ڕائیب جادر – هەولێر
مەترسی چەکدارانی داعش لە ناوچە کوردستانییەکان، بەتایبەتی لە سنووری کەرکووک سەریھەڵداوەتەوە، دەیان خێزانی کورد لە چەند ڕۆژی ڕابردوو کۆچیان کردووە و ماڵەکانیان جێھێشتووە، ھەر ئەوەش وای کردووە دانیشتووانی ئەو ناوچانە بەردەوام داوای گەڕانەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە بکەن بۆ پاراستنی سەقامگیری و ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی تیرۆر و پشێویی ئەمنی.
داعش جارێکی تر لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم سەریھەڵداوەتەوە و جموجۆڵیشیان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، ئەوەش بەھۆی ئەو بۆشاییە تەناھییەی لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق دروست کراوە.
ناوچە جێناکۆکەکانی وەکو کەرکووک، خورماتوو، خانەقین، مەخموور، شنگال و دەشتی نەینەوا بەھۆی چالاکیی چەکدارانی داعش و تێکچوونی دۆخی ئەمنی، دانیشتووان و جووتیارانی ئەم ناوچانە پێداگری لەسەر جێگیرکردنەوەی پێشمەرگە دەکەن بۆ پاراستنی زەوی و زار و ئارامیی ناوچەکە.
لەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە زیاتر لە ٣٨٠ ھەزار دۆنم زەوی لە ڕۆژئاوای کەرکووک ھەڕەشەی تەعریبکردنیان لەسەرە، خەڵکی ئەو سنوورە چاویان لەوەیە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان فریای ئەو ناوچانە بکەوێت.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کار بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان دەکات، باشترین چارەسەریش بۆ ئاسایکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، جێبەجێکردنی قۆناغی یەکەمی ماددەی ١٤٠ ی دەستووری عێراقە، بە تایبەت دۆخی پارێزگای کەرکووک و دەوروبەری، ھەروەھا لابردنی واقیعی سەپێندراوی ئەمنی، ئیداری، سەربازی و دیمۆگرافی دوای ١٦ ی ئۆکتۆبەر.
دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکۆتبەری ساڵی ٢٠١٧ لە بەشێکی زۆری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان بەھۆی سستی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بۆشایی تەناھیی دروست بووە و داعش وەک ڕێکخراوێکی تیرۆرستی بەردەوام ھەڕەشەی سەرھەڵدانەوە دەکات.
لە دەشتی نەینەوا خەڵک وەکو پێویست نەگەڕاوەتەوە، ئەوەش لەبەر نەبوونی ھێزی پێشمەرگەیە لەو ناوچانە، خەڵکی ئەو ناوچانە دەڵێن، ئەگەر ھێزی پێشمەرگە نەگەڕێتەوە ناوچەکە سەر و ماڵمان پارێزراو نابێت، بەوەش ناچار دەبین جارێکی دیکە ئاوارە ببینەوە و ڕوو لە کەمپەکانی ھەرێم بکەینەوە، ئەوەش لەبەر ئەوەیە ئێمە باوەڕمان بە حکوومەتی عێراق نەماوە و مامەڵەی حەشدی شەعبی لەگەڵ ئێمە خراپە، ئەوەش وای کردووە نەک خەڵک بگەڕێتەوە، بەڵکو ئەو خەڵکەی کە گەڕاوەتەوە جارێکی دیکە ئاوارە ببنەوە، بۆیە داوا دەکەین ھەرچی زووە ھێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە، بۆ ئەوەی سەر و ماڵمان پارێزراو بێت.
پێش دوو شەو، بەھۆی چوونی ھێزێکی زۆری ئەمنی بۆ پردێ و ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ چەکدارانی داعش، دۆخی ئەمنیی ناوچەکە شڵەژا، لەو چوارچێوەیەدا ھاووڵاتییانی شارەدێیەکە داوا دەکەن ھێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە سنوورەکەیان بۆ ئەوەی سەر و ماڵی دانیشتووانەکەی بپارێزێت. وەکو خۆیان دەڵێن، بارودۆخەکە زۆر خراپە و لە دڵەڕاوکێیەکی زۆردایین، بە ترسەوە لە ماڵەکانمان دێینە دەرەوە، شەوان ئەگەر دوا بکەوین دێنە گیانمان و کەڵکی ئەوەی نییە شەوان لە دەرەوە بین.
ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، بارودۆخەکە ھیچ باش نییە و بۆشایی ئەمنی ھەیە، داوا دەکەین ھێزی پێشمەرگە لەگەڵ سوپای عێراق ئەو بۆشاییە ئەمنییە پڕ بکەنەوە، چونکە ئەمە ژیان نییە خەڵکی پردێ تێیدایە، زۆربەی گوندەکانیش بەھۆی ئەو بۆشاییە ئەمنییە و دۆخی مەترسیداری ناوچەکەوە چۆڵکراون.
بە دووری دوو بۆ سێ کیلۆمەتر لە پردێوە بۆشاییەکی ئەمنیی گەورە ھەیە کە لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ـی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ـەوە دروست بووە، ئەو ناوچەیە بەھۆی بوونی زەویی بەرفراوانی کشتوکاڵی، کۆنتڕۆڵکردنی ئاسان نییە و زۆرجار چەکدارانی داعش بە مانگ لە نێو پوش و پاوانی زەوییە کشتوکاڵییەکاندا خۆیان دەشارنەوە.
ئێستا کەرکووک وەکو سەربازگەیەکی گەورە لێ ھاتووە، خەڵک لەناو زیندانێکی گەورەدا دەژین، پڕۆژەی خزمەتگوزاری نییە، بارودۆخی ئەمنی خراپە، ڕۆژانە خەڵک خانووی خۆیان دەفرۆشن و ئاوارەی ناوچەکانی دیکە دەبن. نازم سەردار، شارەزای بواری سەربازی، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: بۆ ئەوەی چارەسەری دۆخی تەناھیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان بکرێت، پێویستە ھێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ ئەو ناوچانە و بەھاوئاھەنگی لەگەڵ سوپای عێراق ئەوناوچانە بەڕێوەببەن.
ئاشکراشی کرد: ئەگەر بارودۆخەکە ھەر بەو شێوەیە بمێنێت کەرکووک خراپ دەبێت و ڕۆژانە تەقینەوە ڕوودەدات، کۆشتن و ڕفاندن زۆر دەبێت، ئەوەش وا دەکات کە شارەکانی دیکە بکەونە ژێر ھەڕەشە و مەترسیان بکەوێتە سەر، بۆیە چارەسەر بۆ کەرکووک، نەمانی داعش و گرووپە چەکدارەکان ئەوەیە کە ھێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە و ھێزێکی ھاوبەش لە ھەموو پێکھاتەکان دروست بکرێت، چونکە کەرکووک بۆ پاراستنی پێویستی بەو ھێزانەیە، نەک حەشدی شەعبی، یان ھێزێک کە لە نەتەوەیەک پێک بێت، کە توانای پاراستنی ئەو شوێنانەی نەبێت، بۆیە پێویستە پێشمەرگە بگەڕێتەوە و ھێزێکی ھاوبەش ھەبێت بۆ پاراستنی سەر و ماڵی ھاووڵاتییان.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە جددی کار بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکان دەکات، ئێستا ھەنگاوی کردەیی لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران دەستی پێکردووە، ئەم پرسە تەوەرێکی گفتوگۆکانی نێوان ھەولێر و بەغدایە، چونکە بە لای حکوومەتی ھەرێم بەردەوامی ئەو دۆخە نەخوازراوەی لەو ناوچانە ھەیە، جێگای قبوڵکردن نییە. حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: ئەگەر دۆخی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بەم شێوەیە بمێنێتەوە، ئەوا ڕووداوی نەخوازراوی لێدەکەوێتەوە و جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ یش بە باشترین ڕێگە دەزانین.
بابەکر زێباری، ڕاوێژکاری سەربازی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، پێشتر بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت بوو، زۆربوونی جموجۆڵی داعش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بۆشایی ئەمنی ھەیە و داعش توانیویەتی خۆی ڕێکبخاتەوە جارێکی دیکە، بۆیە گرنگە ھێزی ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ھەموو ناوچەکان بڵاوەیان پێ بکرێت.
بابەکر زێباری، گوتیشی: ھەوڵەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی ئەو ناوچانە ئاسایی بکرێنەوە، ھەروەھا لەماوەی ڕابردووش کۆبوونەوە بۆ ئەو مەبەستە کراوە و ھاوپەیمانانیش ھاوکارن و بەردەوام لەسەرخەتن، بۆ ئەوەی کێشەی ئەمنی ناوچە کوردستانیەکان چارەسەر بکرێن، چونکە دۆخی ئەو ناوچانە زۆر خراپە، بۆیە پێویستە نەک تەنیا لە کەرکووک بگرە لە ناوچەکانی دیکەش ھێزی ھاوبەش ھەبێت بۆ ئەوەی بتواندرێت کۆنتڕۆڵی دۆخەکە بکرێت.
زێباری، ڕوونیشیکردەوە: ئەگەر ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت ھەموو کێشەکان چارەسەر دەکرێن، ئەگەرنا دۆخەکە بەوشێوەیە بەردەوام بێت زۆر لەوەی ئێستا خراپتر دەبێت و کۆنتڕۆڵکردنی ئەستەمە.

