ئا: عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا
لە ئاسۆی شیعریی نارین ڕۆستەمدا، واقیع لە پێناسە تەقلیدییەکەی هەڵدەتەکێت و دەبێتە مەیدانی پێکدادانی دوو دۆخی وجودی دژبەر و لە هەمان کاتدا پێکەوەگرێدراو: یەکەم: چەمکی”مرۆڤی ڕاستی”- ئەو بوونەوەرە ڕەسەن و ناوەکییەی لە ناخی جێگیری، دڵنیایی ژوورە تاریكەکان و پانتایی سارد و بێدەنگی کۆڵانەکانی مێژوودا جێماوە. دووەم: چەمکی”مرۆڤی خەیاڵی”- بوونەوەری نێو فەزای مەجازی شاشەکان و گۆڕاوی تۆڕەکان و گومانی ژیان كە وەک دڵەڕاوكێ یان زڕەوێنە خۆی نمایش دەكات. دەتوانین بڵێین نارین ڕۆستەم، لەڕێگای ئەم دوو دۆخەوە، ناخودئاگای (مرۆڤی ڕاستی) و فریوی (مرۆڤی خەیاڵی) دەنووسێتەوە.
(کاروان کاکەسوور، لە نووسینێكدا بە ناونیشانی، بەرەواژ- لە ناونیشانەوە بۆ شێواز) دەڵێت: “كاتێكـ شیعر وەک گوتارێکی سەربەخۆ خۆی دەردەبڕێت، کە مانای شتەکان بەرەواژ بکاتەوە. ئەو پرۆسەیەش گواستنەوەیە لە دنیای شمەکەوە بۆ دنیای ئاماژە.” بەو مانایەی كە شتەکان لە دنیای شمەکدا تاکڕەهەندن و ڕاستەوخۆ لەڕێی سەرچاوەوە (ڕاستی) ماناکانیان دەگەیەنن؛ بەڵام دنیای ئاماژە لە دەسەڵاتی سەرچاوە و ئاڕاستەكردن ئازادن و لە کڵێشە و قاڵبەکان دەردەچن (دەچنە خانەی نمایشەوە)؛ هەر توخمێکیش لەو بۆشاییەوە ناسنامەی خۆی دروست دەکاتەوە، وەكـ چۆن دەتوانێ بەردەوام ناسنامەکەی تێک بشکێنێت و هیی تری لێ پێک بهێنێتەوە، چونكە لەبەرانبەر خوێندنەوە و ڕاڤە جیاوازەکاندا، کراوەیە.. (بەڵام ئیتر نارین ڕۆستەمی شاعیر بە تەنها خۆی نمایش ناكات، خوێنەرانیشی دەکاتە کاراکتەرێکی دانەبڕاو، لە وێنە شیعرییەکانیدا.)
بەمجۆرە شیعری نارین ڕۆستەم، دەبێتە زمانی ناڕاستەوخۆ بۆ خۆدەربڕین (خەیاڵی دەربڕین). فرەدەنگی و فرەڕەهەندیش بەرهەمی ئەو ناڕاستەوخۆیەیە.. كە کۆمەڵێک ئاڕاستەی جیاواز و هەندێجار دژبەیەكـ لە ئاسمانی دەقدا بەریەک دەکەون و شیعرییەت نمایش دەكەن. (مەریوان وریا قانع)، لە وارەكەی خۆی «لە فێسبوكـ» دەڵێت: « نارین لەچەند دێرێکی کەمدا دۆخێکی ئاڵۆز و فرەلایەن و پڕھێما و دەلالەتی جیاواز دروست دەکات، دوور لە دروشمبازی و زمانەوانیی فەرمی زیاتر کار لەسەر دڵەڕاوکێ، تەنهایی، خەمۆکی، و گۆشەگیریی مرۆڤی هاوچەرخ دەکات.»
شاعیر لە دەفتەرە سەیروسەمەرەكانییەوە جیهانێک لەسەر بناغەی نامۆبوون دروست دەكات، نەک لەبەر ئەوەی بڕوای بە (تێگەیشتن)ی بوونی ڕاستی نییە، بەڵکە لەبەر ئەوەی «تێنەگەیشتن» لە فەزای مەجازییدا دەشارێتەوە! لێرەوەیە دەتوانم بڵێم شاعیر لەڕێگای نمایشكردنی زڕەوێنەوە قاڵبی ڕاستی بە خەیاڵ هەڵدەتەکێنێت.
