رۆژنامەی ھەولێر

ئینستیوتی مێدیتریانە كاریگەرییەكانی ڕێككەوتنی ئاوی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شی دەكاتەوە

“برووسك” دیاردەیەكی و كارەبایی و دیاری سروشتییە كە لە كاتی هەورەبرووسکە و هەورەتریشقەدا بەهۆی دەردانی كوتوپڕی كارەبا لە هەورەكاندا ڕوو دەدات. دەبێت چەند ڕاز و نیاز و خەم، پاڵەپەستۆ لە پشت هەر گرمەیەك، یان برووسكەیەكەوە هەبێت؟ لەوە گرینگتر دوای برووسكەكە چی ڕوودەدات!؟ بەهرۆز جەعفەر بەرپرسی ئینستیوتی مێدیتریانە یە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی -MIRS. كە دامەرزاوەیەكی كوردییە، تازەترین توێژینەوەی بە ناوی برووسكەیەك لە مێدیتریانەوە: لەبارەی ڕێككەوتنی ئاویی توركیاو لیبیاوە بڵاو كردۆتەوە، كە وێنەیەكیشی بۆ هەولێر ناردووە؛ سەرەتا ئەو نووسیوتی كە پەرلەمانی لیبیا دەنگی لەسەر ڕێككەوتنی ئاویی نێوان توركیا و لیبیا داوە، ئەمە ماناكانی، لێكەوتەكانی چۆن دەبن؟

یەكەم/ ئەوە دەنگدانی پەرلەمانی ڕۆژهەڵاتی لیبیا بوو، لە (٢٠ ی ئۆكتۆبەری ٢٠٢٦) دەنگیان بە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی ئاویی نێوان- توركیا و لیبیا داوە. لەكاتێكدا ئەم ڕێككەوتنە لە نێوان توركیا و حكومەتەكەی كە لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە لە لیبیا دانپیانراوە لە ساڵی ٢٠١٩ واژۆ كراوە، بەڵام لەو كاتەوە هێزەكانی ڕۆژهەڵاتی لیبیا بە سەركردایەتی “خەلیفە حەفتەر” ئەمەیان پەكخستبوو، ئیتر ئەوە ئەوانیش دەنگیان بە ڕێككەوتنە ئاوییەكەی نێوان ئەم دوو وڵاتەدا كە هەردووكیان دەكەونە سەر دەریای سپی ناوەڕاست (مێدیتریانە).
دووهەم/ ئایا ئەم بڕیارە گۆڕانكارییەكی گەورە لە هاوسەنگییە سیاسی و ستراتیژییەكانی دەریای ناوەڕاستدا دروست دەكات؟ بێگومان بڕیارێكی لەم شێوەیە، دەكرێت وەك بریسكە (برووسكە) یەك تەماشا بكرێت، كە گرمەگرمێكی پێچەوانە بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بەتایبەتی (زۆر بەتایبەتی) یۆنان ئەم رێككەوتنە زۆر بە بێماناو نایاسایی ناودەبات، بە دڵنیاییەوە یۆنان دژی دەبێت، كاتێك یۆنان دژیەتی، واتە بێ سێ و دوو ئیسرائیل و قوبرس دژی ئەم ڕێككەوتنەن، میسریش كە سنووری ئاویی هاوبەشی هەیە و بەشێكی كاریگەرە لە ئاسایشی وزەی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی و، بارەگای سكرتاریەتی لووتكەی گازیی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی لە قاهیرەیە (لەم لووتكەیەدا كە لە ٢٠٢٠ـەوە كارایە، هەموانی تێدان جگە لە توركیا). كەواتە یەكێتی ئەوروپاش دژی ئەم ڕێككەوتنەیە. بەتایبەتی فەرەنسا و ئیتالیا دژی ئەمە دەبن، چوونكە ئەوانەش هەم دەكەونە سەریای سپی لە سەرەوە و، ڕێككەوتتنامەی هاوبەشیان لەگەڵ وڵاتانی نائەوروپایی بۆ پاڕاستنی ئاسایش و كۆچبەر و وزە و، هتد، وەكو ڕێككەوتتنامەی بەرشەلۆنە، وەكو یەكێتی بۆ دەریای سپی (Union for Mediterranean)، تا ئەگاتە ئەم دواییە كە کۆڕبەندی گازەڵانەکانی دەریای سپییان بە چاودێریی ئەمریكا دامەزراندوە.
