سەدیق سەعید ڕواندزی
كاتێ نووسەرێك، بۆچوونی ڕەهای خۆی لە بارەی ئەدەبەوە دەخاتە ڕوو، ئەم بۆچوونە لە دوو لایەنەوە سەرچاوەی گیروگازی گەورەیە، یەكێكیان ئەوەیە كە دەرگای بۆچوونی جیاواز و گفتوگۆ بە ڕووی ئەوانی تردا دادەخات، ئەوەی تریان ئەوەیە، كە تاكڕەهەندییانە بیر دەكاتەوە و دەیەوێت بۆچوونەكەی خۆی بگشتێنێت، كە ئەمەش هەڵەیەكی مەعریفی گەورەیە چونكە ئەدەب زانست و ماتماتیك نییە، تا ڕەهایی تێدا بێت! لە ماتماتیكدا، یەك كۆ یەك، جگە لەو ئەنجامە دیاریكراوەی بە شێوەیەكی كۆنكرێتی و ڕەها هەیەتی، ئەنجامی دیكەی نییە، یان پلەی گەرمای لەشی مرۆڤ نەگۆڕە، بەڵام لە ئەدەبدا، ئەمانە بوونیان نییە، چونكە هەمیشە ئەدەب بە كۆی ژانرەكانیەوە ڕووبەرێكی كراوەیە بە ڕووی بۆچوونی دیكەدا. لە ئەدەبدا، بۆچوونەكان بەریەك دەكەون، هاودژ دەبن، دەچنە نێو یەكتری، بەڵام خاڵ و سنوورێكی دیاریكراویان نییە كە لێیەوە دوا خاڵی كۆتایی بۆ دابنرێت. ئەم تێڕوانینە بۆ ئەدەب بە كۆی ژانرەكانیەوە بە گشتی، لە دەرەوەی ناسینی ئەدەبیاتە وەك چەمكێكی جیاواز لە زانست و لۆژیك! بۆیە نابێ نووسەر یان ڕەخنەگر، بە شێوەیەكی یەكلاكەروە، ڕایەك لە بارەی تێكستی ئەدەبییەوە بنووسێت و ئیدی پێی وابێت ئەوانەی تر یان هەڵەن، یان خوێنەوەی ناتەواون، كە ئەمە لەگەڵ بنیادی دەقی ئەدەبیدا ناگونجێت، كە بە سروشت هەمیشە كراوەیە. لە كتێبی (توێكاری لە جەستەی دەقدا) كە كۆمەڵە وتارێكی جۆراوجۆری ئەدەبییە؛ نووسەری كتێبەكە، نەك بەو شێوە ڕەهایە بۆچوونەكانی لە بارەی شیعر و ڕەخنە و كولتوورەوە خستۆتە ڕوو، بەڵكو بڕوای وایە خوێنەوەكانی تر هەڵە و ناتەواون و ئەوەی خۆی جیاواز و نوێیە، لە كاتێكدا زۆربەی هەرە زۆری ئەو بۆچوونانەی ئەو لە كتێبەكەی بە تایبەتیش لە بارەی ڕەخنەی كولتوورییەوە باسی كردوون، پێشتر زۆر وردتر و ڕەخنەییانەتر و مەعریفیتر باس كراون؛ وەك ئەوەی لە كتێبی ڕەخنەی ڕۆشنبیریدا دەیبینین. نووسەری ئەم كتێبە، لە بارەی ڕەخنەگرتن لە كولتوورەوە دەنووسێت: (هەموو ڕەخنەگرتنێك لە كولتوور دەبێ سەرەتا لە ڕەخنەگرتن لە جوانیناسییەوە دەست پێ بكات)؛ بێ ئەوەی بە وردی لە بارەی پەیوەندی كولتوور و جوانی بنووسێت و بڕوا بە خوێنەر بهێنێت كە چۆن دەبێ وابێ؟ كولتوور كە لە فەرهەنگی خۆرئاوادا لە بەرانبەر چەمكی ڕۆشنبیری دێت، لە نێوەندی ئەدەبی و ڕۆشنبیریی ئێمەدا مانایەكی تەواو جیاواز و بەرفراوانتری هەیە، كە ئەمەش هەڵەیەكە و بەردەوام نووسەران لە میانەی جیانەكردنەوەیان، تێی دەكەون. لە كۆمەڵگەی ئێمەدا، حەیران و لاوك و پەند و ئیدیۆمەكان كولتوورن، بە هەمان شێوە ڕۆشنبیریی سەردەم و ڕۆمانێكی پۆستمۆدێرن و ژنكوشتن و ڕقلێبوونەوەش هەر بە كولتوور دەناسرێنرێن، چونكە ئێمە كولتوور بە كۆی سەرخانی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگە دەبینین، نەك تەنها چەمكی ڕۆشنبیری وەك ئەوەی لە فەرهەنگی خۆرئاوادا هەیە! بۆیە ڕەخنەگرتن لە كولتوور، مەرج نییە لە جوانیناسییەوە كە لقێكی فەلسەفەیە دەست پێ بكات، چونكە جوانی، هەموو كولتوور نییە، بگرە بەشێكی كەمە لە كۆی كولتوور كە دەچێتەوە نێو فەلسەفە لەوەی كولتوور. كەواتە بە كام پێوەر ڕەخنەگرتن لە كولتوور، دەبێ لە جوانی و ناشیرینییەوە دەست پێ بكات؟ زۆر جار لە كۆمەڵگەی ئێمەدا، دیاردەی ژنكوشتن بە پاساوی نامووس بە كولتووری ژنكوشتن دەناسێندرێت، ئایا هیچ پەیوەندییەك لە نێوان ژن كوشتن و جوانیناسی هەیە، تا لەو ڕێگەیەوە ڕەخنەی كولتوور بكەین؟ لە ڕاستیدا ڕەخنەگر واعیزی دینی نییە، تا قسەكانی وەك ئاماژەیەكی ئایینی و سەلەفی بچەسپێنێت، بەڵكو دەیان ڕێگە هەیە بۆ ڕەخنەگرتن لە كولتوور؛ چونكە وەك وتمان ئەم چەمكە لە كۆمەڵگەی ئێمەدا یەكسان نییە بە جوانیناسی و مانایەكی تەواو سەربەخۆ و جیاوازی لە كولتووری خۆرئاوا هەیە. نووسەر لە درێژەی كتێبەكەیدا دەنووسێت: (دەبێ شاعیر دیدی ڕەخنەیی هەبێت نەك دیدی شیعری، دیدەكەی دەبێ لەسەر زەمینەی ڕەخنەوە بێت نەك شیعر، شێركۆ بێكەس دیدی ڕەخنەییی نەبوو)؛ هەڵبەتە مەرج نییە شاعیر دیدی ڕەخنەیی هەبێت، بەڵام خۆڕسكانە ئەو دیدە شیعرییەی هەیە. شاعیران لە کەشی شیعرنووسیندا سەروكاریان لەگەڵ خەیاڵ و وێنە و ئەندێشە و بەركەوتن لەگەڵ واقیع هەیە و بگرە خۆشیان دەسەڵاتیان بەسەر کەشی شیعرنووسینیانەوە نییە، تا دیدی ڕەخنەیان بۆ شیعر هەبێت. زۆرجار شاعیران لە دواساڵەكانی تەمەنیاندا، پەشیمان دەبنەوە لە شیعرێكیان، یان بڕوایان وایە دەبوو ئەم وێنە شیعرییە بە جۆرێكی تر بووایە چونكە لە بنەڕەتدا ئەوان لە چركەساتی شیعرنووسیندا لە نێو زەمەنی شیعریدانە و هاوكات خۆیشیان بوونێكی شاعیرانەیان هەیە لەوەی فیزیكی، بۆیە ناتوانن ئەو دیدە ڕەخنەیەیان هەبێت. شێركۆ بێكەس نەك دیدێكی ڕەخنەیی و شیعرییانەی قووڵی هەبوو، بە ئاگایەوە ناونیشانی بۆ بەرهەمەكانی هەڵبژاردووە، بەڵكو یەكێكیشیە لە هەرە دیارترین زمانزان و شیعرناس، كە تاقیكردنەوە شیعرییەكانی لە شێوەی ڕۆمانەشیعر، چیرۆكەشیعر، شانۆنامە شیعر و جۆرەكانی دیكەی شیعر، گەواهی ئەو ڕاستییە دەدەن. دیدی ڕەخنەیی شاعیر بۆ شیعر، شیعر لە چوارچێوەی خەیاڵ و وێنە و ڕوئیای شیعرییەوە دائەماڵی، چونكە ئەوكات شاعیر شیعرێك دەنووسێت، دواتر وەك ڕەخنەگرێك دێت دەكەوێتە ڕەخنەكردنی دەقەكەی، تا سەرەنجام شیعر دەكاتە وتارێك لەوەی بە سروشتی خۆی شیعر بێت. بۆیە هیچ مەرج نییە شاعیرێك دیدی ڕەخنەیی بۆ شیعر هەبێت، بەڵام خۆیان دیدی شیعرییان دەبێ هەبێ، چونكە هەر شاعیرێك دیدی شیعری نەبێت، مانای وایە شاعیر نییە. نووسەری ئەم كتێبە، بەردەوام دەبێت لە بۆچوونی ڕەهاگەرەكانی لە ڕوانگەی خۆی و ئەمجارەیان دەڵێت: (دەقی كراوە بە ڕووی دەرەوەی خۆیدا كراوەیە، بەڵام دەقی داخراویش بە ڕووی خۆیدا داخراوە، دەق بەر لە خوێندنەوە كراوە نییە، خوێنەر دەق دەكاتەوە نەك دەقنووس) زۆر پێناسە لە بارەی دەقی كراوە كراون، وەك ئەوەی دەقی كراوە گەلێك جار وەها دەناسێنرێت، كە دەقێكە هەموو ژانرە ئەدەبییەكانی تیادا كۆ بۆتەوە و ژانرەكان ئاوێتەی یەكتری دەبن. بێگومان ڕەنگە هەموو دەقێك بە سروشت كراوە بێت، چونكە هەر كاتێك واتا لە دەقی شیعریدا بەرەو خاڵی كۆتایی چوو، ئیدی مانای داخرانی دەق دێت، بەڵام بە دیوێكی دیكەدا، هەموو خوێندنەوەیەك دوایین خوێنەوەی دەق نییە، كەواتە دەق هەمیشە كراوەیە، لەگەڵ ئەوەشدا دەقی داخراو مانای وا نییە دەقێكە ناتوانرێت كۆدە شاراوەكانی بكرێنەوە یان دەقێكی مردووە، یان مادامەكێ خوێنەر نەیتوانیوە پەی بە ماناكانی ببات، ئیدی ئەم دەقە داخراوە! دەشێ لێرەدا نموونە بە ئەزموونی شیعری (سەباح ڕەنجدەر) بێنینەوە. ئەزموونی ئەم شاعیرە لە ڕووی واتاوە ئەزموونێكی داخراوە، بەڵام داخراویی لێرەدا بە مانای داخراوی دەق نییە، بەڵكو داخراوی هزری خوێنەرە بە ڕووی ئەزموونەكەدا، ئەمیش لە سۆنگەی تایبەتمەندی ئەزموونەكەوە. کەواتە دەكرێ بڵێین مادام ئەزموونی ئەم شاعیرە بە ڕووی خوێنەردا كراوە نییە، ئیدی شیعرەكان دەقی داخراون؟ هەڵبەتە نەخێر و ئەم بۆچوونە زۆر هەڵەیە! بگرە ئەزموونی ئەم شاعیرە لە ڕووی كرانەوەدا هەمیشە كراوەیە بەرانبەر چەندان واتای شیعری جیاواز، کەواتە لێرەدا ئێمە لە بەردەم نادیاریی واتای شیعریداین، نەك ئەوەی شیعرەكان واتایان نەبێت، كە هەمیشە لە تێنەگەیشتنەوە لە ئەزموونەكە، ڕەنگە وەها بناسێندرێت. ئەزموونی ئەم شاعیرە، سرك و خۆبەدەستەوەنەدەرە، هەڵگری مانای شیعرییە، كاتێ خوێنەر هوشیارییەكی شیعری وەهای نییە كۆدە نهێنییەكانی ئەو ئەزموونە بكاتەوە، مانای وا نییە شیعرەكان داخراون، بە پێچەوانەوە كراوەن، بەڵام ڕێگای چوونە ناوەوەیان نا ئاشنان. کەواتە دەقی داخراو خۆی دەقێكی كراوەیە، بەڵام بە ڕووی هەموو