رۆژنامەی ھەولێر

لە کاتی نەخۆشیدا، سنوورێکە نابێت ببەزێنرێت

بەکر کەریم حەسەن

 

(ئیمانوێل كانت) فه‌یله‌سوفی گه‌وره‌ى ئه‌ڵمانى ده‌ڵێ “مرۆڤ‌ خۆی له‌ خۆیدا ئامانجه، نه‌ك هۆكارێك بۆ گه‌یشتن به‌ شتێكی تر”.
له‌ مێژووی هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌كدا، هه‌میشه‌ كه‌سانێك هه‌بوونە‌ به‌ هۆشیاری ئازایه‌تى خزمه‌ت. پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تى یان سه‌ركردایه‌تییان. چرایه‌كیان بۆ خزمه‌تكردنى ڕێگه‌ى گشتی هه‌ڵكردووه‌. ئه‌و مرۆڤانه‌ى له‌ كاتى توانا و ته‌مه‌نی كارا و كاریگه‌رى خۆیان جێگه‌ى ڕێز و پێگه‌ى مه‌زن بوون. شوێن په‌نجه‌یان له‌ خزمه‌تكردن و ناوبانگی دره‌وشاوه‌ بووه‌، به‌ڵام سروشتی مرۆڤ بەگشتی (پیاو و ژن) وایه‌ كه‌ ته‌مه‌ن هه‌ڵده‌كشێت و یانیش نه‌خۆشی و ناخۆشی به‌رۆكی ده‌گرێت و جه‌سته‌ى شه‌كه‌ت و لاواز و ماندوو ده‌بێت و نه‌خۆشی ده‌بێته‌ میوانى هه‌میشه‌یی. ئه‌وه‌ كۆتایی هه‌ر مرۆڤێكه‌، نه‌ك خاڵى لاواز بۆ ئه‌وه‌ى بڕیاری له‌ سه‌ر بدرێت. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ سه‌رده‌می ئێستاى سۆشیال میدیا و ته‌كنه‌لۆژیادا دیارده‌ده‌یه‌كی نامۆ و چاولێكه‌ری و ناشارستانی و بێویژدانى سه‌ری هه‌ڵداوه‌. هه‌ندێك كه‌س كاتێك سه‌ردانى نه‌خۆش ده‌كه‌ن یان ئه‌و كاته‌ى ئه‌و نه‌خۆشه‌ له‌ حاڵه‌تێكی كز و ناخۆشدایه‌ و جه‌سته‌ى ته‌واوى داهێزراوه‌ و لەخۆی بێزارە له‌سه‌ر جێگا كه‌وتووه‌. به‌بێ ڕه‌چاوكردنى هیچ پڕه‌نسیپێكی ئه‌خلاقی و مرۆڤدۆستانه‌ و بێبه‌زه‌ییانه‌ وێنه‌ى نوێی ئه‌و نەخۆشە له‌و دۆخه‌ خراپ و نه‌خوازراوه‌ له‌گه‌ڵ وێنه‌ى خۆت به‌ پۆشته‌یی بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌. ئه‌وه‌ ته‌نها سه‌رپێچی نییه‌ له‌ یاساكانى تایبه‌تمه‌ندیی به‌ڵكو سووكایه‌تیكردنێكی ڕوون و بێشه‌رمانه‌یه‌ به‌ مێژوو و شكۆی ئه‌و مرۆڤه‌، کە لەگەل هیچ ئەتەکێتی سەردەمانە یەک ناگرێتەوە.
