ئاری ئاغۆک*
خواردن وەک بنەمایەکی سەرەکی بۆ بەردەوامی ژیانی مرۆڤ تەنیا وەک تێربونێکی کاتی سەیر ناکرێ، بەڵکو بە وزەو هێزی بەردەوامی ژیانی ڕۆژانەی دادەنرێت، سودی خواردن و خواردنەوە ئێجگار زۆرن بۆ تەندروستی گشتی و گەشە و مێشک و بیرکردنەوە، بۆیە پسپۆڕانی ئەم بوارە خۆراک بەیەک هێڵ پێناس ناکەن، بەڵکو خۆراکی تەندروست بنەمای ئەو پێناسە هەڵدەگرێ کە تەنیا بۆ تێربوونی سک نیە، بەڵکو ڕێکخستنی سیستەمی جەستە و گەشە لە خۆدەگرێ، لە هەموو قۆناغەکانی ژیان دا خۆراکی تەندروست گرنگی و بایەخی خۆی هەیە، بەتایبەت لە قۆناغ و تەمەنی منداڵی، لەم ڕوانگەیەوە بۆ وەبیرهێنانەوە و دووپاتکردنەوەی خۆراکی تەندروست بۆ قوتابیان، لە ڕۆژی جیهانی خۆراکی تەندروست لە قوتابخانەکان کە هەموو ساڵێک لە ١٦ ی تشرینی دووەم لە جیهان دا ئەم یادە دەکرێتەوە، ئێمەش لە ڕوانگەی پەرۆشیمان بۆ قوتابیان، بەتایبەت لەو ٥ – ٦ کاتژمێرەی لە ناوەندەکانی خوێندنن بێگومان قوتابی پێویستی بە خۆراک و خواردن و خواردنەوەیە بۆیە دەبێت لە چوارچێوەی خواردنی تەندروست خواردنی بەسوود بخۆن.
بێگومان خۆراکی تەندروست بۆ منداڵ و نەوجەوان و هەرزەکار تەنیا وەک پێداویستییەکی سەرەتایی بۆ جەستە و تێربوون دانانرێت، بەڵکو بەشێکە لە گەشەی دەروونی و جەستەیی و توانای بیرکردنەوە، چونکە قوتابخانە وەک سەنتەری خوێندن لەگەڵ بەردەوامی خوێندن و فێربوون و زانست و زانیاری، ئەوا وەک بنەمای تەندروستباشی و لەشساغی تەواوکەری ئەو ڕێگا دروستەن کە هەنگاوی بۆ دەهاوێژن، بۆیە پێویستە لەو ناوەندە گرینگەدا، خۆراکی باش و تەندروست پێشکەش بە قوتابی بکرێت.
سەرەتا لە باخچەی منداڵانەوە دەست پێ دەکەین، چونکە قۆناغی دەسپێک و سەرەتای گۆڕانکاری هاتنە دەرەوەی منداڵ لە ماڵ بریتییە لە باخچەی منداڵان، لەم شوێنە جگە لە پەروەردەو خوێندن، خۆراک بەشێکی گرنگی ژیانی ڕۆژانەی منداڵە، لەبەر ئەوەی لە زۆربەی زۆری باخچەکان خواردن بۆ منداڵ ئامادەکرێت بۆیە لە بڕی خواردنی ناتەندروست و خواردنی خێراو سورکراوە، ئەوا پێویستە خواردنی تەندروست وەک: هێلکە، ماست، پەنیر، شیر، شەربەت بۆ ژەمی بەیانیان و برنج و شلەو ساوار و گۆشت، مریشک زەڵاتەی میوە و چەند خواردنێکی دیکەی تەندروست بۆ ژەمی نێوەڕۆ بۆ منداڵ ئامادە بکرێ و لە خشتەیەک دا ئاماژەی پێ بکرێت، چونکە لەباخچەوە دەتوانین منداڵ ڕابهێنرێت تا لە ماڵەوەش خواردنی باش و تەندروست بخوات، ئەمە دەبێتە دەسپێکێکی باش بۆ قۆناغی قوتابخانە.
لێرەدا دێینە سەر قوتابخانە کە شوێنە گرنگ و هەستیارەکەیە، بۆیە ڕوانینەکان دەبەینە فرۆشگای قوتابخانە و داوا لە بەڕێوەبەر و کارگێری قوتابخانە و خودی خاوەن فرۆشگا دەکەین، زۆر بە ووریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو ئەمانەتەی دواڕۆژ بکەن ئەویش (قوتابییە) بۆیە بە ڕەچاوکردنی ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی کە ساڵانە لە خشتەیەکی دیاریکراودا خواردنە ڕێگە پێدراو و ڕێگە پێنەدراوەکان لە لایەن وەزارەتی پەروەردەوە گشتاندنی بۆ دەکرێت، جگە لە فەرمانە کارگێری و یاساییەکە، ئەم بابەتە پەیوەستە بە (ویژدان)، بۆیە ویژدان ئەو کاتە ئاسودەیە کە مامەڵەی دروست لەگەڵ پیشەو کارەکەت دەکەی، کەواتە پێویستە خاوەن فرۆشگا بەر لە هەموو شتێک بە چاوی ویژدان لەم بابەتە بڕوانێ.
