ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
دوای ئەوەی ئەفسانەی پۆرتوگالی کریستیانۆ رۆناڵدۆ وازهێنانی لە یارییە نێودەوڵەتییەکان راگەیاند، تۆپی پێی ئەو وڵاتە کەوتووەتە ژێر گوشارێکی گەورەی دارایی و زۆربەی سپۆنسەرەکان بڕیاریانداوە گرێبەستەکانیان لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی پۆرتوگال هەڵبوەشێننەوە.
پۆرتوگال لە یەکەمین یاری بەبێ کریستیانۆ شەرمەزار بوو
دوای تێپەڕبوونی یەک هەفتە بەسەر پەیامە ڤیدیۆییەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ کە وازهێنانی راگەیاند، هەڵبژاردەی پۆرتوگال بەرامبەر دانیمارک تووشی شکست و شەرمەزارییەکی گەورە بوو، لە نێو خاکی خۆی بەرامبەر دانیمارک بە چوار گۆڵی بێوەڵام دۆڕا، ئەمەش لە کاتێکدایە پۆرتوگال لە سەردەمی کریستیانۆ رۆناڵدۆ هیچ کاتێک بە ئەنجامی چوار گۆڵی بێوەڵام نەدۆڕاوە.
پۆرتوگال خەریکە مایەپووچ دەبێت
دەزگات میدیایی ریکۆردی پۆرتوگالی لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە فیدراسیۆنی تۆپی پێی پۆرتوگال لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوو بایی یەک ملیار یۆرۆ گرێبەستی بازرگانی کردووە، بەڵام لەگەڵ وازهێنانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە یارییە نێودەوڵەتییەکان بەهای بازرگانی پۆرتوگال بەشێوەیەکی مەترسی دابەزیوە و ئەگەر ئاوها بڕوات رەنگە فیدراسیۆنەکە مایەپووچ بێت.
لە ساڵانی داهاتوو قەبارەی زیانەکان بەدیار دەکەوێت
بەڕێوەبەری دەزگای لێکۆڵینەوە لە داهات و گرێبەستە بازرگانییەکان پێدرۆ دینیسیۆ لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ریکۆردی پۆرتوگالی رایگەیاند کاریگەریی وازهێنانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە داهاتوویەکی نزیکدا لەسەر هەڵبژاردەکە دەرناکەوێت، بەڵام لە ساڵانی داهاتوودا باشتر قەبارەی زیانەکان دەردەکەوێت.
دیۆنیسیۆ جەخت لەوە دەکاتەوە زۆربەی سپۆنسەرەکان گرێبەستەکانیان تا 2030ـیە، بۆیە بەمنزیکانە کاریگەرییەکان بەدیارناکەوێت، بەڵام بۆ داهاتوو کاریگەری گەورە دروست دەکەن، رەنگە خواستی کەلوپەل و بەرهەمە بازرگانییەکانمان بەتەواوەی خواست و فرۆشی کەم بێتەوە.
دیۆنیسیۆ دەشڵێت: لە دوای ساڵی 2030 بەتایبەتی کە بەشێک لە یارییەکانی مۆندیال لە پۆرتوگال دەکرێن باشتر قەبارەی زیانەکان دەردەکەوێت.
پۆرتوگال نیوەی بینەرانی لەدەستدا
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی دەزگای میدیایی ریکۆرد، پۆرتوگال لە سەرانسەری جیهان 50%ـی بینەرانی لەدەست دەدات، ئەمەش وایکردووە سپۆنسەرەکان لە گرێبەستەکانیان لەگەڵ پۆرتوگال سارد ببنەوە، بەشێکیان داوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکانیان دەکەن.
سەرچاوەکە نووسیویەتی: زۆرترین بینەری یارییەکانی پۆرتوگال لە 11 وڵاتی جیهان بووە کە پێکهاتوون لە کۆریای باشوور، سعودیە، بەرازیل، ئیسپانیا، ئەمریکا، هیندستان، ئیندۆنیزیا، ئینگلتەرا، مەکسیک و ژاپۆن.