ئەلبێر کامو دەڵێت: “ئەگەر دنیا ڕوون و سازگار بوایە، هەرگیز پێویستیمان بە ئەدەب و هونەر نەدەبوو- لە ڕوانینیک لەبارەى شیعرى نارین ڕۆستەم، موحسین ئەحمەد عومەر دەڵێت: شیعری نارین ڕۆستەم، تەواوکەری ئەم پێویستییە مەعریفییەیە؛ نووسینەوەی ئەو تاریکییە نەمرەیە کە لە قووڵایی ناخودئاگادا دەجەنگێت.” هەر بەو مانایەش شاعیر بەدوای مانا لەدەستچووەكانی واقیعی تێکشکاودا دەگەڕێت (بەڵام بە نمایشكردنی جیهانی زڕەوێنە)ەوە…
هەڵبەتە شاعیر ڕستەکان لە دوای یەک ڕیز ناکات، بەڵکە نەشتەرگەرییەکی وجودی بۆ بوونەوەری (ڕاستی) بەجێماوی نێو مێژوو دەكات. بۆیە (نامۆیی) لە دەقەكانیدا تەنیاییەكی سادە نییە، بەڵکە داڕمانی (تێگەیشتن) و گوزارشتكردنە لە شكانی پەیوەندییە مرۆییەکان لەمڕۆی جیهانی (تێنەگەیشتن)دا، جیهانێک کە دڵەڕاوكێ تێیدا تاکە فریادڕەسە و (مرۆڤی بەجێماوی نێو مێژوو) تاکە وێنەیەکی دەستکاریکراو، یان بەگشتی مرۆڤ تییدا ئامێرێکە، بە ترس و دڵەڕاوكێ و نامۆیی بۆیە كراوە.
نارین ڕۆستەم لە دەقەکانیدا ڕەخنە لەو فەنتازیا بەتاڵکراو و (تێنەگەیشتن)ە دەگرێت کە مرۆڤ ناچار دەکات لەبەردەم شکستی یۆتۆپیا مەزنەکاندا، پاشەکشە بکات و وەک کیسەڵێکی کۆمبارسی زانیارییەكان بگەڕێتەوە ناو قەپێلکەكەی خۆی، بێ ئەوەی بزانێت چۆن جارێكی دیكە دێتە دەرەوە؟! شاعیر دەبێتە دەنگی ئەو دڵەڕاوكێیەی کە لەنێوان تاریکی ناخودئاگا و سێبەری ساختەی تەکنۆلۆژیادایە، بەدوای مانای ونبووی (زانیارییەكان)دا دەگەڕێت. بە كورتی ئەو جیهانەی شاعیر دەیخولقێنێت، جیهانێکی سازگار و خاوێن نییە، بەڵکە جیهانێکی تەم و مژاوییە و پڕە لە دیمەنی پێکدادانی دوو جەمسەری تاریک و زڕەوێنەیە، بۆیە لە دڵەڕاوكێ نابێتەوە.
(نارین رۆستەم سەلام)، لە ساڵی ١٩٩٢ لە گەڕەکی ئازادی شاری ھەولێر لە دایک بووە. کۆلێژی ھونەرە جوانەکان- بەشی (دەرھێنانی شانۆیی) تەواو كردووە. لە پاڵ ئەدەبیات، دە ساڵ وەک ڕۆژنامەنووسێکی ئازاد کاری ڕۆژنامەوانی كردووە. جگە لە کۆمەڵە شیعری (بەرەواژ) كە لەلایەن وەشانی نووسیارەوە ساڵی (٢٠٢١) بڵاو کراوەتەوە؛ خاوەنی کتێبێکی بچکۆلەی شیعرییە بە ناوی (پاڵەوانە کارتۆنییەکە) کە لە ساڵی (٢٠١٣) چاپ کراوە.
