رۆژنامەی ھەولێر

سەرۆکی حکومەت: ڕووبەڕووی هەموو هەوڵێک دەبینەوە كە هەرێمی كوردستان دابەش و لاواز بکات

ئەمڕۆ یەکشەممە 11/15، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، قۆناخی دووەمی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر دەستی پێكرد.

لە گوتارێكدا، سەرۆكی حكومەت ئاماژەی بە گرنگیی پرۆژەكە و ڕۆڵی لە پاككردنەوەی کەشوهەوا و ژینگەی شاری هەولێر و دەوروبەری كرد و سوپاسی سەرجەم ئەو كەسانەی كرد كە لە پرۆژەكەدا كاریان كردووە. هەروەك سوپاسی حکومەتی یۆنان و كونسوڵی گشتیی یۆنانی كرد بۆ هاوكاریكردنی پرۆژەكە.

لە بەشێكی دیكەی گوتارەكەیدا سەرۆكی حكومەت، جارێكی دیكە سەركۆنەی ئەو هێرشەی كرد كە كرایە سەر كێڵگەی (كۆرمۆر) و داوای لە حكومەتی فیدرال كرد، سەرجەم ئەوانە بە سزای خۆیان بگەیەنێت كە هێرشەكەیان ئەنجام داوە و ئەوانەیشی لە پشتیانەوە بوون.

هەروەك باسی لە هەوڵەكانی لەتكردن و لاوازكردنی هەرێمی كوردستان كرد و ڕاشكاوانە ئەوەی خستە ڕوو كە بە هەموو هەوڵ و توانایەكەوە، بە پشتیوانیی خوا و خەڵكی دڵسۆزی كوردستان، ڕووبەڕووی ئەو جۆرە هەوڵانە دەوەستنەوە.

ئەمەش دەقی گوتارەكەیە:

بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان

بەڕێزان ئامادەبووانی هێژا

سوپاسی ئامادەبوونتان دەكەم ئەمڕۆ لەگەڵ ئێمە بۆ بەشی دووەمی پشتێنەی سەوز و چاندنی زیاتر لە ملیۆنێك و 800 هەزار نەمام كە ئەمە دەبێتە بەشێكی تر لەو پرۆسەیە بۆ سەوزكردنی دەوروبەری هەولێر و شارەكەمان، تاوەكوو ئەوەی لە دەستمان بێت بۆ چاككردنی كەشوهەوا، بۆ چاندنی دار و دارستانەكان، بەردەوام بین.

ئەمە هەوڵێكی زۆر پیرۆزە، كارێكی زۆر باشە، لە چەندین لایەنەوە دەتوانێت سوود بە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بگەیەنێت، لە لایەكەوە چاندنی دار و دارستان لە ڕووی ژینگەییەوە شتێكی گرنگە كە دەتوانێت ژینگە بپارێزێت، ئاوو هەوا چاكتر بكات و پاكتر بكات، ببێتە شوێنێك بۆ حەوانەوەی خەڵك لە كەشوهەوایەكی گونجاوتردا، ژینگەیەكی باشتر بۆ ئێمە دەستەبەر بكات. لە لایەكی ترەوە، لە ڕووی هەلی كارەوە چەندین كەس دەتوانن لێرەدا كار بكەن و زۆر لەو نەمام و دارانەی كە لێرەش دەچێندرێن، بەرهەمدارن، كەواتە لە ڕووی خۆراكیشەوە دەتواندرێت سوودیان لێ وەربگیرێت و ئەوانە دەكرێ كارگەی بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتوون تێیاندا دروست بكرێت كە ئەوانەش دیسان بخرێتەوە خزمەتی خەڵكی كوردستانەوە.

ئەوەی جێی دڵخۆشییە دەبینم كە چۆن پێشمەرگە قارەمانەكانمان لە بەرەكانی جەنگدا پارێزگاریی لە وڵاتەکەمان و خەڵكی كوردستان دەكەن، لێرەش هاوشان لەگەڵ خۆبەخشە خۆشەویستەكان، لێرەن بۆ چاندنی ئەو نەمامانە كە هەروەك باسمكرد، ملیۆنێك و 800 هەزار نەمامی ترە لەسەر رووبەری 10 هەزار دۆنم و سێ پۆندیشی تێدایە. ئەوە جێی دەستخۆشییە، من داواتان لێدەكەم هەموومان سوپاسێكی گەرمی ئەو خوشك و برا پێشمەرگە و خۆبەخشانە بكەین و دەستخۆشییان لێ بكەین، زۆر زۆر سوپاس بۆ ئێوە.

ئەمە نیشانەی نیشتمانپەروەرییە، دڵسۆزییە بۆ گەل و وڵاتەكەت. من جاری پێشتریش لە سەرەتای دەستپێكردنی ئەم پرۆژەیە، باسمكرد كە چاندنی دار و درەخت چەند دەتوانێت كاریگەریی لەسەر كەشوهەوا و ژینگەی كوردستان دروست بكات.

هیوامان وابوو ئێمە بتوانین بە هەموو جۆرێك، ئەو پرۆژانەی دەستمان داوەتێ بەردەوام بین لێی و نەیەڵین بە هیچ جۆرێك كێشە و گرفت بۆ تێكدانی ژینگە دروست ببێت.

كە دەهاتمە خوارەوە لە پیرمام، زۆرجار دەمبینی ئاووهەوای هەولێر زۆرجار دووكەڵێكی زۆری تێدایە، ئەمە پێشتر لەبەر ئەوەی زۆر لە مۆلیدەكان كە كاریان دەكرد دووكەڵێكی زۆریان دەدایە شارەكە، دوای ئەوەی كە چەندین پرۆژەمان دەست پێكرد، یەكێكیان پرۆژەی (ڕووناكی) بوو لەوەی كە كارەبای 24 كاتژمێری بەرهەم بهێنین و بخرێتە خزمەتی هەموو هاووڵاتیان، ئەمە كاریگەرییەكی زۆری لەسەر پاككردن و خاوێنكردنەوەی ئاووهەوای شاری هەولێر و هەموو شارەكانی كوردستان دروست كرد. لە لایەكی ترەوە بە سەوزكردنی شار و شارۆچكەكانمان و كوردستانمان، دەمانتوانی دیسان یارمەتییەكی زیاتری پاككردنەوەی ژینگە بدەین كە بۆ تەندروستیی هاووڵاتیانیش زۆر زۆر پێویستە. بەداخەوە چۆن پێشتر هەوڵی بڕینی دارستانەكان لە هەرێمی كوردستان دراوە بۆ ئەوەی ژیان لە هەرێمی كوردستان زەحمەت بكەن، ئێستاش دەستێكی ڕەش دیسان هەوڵی تیرۆركردنی كوردستان دەدات بۆ ئەوەی ئەو ژێرخانە پێویستەی كە دەكەوێتە خزمەتی خەڵكی كوردستان، لەناو بەرن. پەلاماردانی كۆرمۆر و لێدان لە ژێرخانی كارەبا كە بەرهەمی كارەبا بۆ هاووڵاتیانی كوردستان بەرهەم دێنێت، ئەمە تاوانێكە بەرامبەر بە هەموو خەڵكی كوردستان و هەموو خەڵكی عێراقیش.

داوا دەكەین ئەو لێژنە تایبەتەی كە دانراوە بۆ لێكۆڵینەوە، لە كاتێكی زوودا بگەنە ئەنجام تا هەم ئەوانەی تاوانیان كردووە و هەم ئەوانەی لە پشتی تاوانەكەشن، ئاشكرا بكرێن و بیاندەن بە دادگا و بە سزای یاسایی خۆیان بگەن، ئەمە تاوانە بەرامبەر بە خەڵكێكی بێگوناح، بەرامبەر بە هەموو خەڵكی كوردستان و بە هیچ جۆرێك ئەم جۆرە تاوانانە نابێ قەبووڵكراو بێت.

داوامان ئەوەیە، هەرچیش پێویست بێت بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین یارمەتیی ئەم جۆرە لێكۆڵینەوانە بدەین، ئێمە ئامادەیی خۆمان دەربڕیوە و بۆ ئەمەش لەگەڵ حكوومەتی فیدرالی لەسەر هێڵین و بەردەوام قسە دەكەین.

لە لایەكی ترەوە بەڕێزان، من دەمەوێ ئەوە بڵێم كە پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان، ئاوەدانكردنەوەی هەرێمی كوردستان، ئەركێكی نیشتمانیی هەموومانە، لە لایەكەوە هەوڵ دەدەین رۆژانە پرۆژە دروست بكەین بۆ ئەوەی ژیانی خەڵك بەختەوەر بێ، بۆ ئەوەی یارمەتیی خەڵكەكە بدەین. لە لایەكی ترەوە ئێمە لە هیچ شتێك سڵ ناكەینەوە بۆ ئەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان بپارێزین و ڕێگریی لە دابەشكردنی قەوارەی هەرێمی كوردستان بكەین. بە هەموو هەوڵ و توانای خۆمانەوە، بە پشتیوانیی خوای گەورە و خەڵكی دڵسۆز و نیشتمانپەروەری كوردستان، ڕووبەڕووی هەموو هەڵمەتێك دەبینەوە كە هەرێمی كوردستان دابەش بكەن و لاوازی بكەن.

پێشتر كەمكردنەوەی سنوور و ڕووبەری كوردستان و گۆڕینی دیمۆگرافی لە كوردستان، وەكوو سیاسەتێك لە لایەن رژێمەكانی پێشووترەوە پەیڕەو دەكرا، ئێستاش بە هەر جۆرێك بێت كە هەرێمی كوردستان لاواز بكرێت یانیش وڵاتەكەمان لەوە زیاتر دابەش بكرێت، بەڕاستی داوام لە هەموو خەڵكی كوردستان ئەوەیە و دڵنیاشم هەر كوردێك، هەر كوردستانییەك دڵسۆز بێ، نیشتمانپەروەر بێ، ڕووبەڕووی ئەو هەڵمەتە دەوەستێتەوە كە دەیانەوێ هەرێمی كوردستان دابەش بكەن.

ئێمە بە هەموو توانای خۆمانەوە لە خزمەتی ئێوە دەبین و بەردەوام دەبین بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی زیاتر، بۆ سەوزكردنی كوردستان، بۆ دروستكردنی كەشوهەوایەكی گونجاوتر، بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتییان. هەر شتێكیش لە دەست ئێمە بێت لە حكوومەتی ئێمە بتوانین بەردەوام بین، بێگومان درێخی ناكەین.

لێرەدا سوپاسی حكومەتی یۆنان و بەڕێز كونسوڵی گشتیی یۆنانیش دەكەم كە نوێنەرایەتیی یۆنان دەكات كە یارمەتیی ئەم پرۆژەیان داوە و ئەم نەمامانە لە وڵاتی یۆنانەوە هاوردە كراون بۆ هەولێر كە لێرە ئێمە بتوانین ئەم پرۆژەیە بە سەركەوتوویی تەواو بكەین.

سوپاسی كۆمپانیای (دۆسكی هۆڵدینگ)یش دەكەم كە ئەركی جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیەیان بە دەستەوەیە، دەستخۆشییان لێ دەكەم، هیوادارم هەموو سەرمایەدار و بازرگان و ئەو كەسانەی كە توانای دارایی و ئیمكانیاتی ئەوەیان هەیە ئەم جۆرە پرۆژانە جێبەجێ بكەن، بێنە پێشەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان یارمەتیدەریان دەبێت، ئاسانكارییان بۆ دەكات، نەك تەنیا ئەم جۆرە پرۆژانە، بەڵام هەر پرۆژەیەكی تر كە لە خزمەتی هاووڵاتیانی كوردستاندا بێت، ئێمە پشتگیریی لێ دەكەین، ئاسانكاریی بۆ دەكەین، یارمەتیشیان دەدەین و دەستخۆشیشیان لێ دەكەین.

هیوادارم نموونەتان زۆر بێت، ئینشائەڵا كوردستانمان رۆژ بە رۆژ بەرەوپێشەوە بچێت، ئاوەدانتر بێت، سەوزتر بێت، خەڵكی ئێمە بەختەوەرتر بن و سەلامەتتر بن و كوردستانمان ئاوەدانتر بێت.