ئارام کۆشکی – هەولێر
ماوەیەکی زۆرە ڕانان و خوێندنەوە بۆ کتێبی جۆراوجۆر دەکەم، بەشێک لەو کتێبانەی کە دڵخوازمن، یان کاریگەرییان لەسەرم هەبووە حەزم دەکەم لەڕێگەی وتارێکەوە بە خوێنەرانی دیکەی بناسێنم. وتار و ڕانانم لەسەر هیچ کتێبێک نەنووسیوە، کە لێی ڕازی نەبووبم، یان خاڵە درەوشاوەکانی زۆر نەبووبێت. هاوکات پێشنیاری هیچ کتێبێک بۆ هیچ کەسێک نەکردووە، ئەگەر پەسەندکراوی خۆم نەبووبێت. مەرج نییە ئەو کتێبە لە هەموو ڕوویەکەوە باش و بێ خەوش بووبێت، بەڵکو ڕووی باشی گەلێک زۆر بووە، بۆیە بۆ هاوڕێکانم یان خوێنەرانی دیکەم پێشنیار کردووە.
یەکێک لەو دیاردە سەیر و سەرنجڕاکێشانەی کە ماوەی چەند ساڵێکە لە سۆشیال میدیا دەیبینم چەند هاوڕێیەکی نووسەر، وتار و ڕانان لەسەر هەندێک کتێب دەنووسن، کە شایستەی ئەو پێدا هەڵگوتنە نییە. لەسەرەتای ئەمساڵەوە چەند هاوڕێیەکم خستە ژێر چاودێرییەوە و وتار و ڕانانیان لەسەر هەر کتێبێک نووسی بێت کتێبەکەم پەیدا کردووە و خوێندومەتەوە. بەڵام تەواو پێچەوانە بووە لەگەڵ ئەو پەسەنددانەی ئەواندا. ئەمە نە جارێک نە دووجار، ئیدی نیگەرانی کردم. بە وردبوونەوەی زیاتر لە ئەو کەسانەی وتارەکەیان نووسیوە. شتێکم بۆ ڕوون بوویەوە ئەویش ئەوەیە کە بەجۆرێک لە تێکستدا هەڵدەدەن، کە هیچ نییە و مەترسی نییە بۆ سەر ئەدەبیاتەکەی خۆیان.
بەدەر لەم پێداهەڵگوتنە، هەر ئەم نووسەرانە هەوڵی شکاندنی هەندێک تێکست و کتێب دەدەن، کە کتێبی شایستەن، بەڵام ئەوان وەکو ئەدەبیاتی خراپ و لاواز دەیانناسێنن، چونکە دەزانن ئەم جۆرە لە ئەدەبیات پێگەی ئەوان لەق دەکات و پێش ئەدەبیاتە ئاساییەکەی خۆیان کەوتووە، یان دەکەوێت.
نازانم نووسەر چۆن دەتوانێت درۆ بنووسێتەوە؟ چۆن دەتوانێت لەگەڵ هەستەکانی خۆیدا درۆ بکات، یان چۆن چاوی بە داهێنانی نووسەرانی دیکەدا هەڵنایەت، بەتایبەت هاوزمانەکانی خۆی؟ ئەمە پرسیارێکی شایستەی هەڵوەستە لەسەرکردن و هاوکات ئەوەشە لەم نووسەرانەی بپرسین؟
لەوەتەی دەخوێنمەوە لەهەر شوێنێک کارێکی هونەری شایستە، تێکستێکی داهێنەرانە، پارچە میوزیک و گۆرانییەکی دڵبەر، شانۆ و فیلمێکی سەرانجڕاکێش هەبێت، ئاسوودەیی بۆ دڵم دێنن و سوپاسگوزاری نووسەر و هونەرمەند و دەرهێنەرەکانیانم. دڵخۆشم بە نووسەرێک لە ئەمریکای لاتینەوە تێکستێک دەنووسێت و من لێرە بە داهێنانەکەی دەگەشێمەوە. دڵخۆشم بەوەی لە وڵاتێکی ئەوروپی شاعیرێک قەسیدەیەکی وەکو “وێرانە خاک”، یان “گۆڕستانی دەریایی” دەنووسێت و من لێرە بەر داهێنان و جوانییەکەی دەکەوم. لە ئەفریقا، یان ئەمەریکا و ئوستورالیا هەر تێکستێکی شوێنێکی دیکەی دونیا تێکستی داهێنەرانە، موزیکی دڵبەر و شانۆی سەرانجڕاکێش هەبێت، بۆ ئێمە جێگەی شانازییە. ئیدی بۆچی چاو لە داهێنانەکانی وڵاتی خۆمان و هاوزمانەکانمان دابخەین؟ ئایا ئەمە چ لۆژیکێکی لە پشتەوەیە جگە لە ڕق لە داهێنان!
هەر تێکستێک و کارێکی هونەریی داهێنەرانە بەشێک لە ئارامیی و ئاسوودەیی ڕۆحیمان بۆ دابین بکات، ئێمە قەرزارباریین، ناڵێم پێویستە قەرزەکەی بدەینەوە، نا، بەڵام گرنگە پەسنی بدەین و هانی نووسەر و هونەرمەندەکەی بدەین. نەک تێکست و کاری هونەریی داهێنەرانە فەرامۆش بکەین، یان بشکێنین، بەڵام لەبری ئەوانە تێکستی بۆش پەسەند بدەین، ئەمە جگە لە چەواشەکاریی و ڕێونکردنی خوێنەران چی دیکەی ناودەنرێت؟
پەسەندانی تێکستی لاواز و ڕێ ونکردنی خوێنەران هیچی کەمتر نییە لە خیانەتی ڕۆشنبیریی، یان دەتوانم بڵێم ئەوە خیانەتە لە داهێنان و ڕۆشنبیریی. خیانەت هیچ نییە جگە لە ڕێونکردن و بەلاڕێدابردنی خوێنەر و بڵاوکردنەوەی چەواشەکاریی، ئیدی ئەم چەواشەکارییە لە بواری رۆشنبیریی و کولتوورییدا بێت، یان لە هەر بوارێکی دیکەدا.