نارین ڕۆستەم لە چاوپێكەوتنێكدا دەڵێت: “من لەلام باشە هەتا ماوم خەیاڵ بکەم” ئەم دێڕە، سەرەڕای سادەییەکەی، هەڵگری قووڵاییەکی گەورەی وجودییە. تەنها گوزارشتێکی ئاسایی نییە، بەڵکە بەیاننامەیەکی سەربەخۆی دڵەڕاوكێیە؛ بەرگرییەکی مەعریفییە لەو مەملەکەتە ناوەکییەی کە دەتوانێت تاک لە پشێویی جیهانی دەرەوە و گوشاری هەمەجۆری ژیان ڕزگار بكات. کاتێک مرۆڤ دەگاتە ئەو باوەڕەی کە لەگەڵ خودی دڵەڕاوكێ لە ئاشتیدایە، جیهانی دەرەوە بە هەموو ژاوەژاو و قەیرانەکانییەوە بەهای خۆی لەدەست دەدات و خەیاڵ دەبێتە جۆرێک لە «پەناگەی ناوەکی»؛ خەیاڵ دەبێتە شوێنێک کە هیچ هێزێکی دەرەکی ناتوانێت دەستی بۆ درێژ بکات یان سنوری بۆ دابنێت. بەو مانایەش وشەی «خەیاڵ» تەنها وێنەیەکی تەمومژاوی وێنا ناكات، بەڵکە ماڵی نائومێدی و نیشتمانی نیگەرانی و جیهانی ڕاستییە تێکشکاوەكان دەنەخشێنێت. بۆیە «هەتا ماوم» بە زڕەوێنەوە دەژیم- کە دڵەڕاوكێ دەیەوێت. «هەتا ماوم» لەو واقیعە تێكشكاوە- مرۆڤ خاوەنی سەروەریی نییە.. «هەتا ماوم» دڵەڕاوكێ ژیانە- هەڵدەکات و هەناسە دەدات. ئەگەرچی مرۆڤ لە ژێردەستییدایە، بەڵام هەتا ماوە گۆرانی بۆ واقیعی تێكشكاو دەڵێت- بەردەوام دڵەڕاوكێ تەرجەمەی ئازادی دەكات! ئەگەرچی دڵەڕاوكێ دەیخوات، بەڵام بە دڵەڕاوكێوە خاوەنی خەیاڵی خۆیەتی و خۆی بڕیار لە نمایشكردنی وێنەكانی خۆی دەدات.
(چەند شیعرێكـ لە شیعرەكانی نارین ڕۆستەم)
«ئێکسپایەر»
بەزەیی موشتەرییەکانی نادییەک تاقی دەکاتەوە
پشیلەیەکی زەردی ئاساییە.
لە نزیک مێزی دادوەرەکە دەمیاوێنێ
دادوەر دەفتەرەکەی دەردێنێ،
ژمارەیەکی دیکە، دەخاتە سەر دادپەروەرییەکانی
کوتێكـ جگەر لە شیشەکەی بەردەمی دەکاتەوە و
بۆی ھەڵدەدات:
«لە پێناو خەڵک».
بازرگانەکە بە پشەپش…
تۆپەڵێک کلێنس بە لوولدراوی،
لە کەچاپ دەسوێ و
لە قاپێک
بە ڕێزەوە دەیخاتە بەردەمی.
زەنگی ئاگاداری نووسەرە عەبەسییەکە
لێی داوە،
کەمێکی دیکە
باڵانسی وشەی دەبێتە سفر
لە کەسانی ئەوێ دەڕوانێ
کە بۆ ئەو ھێشتا ھەوادارن:
بوتڵێک بیرە دەوەشێنێ.
پشیلە، شەلەشەل
دەکەوێتە تۆڕی یووتوبەرێک.
لە کامێرای یووتوبەر
پشیلە ھێڵنج دەدات و
گۆشت و ئێسقانی خەڵک دەتفێنێتەوە
وەرن بەبێ سڵاو…
ھەرکەس، پارچەی خۆی بباتەوە و
بژی.
*
«لاساییکردنەوە»
ئەگەر لاساییی سەندرێلام
بکردبایەوە،
کراسێکی ئاسمانیم دەپۆشی
ئەستێرەکانت…
دەبوون بە قۆپچە و لە پێمان نەدەچەقین.