لێکۆڵینەوەکە دەریدەخات نەمانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، بەرێژەیەکی زۆر کاریگەریی گەورە لەسەر ناوبانگی پۆرتوگال دروست دەکات.
ئەگەرچی هەڵبژاردەی پۆرتوگال، چەندین ئەستێرە لە ریزەکانیدا هەن، کە دیارترینیان بڕۆنۆ فێرناندێز، ڤیتینیا، جواو نێڤێز و نونۆ مێندێز، لە خۆدەگرێت، بەڵام سەرچاوەکان بەدووری دەزانن هیچکام لەو یاریزانانە، توانای قەرەبووکردنەوەی رۆیشتنی رۆناڵدۆیان هەبێت و هەمان کاریگەریی ئەو دروست بکەن.
بەڕێوەبەری دەزگای لێکۆڵینەوە لە داهات و گرێبەستە بازرگانییەکان پێدرۆ دینیسیۆ دەشڵێت: پێموانییە هیچکام لە یاریزانانی ئێستای هەڵبژاردەکە، بتوانێت قەرەبووی کریس بکاتەوە، چونکە کریستیانۆ رۆناڵدۆ خاوەنای کەسایەتییەکی گەورەی کاریگەرە لەسەر ئاستی جیهان، تەنانەت کریس پێش هەموو وەرزشوانان، هونەرمەندان و سیاسییەکانیش کەوتووە”.
رۆناڵدۆی تەمەن 41 ساڵان، کاروانی نێودەوڵەتیی خۆی لەگەڵ هەڵبژاردەکەی کۆتایی پێهێنا، کە 23 ساڵی خایاند لەگەڵ ئەنجامدانی234 یاری و تۆمارکردنی 146 گۆڵ، نازناوی یۆرۆی 2016 و دوو نازناوی نەیشنزلیگی بەدەستهێنا.
لەبارەی داهاتووی پەیوەندی نێوان رۆناڵدۆ و فیدراسیۆنی تۆپی پێی پۆرتوگالەوە، دیۆنیسیۆ پێشنیاز دەکات، سوودی زۆر لە خۆشەویستیی خەڵک بۆ کاپتنی پێشووی هەڵبژاردەکە وەربگرن و پۆستێکی نوێی لە فیدراسیۆنی پۆرتوگال پێبدەن.
دیۆنیسیو گوتیشی: پێویستە فیدراسیۆنی تۆپی پێی پۆرتوگال، پێشنیاز بخاتە بەردەم کریستیانۆ چی دەوێت لە داهاتوودا، دواتر پێکەوە پێشنیازەکان تاوتوێ بکەن، لە بەرژەوەندیی هەردوولا، پێموایە باشترین کار کە پێویستە لە زووترین کات بکرێت کریستیانۆ رۆناڵدۆ بکرێتە باڵیۆزی پۆرتوگال لە جیهان.
کاپتنی نوێی پۆرتوگال هاواری لێ هەستاوە
بێرناردۆ سیلڤا، کە یەکێک دەبێت لە کاپتنەکانی لە دوای نەمانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، بێرناردو سیلڤا دەبێتە کاپتنی یەکەمی پۆرتوگال، لە لێدوانێکدا گوتی: هەڵبژاردەی پۆرتوگال لە دوای وازهێنانی کریستیانۆ بۆشاییەکی گەورەی بۆ دروست دەبێت، چونکە رۆناڵدۆ لە ماوەی دوودەیەی رابردوودا، جێگای بایەخی سەرەکی هەمووان بووە و زۆرینەی خەڵک لەماوەی ساڵانی رابردوودا لەبەر بینینی رۆناڵدۆ دەهاتنەیاریگا، زۆر کەس تەنیا لەبەر ئەو دەهاتن.

