رۆژنامەی ھەولێر

حەوت پزیشکی کورد لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی پلەی یەکەمیان بەدەست هێنا

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

 

لە ڕێوڕەسمێکی فەرمیدا لە قاهیرەی پایتەختی میسر، حەوت پزیشکی پسپۆڕی هەرێمی کوردستان لەلایەن ئەنجوومەنی عەرەبی بۆ پسپۆڕییە تەندروستییەکان خەڵاتی ڕێزلێنانیان پێ بەخشرا، ئەمەش دوای ئەوەی توانیان لە خولی ساڵی ٢٠٢٥دا پلەی یەکەم لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی لە پسپۆڕییە جیاوازەکاندا بەدەست بهێنن.

لە باڵەخانەی سەرەکیی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی لە شاری قاهیرەی پایتەختی میسر، ئاهەنگی دەرچوون و ڕێزلێنان بۆ دەرچووانی یەکەمی خولی ساڵی ٢٠٢٥ی ئەنجوومەنی عەرەبی بۆ پسپۆڕییە تەندروستییەکان (بۆردی عەرەبی) بەڕێوە چوو. جێگەی دڵخۆشی و شانازییە کە لە کۆی ٥٢ پزیشکی پسپۆڕ کە لەسەر ئاستی هەموو وڵاتانی عەرەبی پلەی یەکەمیان بەدەست هێنابوو، حەوت پزیشکیان کورد بوون و بە فەرمی خەڵات کران.
د. هێرش قادر دەربەندی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو کە یەکێکە لە پزیشکە یەکەمەکان، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: لەلایەن کۆمکاری وڵاتانی عەرەبییەوە لە باڵەخانەی سەرەکیی کۆمکارەکە لە قاهیرە خەڵاتی ڕێزلێنانمان پێ بەخشرا، ئەمەش لە پای بەدەستهێنانی پلەی یەکەم لە خوێندنی پسپۆڕی لە بوارە جیاوازەکاندا.
د. هێرش ئاماژەی بەوەش کرد کە لە کۆی زیاتر لە ٤٠٠ پزیشکی ڕاهێنراوی بواری هەناو لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی بۆ خولی ٢٠٢٥، توانیویەتی پلەی یەکەم بەدەست بهێنێت. ناوبراو باسی لەوەش کرد کە هاوکات لە ساڵی ٢٠٢٠دا و لە کاتی دەستپێکردنی خوێندنی پسپۆڕایەتیی هەناودا، لە تاقیکردنەوەی پێشبڕکێی وەرگیران لە بۆردی عەرەبی بە هەمان شێوە بە پلەی یەکەم وەرگیرابوو.

ناوی ئەو حەوت پزیشکە پسپۆڕە کوردەی پلەی یەکەمیان لە بۆردی عەرەبی بۆ ساڵی ٢٠٢٥ بەدەست هێناوە:
1. د. هێرش قادر دەربەندی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو
2. د. هێلین برهان، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست
3. د. زاریا شێروان، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون
4. د. عەلی ئیبراهیم، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی میزەڕۆ
5. د. بەیار عەبدوڵڵا، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی میزەڕۆی منداڵان
6. د. هەورین عوسمان، پسپۆڕی بێهۆشکاری
7. د. عومەر لوقمان، پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان