رۆژنامەی ھەولێر

70 هەزار دۆلار بۆ دروستکردنی یاریگەی مەشقی هەولێر خەرج کراوە

ئەسعەد ئیسماعیل – هە‌ولێر

 

بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی دەزگای میدیایی رۆژنامەی هەولێر تا ئەم کاتانە 70 هەزار دۆلار بۆ دروستکردن و ئامادەکردنی یاریگەی مەشقی یانەی هەولێر خەرج کراوە، لە رۆژانی داهاتوو خەرجی زیاتر بۆ یاریگەکە دەکرێت و کورسی و پەیژە بۆ هاندەران دادەنرێت، بەمەش یانەی هەولێر دەبێتە یەکەمین یانەی هەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەنی یاریگەی خۆی تایبەت بە مەشقەکان.

بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی رۆژنامەی هەولێر هەموو یانەکانی هەرێمی کوردستان و زۆربەی یانەکانی بەغدا و خواروو و ناوەڕاستی عێراقیش یاریگەی تایبەتیان بۆ مەشق و راهێنان نییە، بەڵام پارێزگاری هەولێر یاریگەی پارکی سامی عەبدولڕەحمان بۆ مەشقی یانەی هەولێر تەرخان کرد و سەرلەنوێ یاریگەکە نۆژەنکرایەوە و چیمەنی یاریگەکە بە بەرزترین کوالیتی گۆڕدرا و شوێنی هونەری و کورسی و پەیژە بۆ یاریگەکە دادەنڕێت.
جێماو کاڕەش ئەندامی دەستەی کارگێری یانەی هەولێر بە رۆژنامەی هەولێری راگەیاند لە سەرەتای مانگی داهاتوو سەرجەم کارەکانی یاریگەی مەشقی هەولێر تەواو دەبێت و رادەستی ستافی راهێنەران و یاریزانان دەکرێت بۆ ئەوەی رۆژانە مەشقەکانی تێدا بکەن.
یانەی هەولێر لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بە تۆمارکردنی 20 خاڵ پلەی حەوتەمی ریزبەندی گرتووە، بڕیارە رۆژی هەینی داهاتوو لە گەڕی چواردەمی خولەکە لە یاریی کلاسیکۆی کوردستان لە دەرەوەی یاریگەی خۆی ببێتە میوانی دهۆک.