕانکاری لە ئەدای ئەکتەردا و شانۆی شەقام، نیشانەی ئەوەن کە لە کارەکەیدا گرنگیی بە گواستنەوەی ئەزموونی هونەری و زانستی بۆ خوێنەری کوردی داوە. بەرهەمە نوێیەکانی، وەک عەونی لەژێر ڕۆشنایی سێ توێژینەوەی جیاوازدا، شانۆنامەکانی تەڵعەت سامان لە ڕوانگەی جیاوازەوە، مورچە و مەرێژ، ماڵی پەپوولان، ڕێباز و میتۆدەکانی نواندن و دەرهێنان، شانۆی بووکەڵە و ڕەنگدانەوەی کەلتوور و ئەفسانە لە چیرۆک و شانۆی کوردی، بەشێک لە هەوڵی بەردەوامی ئەون بۆ پەرەپێدانی توێژینەوە و نووسین و بەرهەمی هونەری لە کوردستان. لە بواری خەڵات و ڕێزلێنانیشدا، لە ساڵی ١٩٨٩ خەڵاتی باشترین ئەکتەری ناوچەی ئۆتۆنۆمی و لە ساڵی ٢٠١٨ خەڵاتی باشترین ئەکتەری دووەمی لە خولی چوارەمی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی شەقامی بەغدا و خەڵاتی دادوەران لە خولی سێیەمی فیستیڤاڵی شانۆی شەقامی سەقز بەدەست هێناوە. ئەو هەروەها ئەندامی لیژنەی دادوەران لە دووەمین فیستیڤاڵی هونەریی پیاوی هەموو وەرزەکان لە کۆیە لە ساڵی ٢٠١٣، فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی شەقامی کەرکووک لە ساڵی ٢٠٢٣ و لیژنەی توێژینەوەکانی خولی هەشتەمی هەمان فیستیڤاڵ لە ساڵی ٢٠٢٤ بووە. ناوی لە دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ناوازەی پەروەردەیی و دەستەی ڕاوێژکارانی گۆڤاری گێڕانەوە و دەستەی ڕێکخەرانی گۆڤاری هونەری لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و توندڕەویش هاتووە و تا ئێستا بەڕێوەبەری تیپی شانۆی کۆیەیە. لە پشت ئەم هەموو ژمارە و ناونیشان و بەرهەمەدا مرۆڤێک دەبینرێت کە شانۆی وەک بوارێکی زیندووی پەروەردە و ڕۆشنبیری دەبینێت، خوێندن و هونەر بە دوو ڕێگای جیاواز نازانێت، بەڵکو هەردووکیان بە یەک ئامانج دەبەستێتەوە؛ دروستکردنی مرۆڤێکی هۆشیار و کۆمەڵگایەکی ڕۆشنتر. لەبەر ئەوەیە کە ژیانی کەیفی ئەحمەد تەنیا ژیاننامەی کەسێکی شانۆکار یان مامۆستایەکی زانکۆ نییە، بەڵکو چیرۆکی گەشتێکی درێژە لە قوتابخانەوە بۆ زانکۆ، لە تەختەی شانۆوە بۆ پەڕەی کتێب، لە دەوری ئەکتەرەوە بۆ دەوری توێژەر و لە خزمەتی هونەرەوە بۆ خزمەتی کۆمەڵگا. ئەو گەشتە هێشتا بەردەوامە و ئەو ناوەی کە لە شانۆی کوردی و پەروەردە و نووسین و لێکۆڵینەوەدا دروستی کردووە، بە بەرهەمەکان و شاگردەکان و بیرەوەرییەکانی، بەردەوام دەبێتە بەشێک لە مێژووی ڕۆشنبیریی ئەم وڵاتە.