رۆژنامەی ھەولێر

دەستێوەردانی خێرا لە کاتژمێرە سەرەتاییەکاندا جەڵتەلێدراوان لە پەککەوتن ڕزگار دەکات

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

 

جەڵتەی مێشک یەکێکە لە کوتوپڕترین و مەترسیدارترین بارودۆخە تەندروستییەکان، بەڵام دەستنیشانکردنی پێشوەختە و گەیاندنی دەستبەجێی نەخۆش بە ناوەندە پزیشکییەکان بەختی چاکبوونەوە بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرز دەکاتەوە. شارەزایانی بواری مێشک و دەمار دووپاتی دەکەنەوە کە زۆرینەی تووشبووان، لە ئەگەری وەرگرتنی چارەسەری پێویست لە کاتژمێرە سەرەتاییەکاندا، دەتوانن بە تەواوی چاک ببنەوە یان بارودۆخی تەندروستییان بە ئاستێکی بەرچاو بەرەوپێش بچێت.

د. دانا ئەحمەد عەبدوڵڵا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار ئاماژە بەوە دەکات کە چاکبوونەوەی تووشبووانی جەڵتەی مێشک پشت بە سێ فاکتەری سەرەکی دەبەستێت: خێرایی گەیاندنی نەخۆش بە نەخۆشخانە لە ماوەی کاتژمێرە سەرەتاییەکاندا («کاتژمێرە زێڕینەکان»)، جۆری جەڵتەکە و ئەو بەشەی مێشک کە زیانی بەرکەوتووە، لەگەڵ پابەندبوونی تەواوی نەخۆش بە دەرمان و دانیشتنەکانی چارەسەری سروشتی (Physiotherapy).

ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی لایەنی دەروونی
د. دانا هۆشداری دەدات کە دۆخی دەروونی ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەیە، هەم لە دروستبوون و هەم لە چاکبوونەوەی نەخۆشدا:
• لە ڕووی خۆپارێزییەوە: فشاری دەروونی و دڵەڕاوکێی بەردەوام هۆکاری سەرەکین بۆ بەرزبوونەوەی فشاری خوێن، کە مەترسیدارترین هۆکاری ڕوودانی جەڵتەیە.
• لە قۆناغی چارەسەریدا: دۆخی دەروونیی ئارام و ورەی بەرزی نەخۆش وەڵامدانەوەی جەستە بۆ چارەسەرە پزیشکییەکان چەند هێندە خێراتر دەکات.

ئایا پێویست دەکات تووشبووان ببرێنە دەرەوەی وڵات؟
بە گوێرەی وتەی ئەو پسپۆڕە، لە ئێستادا هیچ پێویستییەک بۆ بردنە دەرەوەی نەخۆش نییە، چونکە لە کوردستان و عێراق پزیشکانی لێهاتوو، ئامێری پشکنینی پێشکەوتوو و دەرمانی پێویست بەتایبەت دەرمانەکانی توانەوەی مەینی خوێن لە کاتژمێرە سەرەتاییەکاندا بەردەستن؛ پرۆسەکە تەنیا پێویستی بە دەستنیشانکردنی دروست، چاودێریی پزیشکیی ورد و دەستبەجێ هەیە.

ڕێنمایی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کەسی تووشبوو:
• لەکاتی ڕوودانی جەڵتەکەدا: هێمن بن، نەخۆشەکە پاڵبخەن بۆ ڕێگریکردن لە کەوتن و زیانپێگەیشتن و، دەستبەجێ پەیوەندی بە هێڵەکانی فریاکەوتن و ئەمبوڵانسەوە (122)بکەن، چونکە چرکەساتی خێرا لێرەدا ژیانی نەخۆش لە مردن یان پەککەوتنی هەمیشەیی دەپارێزێت.
• لە قۆناغی چاکبوونەوەدا: پێویستە دەوروبەری نەخۆش پاڵپشتی دەروونیی بەردەوام پێشکەش بکەن، لە ئەنجامدانی ڕاهێنانە وەرزشی و سروشتییەکاندا هاوکاری بکەن و، بە وردی چاودێریی وەرگرتنی دەرمانەکانی لە کاتی دیاریکراوی خۆیاندا بکەن.