رۆژنامەی ھەولێر

هەوڵی دابەشکاری و تێکدانی قەوارەی هەرێمی کوردستان لە بیر و هزری شاری هەڵمەت و قوربانی جێی نابێتەوە

لە ساڵیادی دامەزراندنی شاری سلێمانیدا، لە کاتێکدا هەمووان پیرۆزباییان لە هاووڵاتیان و دانیشتووانی سەربەرزی ئەو شارە دەکرد، هەڵمەتێکی سیاسی و شەرمەزار کراو لەو بۆنەیەدا لە شاری سلێمانی ڕێکخرا کە ئامانجی دوولەتکردن و لەناوبردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان بوو بە کۆکردنەوەی واژۆ، هەرچەندە هەڵمەتەکە لە ژێر ناوی ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە کرا، بەڵام هاووڵاتیانی شاری سلێمانی لێی بێ بەرین و بە ئەجێندایەکی تاریک و نادروستی سیاسی لە قەڵەم درا.

بەڵێن عەبدوڵڵا، سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، لە لێدوانێکدا، لەوبارەیەوە دەڵێت؛ زەحمەتکێشانی کوردستان وەکوو لایەنە سیاسییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان خەبات و شەهیدی داوە بۆ ئەوەی کوردستان بگاتە ئەم قۆناخە، بۆیە دابەشکردنی هەرێمی کوردستان هیچ خزمەتێکی داهاتووی ئەم هەرێمە ناکات و دەستبردن بۆ ئەم بابەتە کارەسات دەنێتەوە.
دەشڵێت؛ ئێمە بڕوامان وایە لەناوخۆی هەرێمی کوردستاندا، هەر کێشە و گرفتێکمان هەبێت، دەبێت لە رێگەی گفتوگۆیەکی بەرپرسانە و لەسەر مێزی دانوستان چارەسەری هەر کێشەیەکی گەورە و بچووک بکەین؛ کێشەکانیش چەندە گەورەبن یان بچووک، دەبێت بە هاوکاریی دڵسۆزان و نیشتمانپەروەران و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بە یەکەوە بتوانین چارەسەری کێشە و گرفتەکانی خۆمان بکەین.
ڕاشیگەیاند؛ خراپی دۆخی هەرێمی و ناوچەکە، لەگەڵ ئەو فشارانەی لە عێراقەوە بۆ سەر هەرێمی کوردستان هەن، کۆبوونەوە و گفتوگۆی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، تاکە رێگەچارەی ناکۆکییە ناوخۆییەکانە.
وتیشی؛ وەک حزبی زەحمەتکێشان بەمنزیکانە داوا لە حزب و لایەنە سیاسییەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی دەکەین بۆ ئەوەی هەوڵەکانمان چڕ بکەینەوە لەپێناو چارەسەری ئەو کێشانەی هەن، تا لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکەی رێک بکەوین و گفتوگۆ لەگەڵ پارتی و یەکێتی بکەین، ناڵێم ناوبژیوانی، چونکە دەستەواژەیەکی جوان نییە، چونکە ئێمەش خاوەنی ئەم پرسەین و خەبات و شەهیدمان لەپێناو ئەم نیشتمانە داوە تا گەیشتووینەتە ئەم قۆناخە، بۆیە ئێمەش وەک پارتی و یەکێتی لەم وڵاتە بەرپرسیارین، داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەم بۆ چارەسەری کێشەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆ ببینەوە.
لەو بارەیەوە، ئەبوبەكر كاروانی سیاسەتمەداری كورد، رایگەیاندووە؛ لەگەڵ یادی شكۆداری دامەزراندنی سلێمانیدا، كەسانێك بەناوی كۆمەڵگەی مەدەنییەوە، هەڵمەتێكی واژووكۆكردنەوەیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان دەست پێ كردووە.
كاروانی پێی وایە، ئەم كارە بەدەر لە دەرەنجامەكانی و لە خودی خۆیدا، لێدانێكی قووڵی مێژوو و ڕۆڵ و كەسێتی مەعنەویی ئەم شارە زیندووەیە.
باس لەوەش دەكات، ئەو هەڵمەتە پێشاندانیەتی وەك شار و مەڵبەندێكی بێ ناسنامە و قووڵایی و پەیام و هیچ هەستێكی ئەخلاقی و تێگەیشتنیكی قووڵ و ڕاستەقینە، بۆ كەرامەتی خۆی و ڕۆڵەكانی و نەتەوەكەی.
عەزیز رەوف، ڕۆژنامەنووس و مامۆستای زانکۆ، لە نووسینێكی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك باسی ئەو شەرمەزارییە دەكات كە كۆمەڵێك ماوەیەكە دەستیان داوەتێ و دەڵێت؛ ئەمانە بوونەتە جێبەجێكەری پرۆژەیەكی درێژخایەنی داگیركەران.
ئەو ڕۆژنامەنووسە باس لەوە دەكات قانیع شاعیری گەورەی كورد كە چەندان هۆنراوەی دژ بە داگیركران نووسیوە و دەڵێ: (قوڕ بەسەر ئەو دوژمنەی هیوای بە بەندیخانەیە)، بەڵام ئیستە كورد بە دەستی خۆی واژوو دەكات بۆ گەڕانەوەی ئەو بەندیخانەیە.
ئاماژەی بەوەشداوە، دوای زیاتر لە 60 ساڵ لەبەردەم پەیكەرەكەی قانیع لە سلێمانی واژوو كۆدەكرێتەوە بۆ گەڕانەوەی هیوا بە داگیركەران و فەرامۆشكردنی ڕۆڵ و كاریگەرییەكانی شاعیران و شۆڕشگێڕانی كورد.
لە كۆتایشدا عەزیز رەوف ئەوەشی گوتووە، من دەپرسم: ئیستە قانیع زیندووبێتەوە چی دەڵێ؟
مەشخەڵ كەولۆسی، ڕۆژنامەنووس و چاودێری سیاسی، دەنووسێت؛ لۆگۆی کەناڵی جەزیرە دەچوو بەناو دەریایەکدا و دەهاتە دەرەوەو ئاوی لێ دەتکا.
دەڵێت؛ لە ساڵانی 2000، کەناڵێکی کوردی ویستبووی تەقلیدی ئەو ئەنیمەیشنە بکات و، لۆگۆی خۆی بکات بەناو ئاودا و بیهێنێتە دەرەوە، جا هەر ئەوەنەی بیلا مەعنا کردبوویان بەناو ئاوەکەدا، ئیتر بۆیان نەهاتبووە دەرەوە. جا مەلەسەی هەرێم و دەستوریش ڕێک وایە، دەستور پێمان دەڵێت چۆن ببینە هەرێمێک، بەڵام قەد پێمان ناڵێت چۆن لەهەرێمێک بێینە دەرەوە.
وەلحاسڵ دەستوریش وەکو ئەنیمەیشنەکە وایە. هەر ئەوەنەی بویت بە هەرێم، پێت ناڵێت چۆن بێیتە دەرەوەو هەرێمی تر دروست بکەیت.
“ڕامیار مەحمود، شاعیر و نووسەر، بە توندی شەرمەزاری ئەو هەوڵەی کردووە و دەنووسێت؛ ئەبێت مێشكی ئەو ئینسانانە چی تێدا بێت؟ دەچن واژوو بۆ دابەشکردنی هەرێم دەکەن؟ ئەی ئەو میدیاکار و نووسەرانە!