سلێمان تاشان – هەولێر
هەولێری پایتەخت وەک ناوەندێکی گەشەسەندووی ئاوەدانی و ئابووری لە هەرێمی کوردستان، لە چەند دەیەی ڕابردوودا رووبەڕووی فراوانبوونێکی خێرای شارنشینی و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا بووەتەوە. بۆ پێشخستنی شارەکە و پاراستنی لە پیسی و بەهێزکردنی ژێرخانە ئابوورییەکەی و ژینگەکەی، پڕۆژەیەکی گرنگ و ستراتیجی لە جێبەجێکردندایە کە چەندین قۆناخ لەخۆ دەگرێت و دوێنێ یەکشەممە دەست بە جێبەجێکردنی قۆناخی دووەمی کرا.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی کونسوڵی یۆنان جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی پشتێنەی سەوزایی هەولێری راگەیاند. لەم قۆناخەدا یازدە هەزار دۆنم زەوی دەکرێتە سەوزایی و نزیکەی یەک ملیۆن و هەشتسەد هەزار نەمامی زەیتوون دەچێنرێن کە سەرجەمیان لە وڵاتی یۆنانەوە هاوردە دەکرێن.
هەڵبژاردنی دار زەیتوون و هاوردەکردنیان لە یۆنانەوە، جگە لە رەهەندە دیپلۆماسی و هاوبەشییە کشتوکاڵییەکانی نێوان کوردستان و یۆنان، خوێندنەوەیەکی زانستیی وردی لەپشتە؛ چونکە زەیتوون درەختێکی هەمیشەسەوز و تەمەندرێژە، بەرگەی گەرما و وشکەساڵیی ناوچەکە دەگرێت و پێویستییەکی کەمتری بە ئاو هەیە و کەشوهەوای هەرێمی کوردستان و پێکهاتەی خاکەکەی هاوشێوەی یۆنان بۆ زەیتوون زۆر گونجاوە.
سێ پۆندی گەورەی ئاودێری لە نەخشەی ئەم قۆناغەدا جێگیر کراوە. ئەم بەشەی پڕۆژەکە لە گوندی گەزنە لەسەر ڕێگای سەرەکیی هەولێر-دهۆک و سێبیران لەسەر ڕێگای هەولێر-خەبات، جێبەجێ دەکرێت.
دەستپێکردنی ئەم قۆناخە لەسەر بنەمای سەرکەوتنی قۆناغی یەکەمە کە لە ٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ دەستی پێکردبوو. لە قۆناغی یەکەمدا توانرا نزیکەی حەوتسەد هەزار نەمام بچێنرێت و بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، کارەکانی ئەو قۆناخە بە رێژەی لەسەدا نەوەد و پێنج بە سەرکەوتوویی تەواو کران.
ئەم خێراییە لە جێبەجێکردندا ئاماژەیە بۆ بوونی پلانێکی تۆکمەی ئەندازیاری و کارگێڕی کە وای کردووە پڕۆژەکە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا پێ بنێتە قۆناغێکی نوێ و فراوانەوە.
ئەم بەشەی پڕۆژەکە لە لایەن کۆمپانیای ناوخۆیی دۆسکی هۆڵدینگ، جێبەجێ دەکرێت، یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکانی ئەم پڕۆژەیە لە رووی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە، گۆڕینی تێڕوانینە بۆ پڕۆژە ژینگەییەکان.
پشتێنەی سەوزایی هەولێر تەنها ڕووبەرێکی سەوز نییە بۆ جوانکاری، بەڵکو پڕۆژەیەکی بەرهەمهێنەرە. کارکردن بۆ دامەزراندنی چەندین کارگەیەی تایبەت بە بەرهەمهێنانی رۆنی زەیتوون لە چوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، بازنەیەکی ئابووریی تەواو دروست دەکات، لە چاندن و خزمەتکردنەوە تا دەگاتە پیشەسازیی خۆراک و بەبازاڕکردن. ئەمەش هەلی کاری راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەڕەخسێنێت و هەولێر دەکاتە ناوەندێکی بەرهەمهێنانی ڕۆنی زەیتوون.