لەهەمانکات دا مامۆستا و کارگێری قوتابخانە هەمیشە هانی قوتابی بدەن بە خواردنی تەندروست و باش، دوور بکەونەوە لە خواردنی ناتەندروست چ لە قوتابخانە، چ لە دەرەوەی قوتابخانە، ئەمەش دەتوانرێ لەچەندین ڕێگەوە کاری لەسەر بکرێ وەک:
١- ڕوونکردنەوەی جیاوازی نێوان خۆراکی تەندروست و ناتەندروست.
٢- دروستکردنی پەخشنامە دەربارەی سودەکانی خواردنی تەندروست و زیانەکانی خواردنی ناتەندروست.
٣- ئەنجامدانی پێشبرکێی زانستی و ڕۆشنبیریی دەربارەی خۆراک و خواردن و خواردنەوە.
٤- هەفتانە لە گۆڕەپانی قوتابخانە مامۆستا ڕێنماییە تەندروستییەکان بۆ قوتابیان دووپات بکاتەوە.
٥- ئامادەکردنی سروود و گۆرانی و ئۆپەرێت لە لایەن مامۆستای هونەرەوە دەربارەی خۆراکی تەندروست.
٦- لەکۆبونەوەی دایبابان ئاماژە بە خۆراکی تەندروست بکرێ، چونکە قوتابخانە ڕۆڵی هۆشیاری و خێزان ئەرکی جێبەجێکردنی پەیام و ڕێنماییەکان دەبینێت.
٧- گرنگیدان بە خۆراکی باش وەک: میوە، سەوزە، دانەوێڵە، پڕۆتین، و چەورییە سودبەخشەکان سەرچاوەی سەرەکین لە دروستکردنی مرۆڤێکی تەندروستباش لە ڕووی گەشەی مێشک و جەستەیەکی ڕێک، دوور کەوتنەوە لە خواردنی خێراو ناتەندروست و پڕ لەشەکر و کاڵای خراپ.
ئەمانەو چەندین خاڵی دیکە کە لەو ڕوانین و بەرپرسیاریەتییەوە بیری لێ بکەینەوە کە لەشساغی و تەندروستباشی گەورەترین سامانی مرۆڤە، بۆیە قوتابخانە وەک گرنگترین شوێن پێویستە ئەم مژارە مرۆڤایەتییە لە نووسین و کاغەز دەربچێ بۆ کردار و تێگەیشتنی قوتابی کە خواردنی تەندروست پەیوەستە بەسەرجەم کایەکانی ژیان بەتایبەتی کە هەر خواردنێک دەخۆین ڕاستەوخۆ کار لەسەر جەستەی مرۆڤ دەکات، چەندی تەندروست و باش و گونجاو بێت، ئەوا گەشەی تەندروستی باشتر دەبێت.
بابەتێکی تر هەر لەم ڕۆژەدا پێویستە بۆ قوتابی دووپاتی بکەینەوە ئەویش بەفیڕۆدانی خواردنە، بەداخەوە لە زۆرشوێن. ماڵ، چێشتخانە، بۆنەو یادەکان ئەوا خواردنی زیاتر لە ژمارەی بەشداربوان ئامادە دەکرێ، کەچی هێندە ناخورێ، ئەمەش بەشێکە لە ناتەندروستی بۆیە پێویستە لەم ڕۆژ و یادەدا ئەم پەیامە بۆ قوتابی دووپات بکرێتەوە، ئەوانیش بیگوازنەوە بۆ ناو خێزان و کۆمەڵگاو دەوروبەر تاوەکو خواردن بە فیڕۆ نەچێت، بۆیە ناوەندەکانی خوێندن دەرفەتێکی باشە بۆ ئاماژەدان بەم ڕاستیە تەندروستییانە بۆ قوتابی و ماڵبات و خێزان، دەبێ ئەو ڕاستیەش لە بیر نەکەین کە بناغەی جەستەیەکی تەندروست و مێشکێکی بەهێز، ئەوا بەر لە هەموو شتێک خۆراکی تەندروستە، تەندروستی منداڵیش یەکسانە بە تەندروستی ژینگە و ژیان و کۆمەڵگە، کەواتە هەڵبژاردنی خۆراکی باش، واتە هەڵبژاردنی ژیانێکی تەندروست.
*بەرپرسی ژینگە و تەندروستی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر

