رۆژنامەی ھەولێر

دادگای فیدراڵی داواکاری راگرتنی بڕیارەکانی دانیشتنی دووەمی پەرلەمانی کوردستانی رەتکردەوە

بەپێی نووسراوی فەرمی دادگای فیدراڵی عێراق، بە سەرۆکایەتیی دادوەر مونزیر ئیبراهیم حوسێن و ئامادەبوونی ئەندامانی دادگاکە، دوای تاوتوێی دوو داواکاریی فەرمانسالاریی خێرای (ئەمری وەلائی) لەسەر دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان هەردوو داواکارییەکەی رەتکردەوە.

داواکاریی یەکەم بە ژمارە (263/فیدراڵی/فەرمانسالاری/2026) لەلایەن ئاسۆس عەلی ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دژی هەریەک لە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کرابوو.
لە داواکارییەکەدا ئاماژە بەوە کرابوو، ئەمرێکی وەلائی دەربکرێت بۆ راگرتنی جێبەجێکردنی سەرجەم دەرئەنجام و بڕیارەکانی دانیشتنی 4ـی تشرینی دووەمی 2026ـی پەرلەمانی کوردستان، تاوەکو یەکلاکردنەوەی سکاڵای ژمارە (263/فیدراڵی/2026) تایبەت بە تانەدان لەو دانیشتنە و بڕیارەکان و ئەو پێکهاتانەی لێیەوە دروست بوون.
لە نووسراوی دووەمیشدا بە ژمارە (264/فیدراڵی/فەرمانسالاری/2026)، محەممەد سلێمان محەممەد وەک سەرۆکی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ، داواکارییەکی لە دژی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کردبوو.
محەممەد سلێمان داوای کردبوو ئەمرێکی وەلائی بۆ راگرتنی کاریگەری، رێکار و بڕیارەکانی دانیشتنی 4ـی تشرینی دووەمی 2026ـی پەرلەمان دەربکرێت تاوەکو یەکلاکردنەوەی سکاڵای ژمارە (264/فیدراڵی/2026). هاوکات عەلی کامیل رەسووڵ وەک پارێزەر بریکاری هەردوو داواکارەکە بووە.
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لە بڕیارەکانیدا ئاماژەی بەوە دا، دوای وردبینی و تاوتوێکردن دەرکەوتووە دەرکردنی ئەمری وەلائی بەپێی ماددەی 151ـی یاسای دادبینیی مەدەنیی ژمارە 83ـی ساڵی 1969ـی هەموارکراو، پێویستی بە بوونی دوو مەرج هەیە، ئەوانیش مەرجی بەپەلەیی و دەستنەبردنە بۆ بنەڕەتی ماف.
دادگاکە روونی کردەوە، هیچ کام لەو دوو مەرجە لە داواکارییەکانی هەردوو داواکارەکەدا بەدی نەهاتوون و بەم هۆیەوە شایانی رەتکردنەوەن. هەربۆیە دادگای باڵای فیدراڵی بە زۆرینەی دەنگ و وەک بڕیارێکی کۆتایی و یەکلاکەرەوە، بە پشتبەستن بە ماددەی 94ـی دەستووری ساڵی 2005ـی عێراق و بڕگەی دووەم لە ماددەی پێنجی یاسای دادگای باڵای فیدراڵیی ژمارە 30ـی ساڵی 2005ـی هەموارکراو، بڕیاری دا هەردوو داواکارییەکە رەتبکاتەوە.
بە بڕوای چاودێرانی سیاسی، دوای ئەم هەنگاوە باشترین چارەسەر بۆ دەرچوون لە چەقبەستوویی سیاسی، گەڕانەوەی لاینە سیاسییەکانە بۆ دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان و دیاری کردنی لیژنەکانی پەرلەمان.