خوێنەرێك نا، نەك ئەوەی دەقەكە هەر لە بنەڕەتەوە خۆی داخراو بێت و ئەم جۆرە لێكدانەوەیە هەڵەیە بۆ دەق. كاتێ ئێمە لە دەقەكانی نالی یان مەحوی، یان سەباح ڕەنجدەر ناگەین، مانای وانییە ئیدی دەق گەلێكن بۆ هەمیشە داخراو، چونكە ڕاستە خوێنەر تەواوكەری دەقە، بەڵام بوونی هەبێت یان نا، دەقەكە هەر هەیە. با هیچ كەسێك شیعرەكانی نالی نەخوێنێتەوە، لە ماناكانی نەگات، ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی كە نالی بسڕدرێتەوە، یان نالی وەك شاعیرێكی جواننووس هەر هەیە؟ بە پێچەوانەوە هەركاتێك ئەزموونێكی شیعری لە میانەی كرانەوەیدا بە یەك خوێنەوە و ڕاڤەكردن كۆتایی هات، ئەو كات دەقێكی داخراو و مردووە، چونكە دەقی زیندوو فرەواتایە و مانا تیایدا فرەڕەهەندە. بۆیە خوێنەر دەق دەكاتەوە، بەڵام ناتوانێت هەموو ئەوەی لە دەقەكەدا هەیە پەی پێ بەرێت. خوێنەر دەق بكاتەوە یان نا، بیخوێنێتەوە یان نا، دواجار دەق هەر هەیە و بەستنەوەی دەق بە دەقنووس و خوێنەر، شوناسی سەربەخۆبوونی دەق ون دەكات. بۆیە كاتێ خوێنەرێك توانای ئەوەی نییە دەق بكاتەوە، مانای وانییە دەقەكە داخراوە، ڕەنگە تێگەیشتنی خوێنەر بۆ دەقەكە سنووردار بێت یان لەو ئاستە نەبێت دەقەكە بكاتەوە، نەكردنەوەشی ئاماژە نییە بۆ ئەوەی دەقێكی مردووی داخراوە، چونكە هیچ خوێنەرێك نەیتوانیوە ڕاڤەی بكات، بە پێچەوانەوە ئەزموونی شیعری سەركەوتوو لەوەدایە كە مانای كۆتایی نەبێت و لە خاڵێكدا كۆتایی نەیەت.
هەر لە درێژەی كتێبەكەیدا، ئەمجارەیان نووسەر باس لە زمانی زاڵی كولتووری كوردی دەكات، كە زمانێكی نێر سالاریانەیە و لەوەشدا شیعری مەستوورەکەی نالی (كە سەدان جار قسەی لەسەر كراوە) لەگەڵ شیعری (لە دەستم دێ)ـکەی پەشێو بە نموونە دێنێتەوە و بڕوای وایە لە ئەدەبی كوردیدا ژنە شاعیرێك هەڵنەكەوت، بتوانێت سنووری ئەو زمانە تێك بشكێنێت، وەك ئەوەی نازكە مەلائیكەی عێراقی كردی، بۆیە دەنووسێت: (نێرینەیی سیمایەكی زەقی شیعری كوردییە، لە ناو كولتووری كۆمەڵگەی كوردیدا و ئافرەت هیچ ئامادەیێكی تێدا نەبووە، هیچ دەنگێكی ژنانە دەرنەكەوتووە پیشانی بدات ژن لە پەراوێزدایە)؛ زمانی نێرسالاری، هەر تەنها زمانی كولتووری كوردی نییە، هی كۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و ڕەگێكی مێژوویی و درێژی هەیە و بە هاتنی ئیسلامیش ڕەگەكە بە داخەوە پتر ڕۆچوو. عەرەبەكان بەرلەوەی ببنە موسڵمان، كچیان زیندەبەچاڵ دەكرد، بە ئێستاشەوە ژن لایان بوونەوەرێكی دیكەیە، بەڵام كولتووری كوردی، هیچ كات ژنی وەك