ئەوەی جێبەجێ دەکرێت بەشێکی بچووکە لە پڕۆژەیەکی زۆر ستراتیجی و گەورە کە لە دەرەوەی شەقامی ١٥٠ مەتری نەخشەسازی بۆ کراوە و بە درێژیی حەفتا و هەشت کیلۆمەتر و بە بەرینیی دوو کیلۆمەتر باوەش بە هەولێری پایتەختدا دەکات و وەک دایکێکی میهرەبان دەیپاریزێت. پشتێنەکە قەڵخانێکی سروشتی و سییەکی گەورەیە بۆ دانیشتووانی پایتەخت و هەناسەی پاکیان پێ دەدات.
لە ساڵانی داهاتوودا نەمامەکان گەشە دەکەن و دەبن بە دار و ئەم دیوارە سەوزە دەبێتە بەربەستێکی سەرەکی لەبەردەم شەپۆلەکانی خۆڵبارین و رەشەبادا کە لە ناوچەکانی باشوور و رۆژئاواوە روو لە شار دەکەن. جگە لەوەش، بە شێوەیەکی بەرچاو رێژەی گازی دوانۆکسیدی کاربۆن دادەبەزێنێت، پلەکانی گەرمای نێو شار لە وەرزی هاویندا کەم دەکاتەوە و هاوسەنگیی ژینگەیی و ئاوی ژێرزەوی دەپارێزێت. بەم شێوەیە، پشتێنەی سەوزایی هەولێر دەبێتە مۆدێلێکی نوێی گەشەپێدانی بەردەوام کە تێیدا ژینگەپارێزی و بووژانەوەی ئابووری شانبەشانی یەکتر هەنگاو دەنێن.
پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی ئامانجی ئەوەیە شاری هەولێر بە پشتێنەیەکی ڕووەکیی بەردەوام بە پانیی 2 کیلۆمەتر و درێژایی گشتیی 78 کیلۆمەتر دەورە بدات، کە نزیکەی 7 ملیۆن داری زەیتوون و فستەق لەخۆ بگرێت. ئەم جۆرانە هەڵبژێردراون چونکە گونجاون لەگەڵ کەشوهەوای ناوخۆیی و توانای بەرگەگرتنی وشکەساڵییان هەیە و وەک بەربەستێکی سروشتیی ژینگەیی گرنگ کار دەکەن کە هەوای هەڵگری پیسکەر و تۆز بۆ ناو شار کەم دەکەنەوە.
پڕۆژەکە پشتگیریی ڕاستەوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بەدەست هێناوە و بە سەرپەرشتیی سەرۆکی حکومەت، مەسرور بارزانی جێبەجێ دەکرێت. چەندین لایەنی حکومی و نێودەوڵەتی و کۆمەڵگەی ناوخۆیی لە جێبەجێکردنیدا بەشدارن.
یەکێک لە ئامانجە ئابوورییەکانیشی ئەوەیە؛ بەپێی مەزەندەکان، پڕۆژەکە توانای هەیە ساڵانە لەنێوان 140,000 بۆ 210,000 تەن {CO2} کەم بکاتەوە، کە داهاتێکی ساڵانەی گریمانەیی لەنێوان 1.12 ملیۆن و 2.52 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی دابین دەکات.
لەپاڵ سوودە ژینگەیی و کەشوهەواییەکان، پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی، بە شێوەیەکی بەرچاو بەشداری لە باشترکردنی کوالیتیی هەوادا دەکات و هەروەها بەڕێوەبردنی ئاو و خاک بەهێز دەکات لە ڕێگەی گۆمی دەستکرد و تەکنەلۆژیای ئاودێریی زیرەکەوە.
بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی پڕۆژەکە، ڕاسپاردە دەکرێت بە هەمەجۆرکردنی جۆرەکانی ڕووەک، بەهێزکردنی بەشداریکردنی کۆمەڵگای ناوخۆیی لە چاندن و چاککردنەوە و کاراکردنی سیستەمی پێوانە و ڕاپۆرتکردن و پشتڕاستکردنەوە (MRV).
پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی لە هەولێر لە تەنها دەستپێشخەرییەکی دارچاندن زیاترە؛ گۆڕانکارییەکی ستراتیژییە بەرەو شارێکی سەوزتر، تەندروستتر و بەردەوامتر.