سێهەم/ یۆنان، قوبرس، ئیسرائیل، ڕێككەوتننامەی ئێجگار ستراتیجییان هەیە، (ئێجگار)ەكە لەوێوە سەرچاوەی گرتوە چارەنووسی ئاسایشی وزەی هەرسێكیان لەسەر ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ڕاستەوخۆ پێكەوە گرێ دراوە، هەروەك چارەنووسی ئاسایشی گشتییان لە زۆر ڕوەوە پەیوەستە بەیەكەوە. جگە لەوەی گەورەترین ڕێككەوتننامەی ستراتیجیی ئەمنی و ئاسمانی و هەواڵگریی لەنێوان ئەم سێ دەوڵەتەدا هەیە.
چوارەم/ ڕێككەوتنەكە و، دەستبردنی توركیا بۆی لەگەڵ وڵاتێكی وەك لیبیادا، هەر بەچاو و لەسەر نەخشە دیارە لەسەر حیسابی سنوورە ئاوییەكانی یۆنانە. ئەمە لەڕووی ناوچەییەوە، یەك پەیامی هەیە، ئەویش كاردانەوەی توركیایە لەبەرانبەر ئەوەی زیاتر لە پانزە ساڵە ئەویان فەرامۆشكردوە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی، لەكاتێكدا توركیا وڵاتێكی سەرەكییە لەسەر ئاوەكانی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی. ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ئەمانە دەگرێتەوە: سوریا، توركیا، قوبرس، لوبنان، ئوردون، دەستەڵاتی فەلەستین، ئیسرائیل و میسر، تا ڕادەیەكیش یۆنان. بەڵام ئەوانە هەموویان و زۆر بەتایبەت قوبرس، ئیسرائیل و یۆنان ئنجا میسر، بەشێكی گەورەو كاریگەرن لە چالاكییەكانی وزەی ناوچەكە، و هەمووشیان دژی توركیان و، سەریان بەیەكدا كردووە ڕۆژ تا ئێوارە “فسكەفسك” دەكەن، توركیاش وڵاتێكی پیشەسازیی گرینگە و پێگەیەكی مێژوویی هەستیاریی هەیەو، زۆر پێویستی بە گازی سروشتی و نەوتە و، زۆریش حەز دەكات و داوایش دەكات و هەوڵ دەدات ئەو ببێتە ڕێگەی پەڕینەوەی هێڵەكانی وزە لە ناوچەكەدا. ساڵانە توركیا لە دوو دەهەی پێشوودا نزیکەی (٤٣ بۆ ٦٠ ملیار دۆلار) گازی سروشتیی لە دەرەوە كڕیوە.