بوونەوەرێكی جیاواز نەبینیوە. ئەدەبیاتی سەر زارەكی و نووسینی كوردی، ڕووبەرێكی گەورەی لە بارەی پێگە و جوانی و شوناسی ژن تێدایە و بگرە ژن سەرچاوەی هەزاران دەقی جوان و ڕۆمانسیانەیە لای شاعیران و ڕۆماننووسانی كورد. ڕاستە ئەو زمانەی تێكستەكانی پێ دەنووسرێت، ڕەنگدانەوەی كولتووری پیاو سالاریی كۆمەڵگەیە، بەڵام ژن تیایدا ون نییە، مەگەر كەس ئەوەندەی شاعیرانی كورد، شیعری جوانیان لە ستاییشی ژن نووسیوە؟ باسی لایەنی ڕۆمانسی و جەستەیی ژنیان كردووە؟ ئەم دوو شیعرە نەك نابنە پێوەرێكی كۆتایی بۆ ئەوەی ژن ئامادەیی نەبێت لە شیعری كوردیدا، بەڵكو بە جۆرێك لە جۆرەكان، هەردوو شیعرەكە ناڕاستەوخۆ ژن دێنەوە نێو شیعر، ڕاستە دیدی هەردوو شاعیر نەرێنیانەیە، بەڵام ئەم دیدە زادەی ئەوەیە كە ڕوویداوە. شیعرەكەی پەشێو كاردانەوەیە لە بەرانبەر ناپاكییەك كە نەدەبوو بكرابا، هەمووان دەڵێن پەشێو ژنی شكاندووە، بەڵام كەس درك بەو ناپاكییە ناكات كە لێی كراوە، كە دواجار ئەم شیعرەی لێ بەرهەم دێت. نالی وێرای ئەم شیعرە، دەیان شیعری جوانی لە بارەی ژن نووسیوە، ئەی ئەمە ناو دەنێین چی؟ گەر شیعری مەستوورە ( كە مایەی ڕەخنەكردنە) لێدان بێت لە ڕەگەزی ژن، ئەی ئەو هەموو پەسن و پیاهەڵدانەی شاعیرانی كلاسیك بۆ ژن لە شیعردا ناو دەنێین چی؟ ئێمە لە سەرەتای ئەم وتارە باسمان لەوە كرد، كە ئەدەب زانست نییە، كاتێكیش نووسەر وەك زانست تەماشای ئەدەب دەكات، دەكەوێتە هەڵەی لەو شێوەوە كە بڕوای وایە مادام شیعرێكی نالی دژی ژنە، ئیدی نالی شاعیرێكی نێرسالارە! لەلایەكی دیكەوە، لە بەرانبەر ئەو سیما نێریەتیەی شیعری كوردی، ژنی كورد بێ دەنگ نەبووە، ڕەخنەی كردووە، خەباتی لە پێناو یەكسانی و دادپەروەری كردووە، هەوڵیداوە جیاوازی ڕەگەزی نەهێڵێت، بە پێچەوانەوە چەندین ژنە شاعیری بوێر و یاخی لە شێوەی (نەجیبە ئەحمەد، مەهاباد قەرەداغی، نەزەند بەگیخانی، كەژاڵ ئەحمەد، دڵسۆز حەمە، ڤینۆس فایەق) دژ بەو سیما زەق و دیدە نێرگەرایە وەستانەوە و ژنیان نەك هەر لە پەراوێز ڕزگار كرد، بەڵكو لە ئاستی شیعریدا، هاوتای پیاویان كرد و ڕەنگە لە گەلێك شاعیری پیاویشیان تێپەڕاندبێت، بۆیە ئێمە نابێ ئەدەبی كوردی و ئەزموونی شیعری ژنە شاعیرەكانی كورد بەكەم ببینین. دواجار دەڵێم، ئەم كتێبە گەرچی وەك كتێبی ساڵ هەڵبژێردراوە، بەڵام كتێبێكی زۆر ئاساییە، بابەتەكانی نوێ و تازە و جیاواز نین، بەڵكو پێشتر زۆر لە بارەیانەوە نووسراوە.
پەراوێز:
ناوی كتێب: توێكاری لە جەستەی دەقدا، نووسینی حوسێن لەتیف، ساڵی چاپ: 2025.