ئەگەر لاساییی باتمانت
بکردبایەوە،
بێ ترسی خلیسکان..
بەسەر دیواری خەونەکاندا
بازت دەدا،
پێڵاوە دزراوەکانمت
دەدۆزینەوە و
لەژێر قەرەوێلەکەمدا داتدەنانەوە.
لاساییی تۆم و جێریمان
بکردبایەوە،
پێش کۆتایی،
دەگەڕاینەوە سەرەتا و
دوای کوژانەوەی شاشەکانیش
بە شوێن یەکتریدا ڕامان
دەکرد.
بەڵام ئێمە…
لەم هەموو پاڵەوانی فیلمە کارتۆنییە،
لاساییی کیسەڵێکی
کۆمبارسمان
کردەوە.
چاومان داخست و
گەڕاینەوە ناو قەپێلکەکانمان
ئێستا نازانین،
چۆن بێینە دەرەوە!
«فۆتۆشۆپ»
هەرجارەی ترس چڕنووکی
لە ماڵەکە گیر
دەکرد،
لەگەڵ ڕۆژباشی خۆر
دایک و کوڕەکە
دەمیان بەرەو ئاسمان دەکردەوە
تا
پەرجوویەک بکەوێتە
خوارەوە.
دوای شەوشادی خۆر…
نۆرەی باوک و کچەکە
دەهات،
بۆ دۆزینەوەی گسکێکی کارەبایی
کە ترس هەڵبمژێت…
یەکێکیان دەستی ڕاستی
زەوی و
ئەوەی دیکە
دەستی چەپی دەگرتە بەر.
کامێراکەی خوا…
بەشی ئەلبوومێک
وێنەی دووقۆڵی دایک و کوڕەکەی
بە دەمی کراوەوە
کاتێک چاوەڕوانی پەرجوون
گرتووە و
نازانێت چۆن بۆیان بنێرێتەوە!
لە کامێرای ڕۆژنامەنووساندا…
باوک
کەوتووەتە ناو خۆپێشاندانەکان و
دەستی کچیش
لە گسکێکی کارەبایی گیر بووە،
فۆتۆشۆپ نەبێت
هیچ شتێک بۆ لای یەکتریان
ناگەڕێنێتەوە.
*
« وڕک»
بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی برسێتییەوە،
واز لە شیعر دێنم.
بە سەتڵێک ئاو،
کتێبەکان دەکەمەوە بە کاغەز و
دەچمە باڵکۆن.
شێتەکەی گەڕەک
بە لایتەکەی
ئاسمان ڕووناک دەکاتەوە و
زمان لە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان دەردەهێنێت.
خاوەنماڵەکەم
کاتژمێرەکەی لەگەڵ مافوورەکاندا برد
بۆیە نازانم چەند خولەک دواتر!
گرمەیەک دێت و
پاشان دووکەڵ ..
لایتەکە
زەوی ڕووناک دەکاتەوە و
شێتەکەی گەڕەک
کەمێک لە دووریی قۆڵەکانیەوە
پشوو دەدات.
درەنگ نەبا،
جنێوم پێی دەدا و
دەمبۆڵاند:
برسیمە!
بۆ ئەوەی نەبیت بە شیعر،
زمانت ببە ژوورەوە و
پێش ئەوەی درەنگ دابێت،
بگەڕێوە بۆ ماڵەوە!
***
سەرچاوەكان:
-بەرەواژ لە ناونیشانەوە بۆ شێواز، کاروان کاکەسوور-https://www.knwe.org
-Mariwan Kanie. مەریوان وریا قانع. Facebook.
– ڕوانینیک لەبارەى شیعرى نارین ڕۆستەم، موحسین ئەحمەد عومەر، https://www.regaykurdistan.com
– ژیان لە فەرهەنگدا: نارین، دەنگی ئەمەریکا- https://www.dengiamerika.com ›
– نارین ڕۆستەم، (٢٠٢١)، بەرەواژ، چاپی یەکەم، سلێمانی، دەزگەی نووسیار.