پێنجەم/ ئێستا توركیا، بەم هەنگاوەی لەگەڵ لیبیا ناوییەتی، ڕێك ئەو پەندە “گۆرانییە” كوردییە وە بیردەهێنێتەوە كە دەڵێت “سەرە- ڕێگەكەت لێ دەگرم، وەك حەمەتاڵی بانە”. بەڵام ئەم سەرە ڕێگەگرتنە وەڵامێكی نیمچە ڕەقی ئیسرائیل و قوبرس و یۆنانی بەدوادا دێت ڕەنگە مانۆڕێكی سەربازیی دەریایی بێت، ڕەنگە هەر فەرامۆشكردنی توركیا بێت، چوونكە دەزانن ئەوە پانزە ساڵە توركیا لە دەوروبەری قوبرس و كەناراوەكانی خۆی هەر كەشتی دەهێنێت و، هەر دەگەڕێت بەدوای گازدا؛ هیچی نەدۆزیوەتەوە و، نادۆزێتەوە. لەكاتێكدا میسر و قوبرس و ئیسرائیل كێڵگەكانی وەك زوهر، لێڤاسان، ئەفرۆدێت، كالیپسۆ، تامار، كاریش و، چەندینی دیكەیان دۆزیوەتەوە و كۆمپانیا فرەڕەگەزە گەورەكانی وەكو ئەكسۆن، شیفرۆن، ئێنی (ENI)ـی ئیتالیا، نۆبڵ ئینرجی، بریتش پیترۆلیۆم و، زۆری دیكە لەوێ ساڵانێكە وەبەرهێنان دەكەن. داناگازی لای خۆشمان ماوەیەكە خۆی گەیاندوەتە میسر! هەروەكچۆن زیاتر لە سێ ساڵە مۆبادەلە پێترۆلیۆمی ئیماراتی لە كەناراوەكانی ئیسرائیلدا كاری بەرهەمهێنانی گازی گرتۆتە ئەستۆ.
شەشەم/ توركیا بۆ وا دەكات؟ دەبێت وابكات، چوونكە توركیا نایەوێت وەك “دەوڵەت”ێكی ئاسایی بێت و لە سنوورێكی دیاریكراودا بێت و بڕوات! هەر زوو داود ئۆغلۆ لە “قووڵایی ستراتیجی”دا، نووسیبوی توركیا بۆ ئەوەی لە ئاسایشدا بژیێت، دەبێ ئاسایش بۆ ئەوانی دیكە دابین بكات (واتە دەبێت دەست لە كاروباری ئەوانی تردا وەربدات)، ئەمە ڕیتمێكە بە گوتار و دەربڕینی “هاكان فیدان و ئیبراهیم كاڵن”یشدا لە فۆرمێكی دیكەدا جەختیان لێوە كردوە! ئەم شێوازە لە بیركردنەوەی توركیا بوو.
حەوتەم/ توركیا ئەندام نییە لە یاسای ڕێككەوتننامە ئاوییەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان كە ساڵی ١٩٨٢ دەرچووە، بۆیە توركیا ناتوانێت ئەو ڕێككەوتنە بكات.
خاڵی هەشتەم و كۆتایی؛ لە ڕاستیدا تا دێت پێداویستی مرۆڤایەتی بە وزە زیاد و زیاتر دەكات، لەناویاندا پێداویستی جیهانی بۆ سووتەمەنییە بەردەڵاکینەكان (نەوت و گاز و خەڵوز)، لیبیا یەدەگێكی گەورە و پێگەیەكی گرینگی لەسەر نەخشەی نەوتی جیهانیدا هەیە؛ وادیارە سەركردە لیبیاییەكانیش لەم ماهیەتە تێگەیشتوونە، ئەو دوو بەرەیەی لە لیبیا چەندین ساڵ تا بە قورسترین چەكەكان شەڕی یەكدییان دەكرد، چەندین وڵاتی ناوچەیی و زلهێزی جیهانی هەریەكەیان دژی ئەوەی تریان پاڵپشتیی بەرەیەكیان دەكرد، هەریەكەو بە ئەجێندایەك پاڵپشتی بەرەی حەفتەری دەكرد دژی حكومەتی ویفاقی نیشتمانی؛ میسر و ڕووسیا و ئیمارات پاڵپشتی خەلیفە حەفتەریان دەكرد، توركیا و قەتەر پاڵپشتی ویفاقی نیشتمانی تاوەكو كۆتایی ٢٠٢٠. ئەوا ئەمڕۆكە ئیتر ئەو دوو هێزە سەرەكییە لیبیاییەش پێكەوە پرسی “وزە” و جیۆپۆلەتیك” كۆی كردنەوە و، لەگەڵ توركیا ئومێدەوارن بەشێك لە هاوكێشەكانی دەریای سپی بگۆڕن.