ئایا ڕه‌وایه‌ كه‌سێك ته‌مه‌نێك خزمه‌تی كردبێت خاوه‌ن ناو و پێگه‌ و شكۆ و ڕێز بووبێت. ئێستا له‌به‌ر ئه‌وه‌ى نه‌خۆشی جه‌سته‌ی لاواز كردووه‌ و كزمه‌لوول بووه‌ بكه‌وێته‌ به‌رده‌ستى كامیره‌ی كه‌سانێك كه‌ ته‌نها بۆ كۆكردنه‌وەی لایک و کۆمێنت و لافلێدان ئاماده‌ن کەرامەتى مرۆڤه‌كان لەکەدار بکەن، سه‌ردانى نه‌خۆش نه‌ریتێكی پیرۆزه‌ به‌ گشتی ئامانجه‌كه‌ى ته‌نها دڵدانه‌وه‌ و خه‌مخۆری و هاوبه‌شى و نهێنی پارێزی و ڕێزگرتنه‌ له‌و مرۆڤه‌ى كه‌ له‌و ساته‌دا له‌ دۆخێكی هه‌ستیاردایه‌. به‌ڵام كاتێك ئه‌و ئه‌ركه‌ مرۆڤدۆستانه‌یه‌ ده‌گۆڕێت بۆ مۆدیلێكی نمایشی بۆ ڕاكێشانی سه‌رنجی خه‌ڵك به‌هه‌ر مه‌به‌ستێك بێت. ئه‌وه‌ نیشانه‌ى داڕمانی هەست و پەیوەندییەکانە بە گشتی، ده‌كرێ سه‌ردانه‌كه‌ ئەنجام بدرێ و ئاماژه‌ به‌ ناوى نه‌خۆش بكرێ به‌ڵام وێنه‌ى ئێستاى دانه‌نرێت، چونكه‌ به‌دڵنیایی خانه‌واده‌ و كه‌سوكار و خزم و ئازیزانى نیگه‌ران و خه‌فه‌تبار ده‌بن كه‌ ببینن وێنه‌ى ئازیزی ئه‌وان به‌نه‌خۆشی و لاوازی دانراوه‌ كه‌ مایه‌ى به‌زه‌یی بێت، چونكه‌ هیچ كه‌س قبوڵ ناكات كه‌سى تر به‌زه‌ییی پێدا بێته‌وه‌. ته‌نها خوداى گه‌وره‌ (أرحم الراحمین)ـه‌.
كۆمه‌ڵگه‌ى وشیار و به‌ئاگا و ساخ ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌یه‌ كه‌ ڕێز له‌ ساتی لاوازیی ئه‌ندامه‌كانى ده‌گرێت، نه‌ك له‌ كاتى داڕمان و نه‌خۆشی و ناخۆشی بیانقۆزێته‌وه‌ بۆ كات به‌سه‌ربردنی خه‌ڵكی لە تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان. کەرامەتی مرۆڤ پیرۆزه‌ و پاراستنی ئه‌و پیرۆزیه‌ش ئه‌ركێكی ئه‌خلاقی و مرۆڤدۆستانەی هه‌موومانه‌.
فه‌یله‌سوفه‌كان پێیان وایه‌ مرۆڤ له‌ كاتى نه‌خۆشیدا له‌ بێده‌سه‌ڵاتترین دۆخی خۆیدایه‌. پاراستنی تایبه‌تمه‌ندی و وێنه‌ى گشتى ئه‌و له‌و كاته‌دا به‌رزترین ئاستی رێزگرتنه‌ له‌ مرۆڤبوونى و پیادەکردنی ئەتەکێتی کۆمەڵایەتی هاوچەرخە، سه‌ردانى نه‌خۆش بۆ هاوسۆزی و دڵنه‌واییه‌، نه‌ك بۆ وێنه‌گرتن و نمایشکردنى ئازاری خه‌ڵك.
شكۆی مرۆڤ له‌ كاتى نه‌خۆشیدا له‌ هه‌موو كاتێك زیاتر پێویستى به‌ پاراستنه‌، بڵاوكردنه‌وه‌ى وێنه‌ى ئه‌وان له‌كاتى لاوازی و نه‌خۆشی نابێ بکرێتە كه‌ره‌سته‌ى تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و برینداركردنی هه‌ستى خانه‌واده‌ و ئازیزانیان و خەڵکی خاوه‌ن‌ویژدان؛ پاراستنی ڕێز و كه‌سایه‌تى و هه‌ستى نەخۆش و دڵدانەوەی لە پێش هه‌موو شتێکەوەیە.