رۆژنامەی ھەولێر

هونەر و دەسەڵاتی لە ئازادیی داهێنان و سەردەمی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا

فەرحانی حاجی حەسەنی

لە سەردەمی هاوچەرخدا، خێرایی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و دەرکەوتنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، وەرچەرخانێکی بنەڕەتییان لە شێوازی بەرهەمهێنان، بڵاوکردنەوە و وەرگرتنی هونەردا دروست کردووە. ئەگەر لە سەردەمانێکی پێشوودا هونەرمەند بۆ ناساندن و گەیاندنی بەرهەمەکەی پێویستی بە گۆڤار، ڕۆژنامە، تەلەڤیزیۆن و دامەزراوە هونەرییە تەقلیدییەکان هەبوو، ئەمڕۆ پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان ئەو دەرفەتەیان بۆ ڕەخساندووە کە بەرهەمەکانیان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و بێ بەربەست بگەیەننە جەماوەرێکی فراوان. بەم هۆیەوە، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوونەتە ئامرازێکی گرنگ بۆ دیموکراتیککردنی بڵاوکردنەوەی هونەر و کەمکردنەوەی سنوورە کلاسیکەکانی نێوان هونەرمەند و بینەر.
بەڵام هاوتەریب لەگەڵ ئەم دەرفەتە نوێیانەدا، پرسیارێکی قووڵی ڕەخنەیی سەر هەڵدەدات: ئایا فراوانبوونی بازنەی بڵاوکردنەوە بە واتای بەرزبوونەوەی بەهای هونەری دێت؟ یان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەشێک لە پێوەرە ڕەسەنەکانی هەڵسەنگاندنی هونەریان شێواندووە و گۆڕیویانە؟
یەکێک لە دیاردە هەرە دیارەکانی ئەم سەردەمە، بەستنەوەی سەرکەوتنی بەرهەمی هونەرییە بە ژمارەی لایک، کۆمێنت و ڕێژەی بینینەوە. هەرچەندە ئەم پێوەرە ژمارەییانە دەتوانن ئاستی سەرنجڕاکێشان و کاردانەوەی خێرای جەماوەر نیشان بدەن، بەڵام هەرگیز ناتوانن بە تەنها کوالێتی، قووڵیی فکری و بەهای ئەستێتیکیی بەرهەمێک دەستنیشان بکەن. پێویستە ئەو ڕاستییە بزانین کە «بەناوبانگبوون» و «بەهاداربوونی هونەر» دوو چەمکی تەواو جیاوازن؛ زۆرجار بەرهەمێکی قووڵ دەتوانێت بینەرێکی کەمی هەبێت، بەڵام لە ڕووی داهێنان و ناوەڕۆکەوە خاوەنی بەهایەکی بەرزی هونەری و مرۆیی بێت.
لە لایەکی ترەوە، ئەلگۆریتمەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ و شاراوەیان لەسەر ئاراستەی بەرهەمهێنانی هونەر هەیە. ئەم سیستەمانە بە پێی ڕەفتاری بەکارهێنەران و ئاستی کارلێککردنیان، ناوەڕۆکەکان ڕیزبەندی دەکەن و بڕیار دەدەن کام بەرهەم زیاتر بڵاوبکرێتەوە و پیشان بدرێت. ئەمەش زۆرجار هونەرمەند ناچار دەکات ناوەڕۆک و شێوازی داهێنانەکەی لەگەڵ خواستی خێرای پلاتفۆرمەکان بگونجێنێت. لە ئەنجامدا، مەترسییەکی گەورە دروست دەبێت کە ئازادیی داهێنان سنووردار بکرێت و هونەر لە پەیامە قووڵەکەی دابماڵرێت و زیاتر بەرەو بازاڕگەرایی و سەرنجڕاکێشانی کاتی و ڕووکەش ئاراستە بکرێت.
بە تایبەتی لە بواری شانۆ و سینەمادا، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئامرازێکی کاریگەرن بۆ ڕیکلامکردن، ناساندنی بەرهەم و ڕاکێشانی بینەر بەرەو هۆڵەکان؛ بەڵام نابێت کلیپ و ڤیدیۆی چەند چرکەیی جێگەی ئەزموونی تەواو و گشتگیری بەرهەمی هونەری بگرێتەوە. شانۆ، بە تایبەتمەندییە جەوهەرییەکەیەوە، هونەرێکی زیندووە کە مانای ڕاستەقینەی خۆی لە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی نێوان ئەکتەر و بینەر و ئەزموونی هاوبەشی فەزای شانۆیی وەردەگرێت، کە هیچ شاشەیەک ناتوانێت قەرەبووی بکاتەوە.
لە کۆتاییدا، کێشە بنەڕەتییەکە لە خودی تەکنەلۆژیادا نییە، بەڵکو لە چۆنیەتیی بەکارهێنان و تێگەیشتنمانە لەو ئامرازانە. پێویستە هونەرمەند تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تەنها وەک پردێک و ئامرازێک بۆ گەیاندنی بەرهەم بەکاربهێنێت، نەک وەک پێوەرێک بۆ دیاریکردنی بەها و سەنگی کارەکەی. چونکە بەهای ڕاستەقینەی هونەر بە ژمارەی بینەر و لایک ناپێورێت، بەڵکو بە قووڵیی بیرۆکە، توانای داهێنان، بەهای ئەستێتیکی و کاریگەریی فکری لەسەر هۆشیاریی مرۆڤ هەڵدەسەنگێنرێت. هونەر زۆر لەوە پیرۆزتر و بەرزترە کە ببێتە قوربانیی هاوکێشە ژمارەییەکان و خێرایی تێپەڕینی شاشەکان.